کچە ڕۆژنامەنووسێکی کورد، بانگ کرا بۆئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و، هاووڵاتییەکی دیکە لە سەقز دەسبەسەر و کەسێکی دیکە بۆ بەندیخانەی شنۆ گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، کچە ڕۆژنامەنووسێکی کورد بە ناوی “دڵنیا مەحموودی”، تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری سنە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە بانگ کرا.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نیزیک لە ناوبراو ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و هۆکارەکەشی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی ناوبراو بووە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش لێکۆڵینەوە لەو کچە ڕۆژنامەنووسە، هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردووە کە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەندنەکانی دەرەوی ئێران نەکا.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی “زەکریا تەها” بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانە زیندانی ناوەندیی شاری شنۆ کرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی “هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران”، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلاب لە شاری شنۆ، هەر بەو تۆمەتە دادگایی و بە یەکساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کراوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بۆ ماوەی ٣ مانگ لە گرتووخانەی شاری شنۆدا بووە.
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “فاروق فیرووزی” دەرچووی ڕشتەی شیمی، خەڵکی گوندی قەیلسوونــی شاری سەقز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا.
بە قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش و پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە و چارەنووسی ناڕوونە.