سەرکۆماری ئەمریکا، دوای بڕیاری هاتنە دەرەوەی لە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران، هەڕەشەی لەو وڵاتە کرد و گوتی: “ئێران یان دەبێ وتووێژ بکا، یان ڕووداوێکی دیکە ڕوو دەدا”.
دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو لە لێدوانێکدا پێداگریی کردەوە کە ئەگەر ئێران پیتاندنی ئۆرانیوم دەست پێ بکاتەوە، لەگەڵ “چارەنووسی جیدی ڕووبەڕوو دەبێتەوە”.
سەرکۆماری ئەمریکا ئەوەشی ئاشکرا کرد: ” پێشنیاربە ئێران دەکەم بەرنامەی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەست پێ نەکاتەوە، چونکە ئەگەر بێتو درێژە بەو کارە بدا، دەرەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە”.
ئاژانسی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەوبارەوە بڵاویکردووەتەوە کە هەتا ئێستا دیار نیە مەبەستی سەرکۆماری ئەمریکا لە “ڕوودای دیکە” چی بووە و ڕوونی نەکردووەتەوە.
دۆناڵد ترامپ کە لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەت قسەی دەکرد، هاوکات باسی چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران لە سووریە و یەمەنی کرد و گوتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوو لە هەر کوێ بکا، ئاژاوە و ئاڵۆزی دەنێتەوە. ئێمە ڕێگە نادەین ڕووداوی مەترسیدار ڕوو بدا. ئەوان دەبێ لە مانای ژیان تێ بگەن، هەرچەند زۆر دووری دەبینم کە ئەوان لە واتای ژیان تێبگەن”.
هەروەها سەرکۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامادەی وتووێژ بۆ گەیشتنە بە ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێرانە و گوتی: “ئێمە یان ڕێکەوتنێکی باش بۆ هەموو جیهان دەستەبەر دەکەین، یان هەر لە بنەڕەتدا ڕێکەوتنێکی لەو چەشنە ئەنجام نادەین”.
ئامادەیی دۆناڵد ترامپ، بۆ وتووێژ نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا پێش لە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێکەوتنە، بەتەواوەتی وتووێژیان دووبارەیان ڕەت کرووەتەوە.
پێشتر حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەرەنسییەکەی خۆی گوتی: “نە ڕێکەوتنی ناوکی و نە هیچ بابەتێکی دیکە کە بکرێتە بیانوو، لەلایەن ئێرانەوە وتووێژیان لەبارەوە ناکرێتەوە”.