باوکی یەکێک لە شەهیدانی ڕووسووری حیزب و گەل ، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک سەید حەسەن عەبباستاهیر باوکی یەکێک لە شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە ناوی شەهید سمکۆ عەبباستاهیر، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ٩٧ی هەتاوی دوای تەمەنێک ژیانی سەرفەرازانە بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی یەکجاری کرد.
سەید حەسەن عەبباستاهیر، بە وتەی ناسیاوانی کەسێکی خەمخۆر و دڵفراوان و کوردپەروەر بوو.
وەکوو زۆربەی بنەماڵەی شەهیدان بە چاوی خۆشەویستی و رێزەوە چاوی لە تێکۆشەران و خاباتکارانی دێموکرات دەکرد.
ئەو باوکە پێشمەرگەدۆستە، تا دوا چرکەی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان و ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە شەهید سمکۆعەبباستاهیر لە دایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، کە لە ڕێکەوتی٢٦/٥/٧٨ گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان یادوبیرەوەریی شەهید سمکۆ عەبباس تاهیر بەرزڕادەگرێ و بەم بۆنەوەش لە گەڵ سەرجەم کەسوکاری خوالێخۆشبوو سەید حەسەن هاوخەمی دەکا و خۆی لە پرسەو پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.