دادگای ئینقلاب لە شاری ورمێ حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی تێلگرامیی کورد داسەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، چەند ڕۆژ پێش کەسێک بە ناوی فەروخ عەبدی”، چالاکی تێلگرامی خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلاب لەو شارە حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
یەکێک لە نیزیکانی فەروخ عەبدی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: “ئەو چالاکە کوردە، کە بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی “ئامانج” بووە بە تۆمەتی”پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ساڵێک زیندان و هەروەها بە تۆمەتی “بێڕیزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە”.
ئەو حوکمە بە شێوەی ڕەسمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و ئێستا لە زینداندا ڕاگیراوە.
بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە شاری قێشم دەسبەسەر و پاشان بۆ گرتنگەی ئیتلاعات لەو شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کاناڵی تێلگرامی “ئامانج” هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بڵاو دەکاتەوە و ئارمانجی لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان “پاراستن و ناساندنی فەرهەنگ و وێژەی کوردی” ڕاگەیاندووە.