Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

دیالکتیکی بژاردە و پێکهاتە

21/05/2018 | 23:18:27
+A
-A
حەسەن شێخانی

یەکێک لەو باسانەی لە مێتۆدۆلۆژیی شرۆڤەدا گرینگە، پێوەندیی چالاکی(«کنش»، ئەکشن) و پێکهاتە، ئیدە و پێکهاتە، یان کارگوزاری و پێکهاتە و بە شێوەیەکی دیاریکراوتر، بژاردە و پێکهاتەیە. زۆر جاران لە شرۆڤەی ڕووداوەکاندا یەکیان پشتگوێ ده‌خرێ و ئەو پێوەندییە ئۆرگانیکەی لە نێوانیاندا هەیە، ڕەچاو ناکرێ. پرسیار ئەوەیە پێوەندیی ئەو دووانە چۆنە؟ کامیان بەسەر ئەوەی دیدا ئەولەوییەتی هەیە؟ لە بنەڕه‌تدا پێوەندییان چ ڕۆڵێکی لە شرۆڤەی ڕووداوەکاندا هەیە؟
لەم وتارەدا سەرەتا بە شێوەیەکی گشتگیرتر و تیۆریکتر، باسی ئەکشن و پێکهاتە دەکەین کە شێوە و فۆڕمی جیاجیا و جیاوازی لە ڕەوتی ئەندێشە و شرۆڤەدا وەرگرتووە و بە شێوەیەکی کورت ئاماژەی پێ دەکەین. دواتر بە شێویەکی دیاریکراوتر و لەژێر تیشکی باسه‌ گشتییه‌که‌دا، پێوەندیی نێوان بژاردە و پێکهاتە شی دەکەینەوە کە تا ڕادەیەک فۆڕمی ئاکامیگیریش وەردەگرێ.
سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئەکشن و پێکهاتە، ئێمە دەتوانین بەگشتی سێ تیۆری و ڕێچکەی فکریی جیاواز ئاماژەیان پێ بکەین:

پێکهاتەگەرایی پەتی
ئەم ڕوانگەیە ڕۆڵێکی سەربەخۆ بۆ چالاکی و ئەکشنیی مرۆڤ قایل نیە. لەم ڕوانگەیەدا مرۆڤ واسیتەیەکە کە سترۆکتۆرەکان لە ڕێگەی وییەوە ڕۆڵ دەگێڕن. لێرەدا بۆ ئەوەی باسەکە بە چاکی شی بکەینەوە، دوو تیۆری لە یەکتر جیا دەکەینەوە: ئەلف: ڕیالیزم(واقعگەرایی)، کە وێڕای نادیدەنەگرتنی ڕۆڵی چالاکیی مرۆڤ، لەسەر کاریگەریی پێکهاتەکان پێ دادەگرێ. ڕیالیستەکان ڕۆڵی بژاردە یان چالاکیی مرۆڤ، دەخەنە پلەی دووەمەوە و لە شرۆڤەی دیاردە و ڕووداوەکاندا قورسایی و ئەولەوییەت بە پێکهاتەکان دەدەن. ب)ڕوانگەی پێکهاتەگەرایی ڕەها، کە کاریگەریی مرۆڤ لە دروستکردنی چارەنووسی خۆی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ مرۆڤ بەرهەمی ژینگەی خۆیەتی. واتە لەنێوان پێکهاتە و ئەکشنیی مرۆڤدا، پێوەندییەکی یەکلایەنەی ویشک وێنا دەکا و پێکهاتە بە بنەما و ئەکشنیی مرۆڤ بە ڕووکار و ڕۆتین لەقەڵەم دەدا. ماتریالیزمی فۆیرباخی ڕێک لێرەدا جێ دەگرێ. چونکە پێوەندییەکی یەکلایەنەی ویشک لەنێوان پێکهاتەی ماددی و سەرخانی سیاسی و ئایدۆلۆژیکدا وێنا دەکا؛ پێوەندییەکی هۆکاریی چارەهەڵنەگر لەنێوان بنەمای ماددی و سەرخانی سیاسی، ئایدۆلۆژیک و ئەندێشەی مرۆڤدا وێنا دەکا. ڕوانگەی ئاکامگەرایی مێژوو، ئەوەی کە کارێل پوپێڕ، پێی دەڵێ «هەژاریی تاریخیگەری»‌ش، لەم خانەیەدا جێ دەگرن. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، مێژوو لەسەر بنەمای لۆژیکی ناوەکی بەرەو ئاکام و دواهاتێکی دیاریکراو هەنگاو دەنێ، کە مرۆڤەکان تەنیا لەنێو ئەو ڕەوتەدا، کە هێڵە سەرەکییەکانی بەپێی مەنتقی گوورانی مێژوو، دیاری دەکرێ، ڕۆڵ دەبینن. واتە مرۆڤەکان دەچنە پشتی شانۆی مێژووەوه‌. مارکسیزم لە فۆڕمە ڕووسیەکەیدا، بە قۆناغبەندیی کردنی مێژوو، پێوەندییەکی هێڵی لە ڕەوتی مێژوودا دەستنیشان دەکا، کە دواجار لەوپەڕی بەرەوپێشچوون و گوورانی خۆیدا بە کۆمۆنیزم دەگا. لەم فۆڕمە لە مارکسیزمدا، بنەمای ماددی دینامیزم و بەرەوپێشبەری مێژوویە، کە بە شێوەیەکی چارەهەڵنەگر، لە کۆمۆنە سەرەتاییەکانەوە دەست پێ دەکا و دواجار بە کۆمۆنیزم کۆتایی دێ. لەم ڕەوتەدا ئەندێشەی مرۆڤ و سەرخانی سیاسی و ئایدۆلۆژیک بە بەرگی ئەو بنەما ماددیە دەچوێندرێن، کە بەپێی گووران و گۆڕانی، ئاڵوگۆڕ لە سەرخاندا مسۆگەر دەکا. لێرەدا پێویستە بگوترێ کە هەموو پێکهاتەگەراییەک ناچێتە چوارچێوەی پێکهاتەخوازیی کۆنسێرڤاتەوە. چونکە فۆڕمێک لە پێکهاتەخوازی(مارکسیزم)، شۆڕشگێڕانەیە. لە مارکسیزمدا پێکهاتەی ئابووری بەپێی لۆژیکی ناوەکیی خۆی دەگوورێ و فۆڕم، ڕواڵەت و بەرگێکی نوێ دەخوازێ. وەک جەستەی مرۆڤ کە بەپێی ڕەوتی گەشە و هەڵدانی، جلکی گەورەتر دەخوازێ.

