پارێزەری کچانی شیناوێ ڕایگەیاند کە کچانی شیناوێ پاش تەواوبوونی تاقیکارییەکانیان بۆ چارەسەریی پزیشکی قەرارە بۆ وڵاتی ئەمریکا بنێردرێن.
“حوسێن ئەحمەدینیاز”، پارێزەری کچانی شیناوێ باسی لە ڕەزامەندیی هەیئەتی پزیشکی بۆ بەرێکردنی کچانی شیناوێ بۆ چارەسەریی پزیشکی لە وڵاتی ئەمریکا لە ڕێکەوتی ٢٢ جۆزەردانی ئەمساڵدا کرد.
ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی “ئیلنا” ڕایگەیاندووە: “بەپێی ئەو قسانەی که کراوە لەگەڵ چارەسەریی پزیشكی ئەو کچانە لە دەرەوەی وڵات ڕەزامەندیی لەسەرکراوە و بڕیاره پاش تاقیکارییەکان دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست لە بەرچاو بگیردرێ و لەو پێوەندییەدا کۆمیسیۆن پێکهێنراوە و بەڵگەی پزیشکیشیان پێدراوە”.
بە وتەی ئەحمەدینیاز،”پزیشکانی ئێرانی، دانیشتووی وڵاتی ئامریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کچانە ڕەزامەندیان دەربڕیووە و هیوایان خواستووە بە هۆی ئەو ئیمکاناتەی کە لەو وڵاتەدا هەیە ئەو کچانە چارەسەر بکرێن”.
سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، حوسێن ئەحمەدینیاز، پارێزەری کچانی شیناوێ خوازیاری دانی تێچووی نەشتەرگەری کچانی شیناوێ لە لایەن دەوڵەتەوە بوو.
هەروەها ئەو پارێزەر دەڵێ: ماوەی ٦ ساڵە لە ئێش و ئازارەکانی ئەو کچانە تێدەپەڕێ، دەبێ دەوڵەت قەرەبووی ئەو هەموو ئازارە بکاتەوە.
ناوبراو ئەوەشی گوت: ” لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری بۆ ئەو کچانە کراوە، دەبێ دەوڵەت قەرەبووی ئەو زیانلێکەوتووانە بکاتەوە.
شایانی باسە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣٧ قوتابی کچ بە هۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لەڕادەبەدەر بوون و ٢ قوتابیش بە ناوەکانی “سەیران یەگانە و “سارینا ڕەسووڵزادە” بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا.