زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی (ناسراو بە مام زرار) نووسەر و تێکۆشەرێکی دێرینی کورد و یەکێک لە خەباتکارانی سەردەمی کۆماری کوردستان لە سنووری شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ مام زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، نووسەر، پێشمەرگەی دێرین و تێکۆشەری لە مێژینەی گەلی کورد کە لەهەر دوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان تێکۆشانی هەبووە، کۆچی دوایی کرد.
مام زرار یەکێک بوو لە پێشمەرگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و ناوبراو پاشان لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی ، بە پێی هەلومەرجی سەردەم ڕووی لە یەکیەتیی سۆڤیەت کرد .
مام زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی لە یەکیەتیی سۆڤیەتی ئەو کات، وێڕای کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، درێژەی بە خوێندن داوە.
ئەو تێکۆشەرە دێرینە لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لە گوندی دەرگەڵەی سەر بە سۆران لە دایکبووەو دوای تەمەنێک خزمەت و تێکۆشان بە هۆی بە ساڵاچووییەوە بەرەبەیانی یەکەشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەڕ لە تەمەنی ٩١ ساڵەی ماڵاوایی لە ژیان کرد.