ئیرادەگەرایی ڕەها
ئەم تیۆرییە ڕۆڵی پێکهاتەکان وەلا دەنێ و پڕۆسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەر بنەمای مەبەست، نیەت و تێگەیشتنەکانی فاکتەری مرۆیی بەشدار لە ڕووداوەکاندا تەتەڵە دەکا. بەم تیۆرییە دەتوانین بژاردەگەراییشی پێ ‌بڵێین. تیۆری شۆڕشگێڕی بەگشتی، لەم خانەیەدا جێ دەگرێ؛ چونکە لە تیۆری شۆڕشگێڕیدا، ئەکشنیی مرۆڤ و ڕۆڵی بژاردە بە بنەما وەردەگیرێ، کە بەسەر پێکهاتەکاندا زاڵ دەبێ و دەیانگۆڕێ. دیارە گوتمان بەگشتی نەک بەتەواوی پێویستە ڕەچاوی ئەم جیاوازییە بکرێ.

دیالکتیکی ئەکشن و پێکهاتە
لەنێوان ئەم دووانەدا پێوەندییەکی دوولایەنە و دینامیک هەیە. لە ڕوانگەی ئانتۆنی گیدێنزەوە، پێکهاتە و کارگوزاریی مرۆڤ، پێوەندییەکی ناوەکی یان تێکچڕژاوی ئانتۆلۆژیکیان هەیە؛ بەیەکەوە گرێدروان و بە کارلێکی دوولایەنە بە یەکتر فۆڕم دەدەن؛ دوو ڕووی دراوێکن. پێکهاتەکان هەم لەلایەن مرۆڤەوە پێک دێن، هەم لە هەمانکاتدا فاکتەری شکڵگرتنی خودی چالاکیی مرۆڤیشن. واتە هەم ئاکامە و هەم فاکتەر و هۆکار. ئەمە پێی دەگوترێ «ئانتۆلۆژیی سێهەم» یان «رێگەی سێهەم». رێگەی سێهەم لە تایپی پێشکەوتووتری‌دا، ڕوانگەی ئیستراتژیک_ ڕێژەیی «باب جسۆپ»ی لێ دەکەوێتەوە. ئەم ڕوانگەیە پێوەندییەکی دینامیک لەنێوان پێکهاتە و کارگوزاریی مرۆڤدا وێنا دەکا و لە ئەولەوییەت‌دان بە یەکێکیان خۆی دەبوێرێ. واتە پێی وایە کە لەنێوانیاندا کارلێکی دیالکتیکی و رێژەیی بوونی هەیە، کە بەپێی هەلومەرج و پێگە و قورسایی هەرکام لە دووانە، یەکیان ڕۆڵی ئەسڵی و کاریگەرتر دەبینێ و قورسایی زیاتر وەردەگرێ. بەکورتی ئەم ڕوانگەیە لە ئەولەوییەت‌دانی پێشوەختە بە یەکێکیان خۆی دەبوێرێ.
باسی ئەکشن و پێکهاتە، لە فۆڕمێکی دیکەشدا خۆی دەردەخا، کە ئەویش ئیدەئالیزم و پێکهاتەگەراییە. لە ئیدەئالیزمدا، بوون، ناسین و گۆڕان لە ئیدەوە دەست پێ دەکا. واتە ئیدە بنەما، دەستپێک و پێشەکییە و ئۆبژە سەرخان و ڕواڵەتە. لەحاڵێکدا لە پێکهاتەگەراییدا ئاڵۆگۆڕ و گۆڕان لە لە پێکهاتەکانەوە دەست پێ دەکا و لە ئەندێشەدا ڕەنگ دەداتەوە؛ ئەندێشە سەرخانی پێکهاتەیە، ئیدە سەرخانی ئۆبژەیە. واتە لێرەدا دیالکتیکی هێگێل بەراوەژوو دەکرێتەوە و بە گوتەی مارکس لەسەر لاقی دادەنرێ. لە ئیدەئالیزمدا ئەندێشە و ئایدۆلۆژی ڕۆڵی بنەمای هەیە، بەڵام لە پێکهاتەگەراییدا ئەندێشە و ئایدۆلۆژی سەرخانی پێکهاتەیە و لێکەوتەی ئەون؛ هەڵبەت لە هەندێک خوێندنەوەدا لێکەوتەیەکی ویشک نا، کە ڕای زۆرینە لە بواری بیر و فەلسەفەدا ئەوەیە کە مارکس لەم خانەیەدا جێ دەگرێ؛ چونکە ڕۆڵێکی سەربەخۆش بۆ ئەندێشەی مرۆڤ قایل بوو. ئەوە لە ماتریالیزمی فۆیرباخی و تایپە ڕووسیەکەی مارکسیزم دایە کە سەرخان دەبێتە پاشکۆیەکی بێ‌ئێڕادەی ژێرخان.

