شەوی ڕابردوو لە زانکۆی کوردستانی شاری سنە ، بە هاوکاری بنیاتی بژاردەکان و شارەوانی ئەو شارە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا ڕێز لە هونەرمەندی ناوداری کورد دوکتور قوتبەدین سادقی گیرا.
دەرهێنەر ، شانۆکار ، فیلمساز ، وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆ، دوکتور قوتبەدین سادقی خاوەنی نازناوێکی ئێرانی و کوردستانییە، کە لە دەیەی ٦٠ هەتاوییەوە بە جیددی خزمەتی بە هونەری و گەشپێدان بە شانۆ و “هونەری نواندن” کردوەو و بۆ ئەو مەبەستەش ئاکادمێکی لە ژیرناوی “تەماشاخانەی شانۆ” کردوتەوە.
شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بانەمەڕ بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ، هونەرمەندان و بەشێکی بەرچاو لە هۆگرانی هونەری شانۆ لە یەکێک لە سالۆنەکانی زانکۆی کوردستانی سنە، ڕێوڕەسـمی ڕێز لێنان لە دوکتور قوتبەدین سادقی بەرێوەچوو.
لەو ڕیوڕەسمەدا چەندین کەس لە پسۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ لە سەر لایەنە جیاجیاکانی هونەرمەند قوتبەدین سادقی بۆ ئامادەبووان قسەیان کرد.
هەروەها ئەو هونەرمەندە بۆ بەشداران قسەی کرد و لە قسەکانیدا وتی: سێ کوچکەی بەسەرهاتی من بریتین لە ، یەکەم کوردبوونم، دوای درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران، من لە تاران ریشەی کوردبوونی خۆمم بەهێزتر دۆزیەوەو هەروەها ژیان و خوێندنم لە وڵاتی فەڕانسەش کاریگەریی هەبووە و فێر بووم کە چۆن هونەر ببێتە زمانی هاوبەشی گەلان.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا سێ جۆر پێوەندی نێوان مرۆڤەکانی دەستەبەر کرد ، پێوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری.
لەو بارەوە گوتی: پێوەندی سیاسی کە زۆرجار پاڵ ئەداتەوە پێوەندی “داگیرکەر وداگیر کراو” بەداخەوە دوورە لە ئیخلاق و، پێوەندی کۆمەڵایەتیش کە هەڵسوکەتی رۆژانەیە، ئەوەی بەڵای منەوە گرینگە پێوەندی هونەرییە کە سنوور ناناسێ و، جیهان بەڕاستی پێویستی بەو پێوەندییە هەیە.
جێی ئاماژەیە لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە پەیکەرەیەک لە روومەتی ئەو هونەرمەندە پێشکەشی کرا.
دکتور قوتبەدین سادقی ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی لە شاری سنە و لە گەڕەکی جەوراوا لە دایکبووەو تائێستاش خاونی کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری و ئەدەبییە.
“دەرهێنەری ٢٥ بەرهەمی شانۆ، ١٨ بەرهەمی وەرگێڕان، بەڕێوەبردنی ١٠٠ بەرنامەی ڕادیۆیی و تلەویزیۆنی لەسەر داب و نەریت و ئەفسانە و بۆنەکان، ڕۆڵ نواندن لە چەند فیلمی سینەمای، دامەزراندنی دەیان گرووپی شانۆ و هەڵپەڕکێی” ، بە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو هونەرمەندە کورد دێنە ئەژمار.
شیاوی باسە لە دەساڵی ڕابردوو ، ١٥ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە دوکتور قوتبەدین سادقی لە ئاستی ئێران و کوردستان بەڕێوەچووە.