بە پێی هەواڵێک کە لە شاری بانەوە بە دەستمان گەشتووە، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ، خاتوونێکی نێشتمان پەروەر بە ناوی خاتوو حەدیقە ڕەسووڵی، بە هۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو حەدیقە رەسووڵی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی حاشیاباتی ناوچەی بۆکان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایک بوو. ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە ڕژیمی حەمەڕەزاشای پەهلەوی، ژیانی هاوبەشی لەگەڵ کاک عەبدووڵا ساڵحی پێکهێنا. تەڤلی بوونی کاک عەبدووڵا لە خەبات دژی داگیرکەرانی کوردستان، بووە هۆی ئەوەی کە خاتوو حەدیقە.ش ڕوو لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بکا و لە پاڵ هاوسەرەکەیدا هەوڵ بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەی بدات. بە درێژایی دەیان ساڵ مانەوە لە ڕیزی شۆڕشگێراندا، خاتوو حەدیقە لە پشتگیری هاوسەرەکەی و خزمەت بە شۆڕش و حیزبی دیموکرات و پێشمەرگە دریغێ نەکرد. هەموو کات دەرگای ماڵی بەڕووی شۆڕشگێرانی کوردستان دا کرابوو و هاوکات یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان بوو.
تێکچوونی بارودۆخی نالەباری باشووری کوردستان و کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی زایینی خەڵکی باشوور بووە هۆی ئەوەی خاتوو حەدیقە و بنەماڵەکەش بە ناچاری ڕوو لە شاری بانە و گرتنە بەری ژیانی ئاسایی خۆیان بکەن، بەڵام پاش گەرانەوەشیان خاتوو حەدیقە هەر دڵسۆزی گەل و نیشتمان و حیزبەکەمان مایەوە و لە تێکەڵاوی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان و شۆڕشگێران درێغی نەکرد. خاتوو حەدیقە ژنێکی ڕوو خۆش، خاوەن خوو و ڕەوشتێکی بەرزی کوردانە و خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی نابەوەختی ئەو خاتوونە بەڕێزەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەس و کاری لە شاری بانە و بۆکان دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.