کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شاری کامیارانی سەر بە پارێزگای سنە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی هەورامان گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی “محەممەد ڕەحمانی” تەمەن 34 ساڵ و خەڵکی ئاوایی “لۆنی سادات”ی سەربە کامیاران لە کاتی کۆڵبەری و بەهۆی ڕاوەدوونان و تەقە کردنی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە چیا و بەرزاییەکانی کوێستانی “سۆنی” لە ناوچەی نەوسوود سنوری هەورامان بەر بووەتەوە گیانی لەدەست دواوە.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی شەممەش کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “ڕەحمان تەفاخر” لە کاتی کۆڵبەری و بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی “کانی خوا” بە سەختی بریندار بوو.
ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی شورای یئسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ٦٨ هەزار کۆڵبەر لە پارێزگا سنوورییەکان، خەریکی کاری کۆڵبەرین و لەو نێوانەدا ١٦ هەتا ١٨ هەزار کەسیان لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بەو کارە خەریکن.
دەوڵەتی ڕۆحانی چەند جار باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و لابردنی کێشەکانی ئەوان کردووە و هەتا ئێستا لەو پێوەندییەدا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نەدراوەو تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا بووە.