چەند رۆژ لەمەو پێش لە نێوان بەشێک لە بەکرێگیراوان و خەڵکی زەحمەتکێشی گوندی ئامێدی مەهاباد لەسەر مووچە و مەزراو، شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات ئاڵۆزیی و تێکهەڵچوون رووی داوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندەوە بە دەستمان گەیشتووە، گوایە چەند کەس لە بەکرێگیراوان ئاوایی ئامێدی مەهاباد بە زۆرەملێ و سەرەرۆیانە مەرتەح و مێرگ و لەوەڕگەی باشی ئەو ناوچەیان بۆ مەڕوماڵاتی خۆیان داگیرکردوەو، هەرئەمەش تووڕەیی خەڵکی لێکەوتووتەوە.
دوای ئەوەی کەسانی دژەخەڵک و بەکرێگیراو، ویستوویانە درێژە بەو ستەمە بدەن ، خەڵکی وەزاڵەهاتووش ڕووبەڕوویان دەبنەوەو لە گەڵیان دەس وەیەخە دەبن و، بەکڕیگیراوان لە شارو گوندەکانی ئەو ناوچەیە، هێرش دەکەن سەر خەڵکی بێدەرەتانی ئاوایی ئامێد.
دواتر بە هۆی نێوبژیوانی پیاوچاکێکی ناوچەکە، مەڵا ساڵح داوایان لێدەکا بە قسە کردن و گفتگۆ واز لەو تێکهەڵچوون و ناخۆشییە بهێنن، بەڵام دیسان بەهۆی تەقەی یەکێک لە بەکرێگیراوان کوڕێ مەڵا ساڵح بریندار دەبێ و بە هۆی تەقەی کڵاشینکۆف دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
تائێستاش ناوەندە ئینتزامییەکان سەبارەت بە تەقە کردنی بەکرێگیراوان و برینداربوونی ٣ی کەس لە خەڵکی گوندی ئامێد، بێدەنگییان ڕاگرتووە، بەڵام خەڵکی ئەو گوندە بە یەکگرتوویی خوازیاری وەرگرتنی زەوی وزاری خۆیانن.
بەگوێرەی زانیارییەکان وادیارە بە هۆی نفووزی بەکرێگیراوان لە دامودەزگا حکوومییەکان، ناوەندە پێوەندی دارەکان خەڵکیان بە تاوانبار زانیوەو ئەمەش زیاتر خەڵکی ئەو ناوچەیەی تووڕە و نیگەران کردوە.
دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئەو تەقەکردن و تێکهەڵچوونە لەسەر هەڵقەندنی شوێنەوارێکی مێژوویی بووە بۆ دەرهێنان و تاڵان کردنی ژێرخاکی و ئاسەوارە مێژووییەکان.