سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوام چالاکێکی کرێکاریی کە ماوەی ٦ ڕۆژە دەسبەسەر کراوە چارەنووسی ناڕوونە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێییەکان، پاش تێپەڕاندنی ٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارمین شەریفە، چالاکی کرێکاریی و خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری سنە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نیە.
کەسێک لە بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە ڕایانگەیاندووە: “سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام هێشتا لە بارودۆخی ڕامین هیچ زانیارییەکمان دەست نەکەوتووە و هیچ ئیدارەیەک بەرپرسایەتیی دەسبەسەرکرانی وەئەستۆ نەگرتووە.”
هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەهریار تەهماسبی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان، بەڵام لە دەسبەسەر کردنی ناوبراو سەرکەوتوو نەبوون.
ئەو چالاکە مەدەنییە ساڵی ڕابردوو، لە شاری کرماشان، لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بۆنەی کوشتنی ٢ کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژەمەوە دەسبەسەر کرا.
شەهریار تەهماسبی، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان بە تۆمەتی “هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران” بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ دادگایی کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرا و بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زینداندا ئازاد کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم تەواوی کەرەستەی ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان تێکداوە و هەروەها بێڕێزیشیان بە بنەماڵەی ناوبراو کردووە.