بژاردە و پێکهاتە، وەک ئاکامی ئەم نووسینەش
بژاردە و پێکهاتە پێوەندییەکی دوولایەنە و دینامیک و ئۆرگانیکیان هەیە. بژاردە لە بۆشاییدا بیچم و فۆڕم ناگرێ، بەڵکوو لەنێو کۆمەڵگە و لە بەستێنی سیاسی، جڤاکی، کولتووری و ئابووریی دیاریکراودا گەشە دەکا و سەرهەڵ دەدا. بژاردە لە بۆشاییدا کار ناکا، بەڵکوو لە چوارچێوەی بەستێنەکاندا دەجووڵێتەوە؛ واتە بەربەستگەلێک لەسەر ڕێی هەن. بەڵام خاڵێک کە نابێ لێی خافڵ بین و، تایبەتمەندیی بژاردەبوونیشە، ئەوەیە کە بژاردە ڕەنگدانەوەی سادەی پێکهاتەکان نیە. لەبنەڕەتدا بژاردە کەسێکە کە تاڕادەیەک بەرلە پێکهاتەکانی مەوجوود بیر دەکاتەوە و دەجووڵێتەوە. بژاردە سەرکەوتووەکان، کەسانێکن کە لە بەستێنی ئەو چوارچێوە و بەربەستانەدا، دەتوانن کاریگەر بن و پێشکەوتن بێننە ئاراوه‌. ئەگەر وا بیر نەکەینەوە هەم واتای بژاردەبوونمان بردۆتە ژێر پرسیار، هەم لە داوی پێکهاتەگەرایی دەکەوین، کە ڕێگەی پێشکەوتن بەربەست دەکا و بەرهەمهێنانەوەی دۆخی ئارایی لێدەکەوێتەوە؛ چونکە ئەو دەکەینە پاشکۆی پێکهاتەکان و، تایبەتمەندیی سووژەبوونی لێ‌وەردەگرینەوە.
بەگشتی ئەم پێکهاتەگەراییە موحافیزەکارانەیە، نەتەنیا ڕێگەی پێشکەوتن بەربەست دەکا، بەڵكوو پێشکەوتنەکانی تائێستاش ناتوانێ شیکاری بکا. بژاردە وەک مرۆڤێک بەرهەمی کۆمەڵگە و نەریتەکان و ڕابردوویە، بەڵام بە دابڕان و قڵەمبازیی ئێپستمۆلۆژیک، دەبێتە فاکتەرێکی گرینگیی بەرەوپێش‌چوونی کۆمەڵگە.
بەکورتی مرۆڤ لە بەستێنی پێکهاتەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێ، ئەوەی کە چەندە دەتوانێ کاریگەر بێ وگۆڕان دروست بکا، بۆ بەهێزیی خۆی و لەباربوونی هەلومەرجەکان دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەکان:
-‌عقل و سیاست: سی‌و‌پنج گفتار در فلسفە، جامعەشناسی و توسعەی سیاسی، حسین بشیریە، تهران، نشر نگاه معاصر،١٣٨٢
-‌کالین های، درآمدی انتقادی بر تحلیل سیاسی، ترجمە احمد گل‌محمدی، نشر نی، چاپ دوم، ١٣٩
-‌هرمنوتیک مدرن، گزینە جستارها، نشر مرکز، چاپ دوم، ١٣٧٩
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)