بەرپرسی “ماڵی پیشە و کانزاکان”ی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە سەدی ٩٥ی یەکە پیشەیییەکانی ئەو پارێزگایە یان ناچالاکن یان داخراون.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ڕەسمییەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی پیشەکارانی پارێزگای کرماشاندا، جەهانبەخش شوکری، بەرپرسی خانەی پیشە و کانزاکانی ئەو پارێزگایە ڕایگەیاندووە، تەنیا سەدی ٥ی یەکە پیشەیییەکان لە کرماشان چالاکن و خەریکی بەرهەمهێنانن.
هەروەها ئەو بەرپرسەی حکوومەت لە کرماشان ئاماژەی بەوەش کردووە چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار بازاڕی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی تووشی کێشە کردووە و زۆربەی یەکە پیشەیییەکان قەرزدار بوون و لە لایەکی دیکەشەوە قەرزە بانکییەکان کە بە بەرهەمهێنەران دراون، سوودیان ئەوەندە لەسەرە، یەکە پیشەیییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزدارتر دەبن و ئێستا زۆربەیان وەبن قەرز کەوتوون.
پارێزگای کرماشان، لە بواری زۆربوونی کانزاکان و هێزی مرۆیی و سنوورەکانی لەگەڵ دەرەوەی ئێران، توانانی ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە پیشەییترین پارێزگاکانی ئێران بەڵام بە هۆی هەڵاواردن و ئەمنیەتی کردنی بە شێوەی پێویست ئاورێ لێنەدراوەتەوە.
ئابووریناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە بەرپرسانی ئابووریی ئێران گرنگییان بە کەرتی پیشەسازیی ئەو پارێزگایە نەداوە و ئاکامەکەی بووەتە ئەوەی کە پارێزگای کرماشان لە بواری ئابووریدا کەمترین گەشە بکا و، ئاستی بێکاری لەو پارێزگایە لە هەموو ئێراندا زۆرترە و کەمترین سەرمایەدانان لەلایەن حکوومەتەوە لەو پارێزگایە کراوە و خاوەن سەرمایەکان و پیشەکارەکانی ئەو پارێزگایەش سەرمایەکەیان بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و بە تایبەت بۆ ناوەندی ئێران گواستووەتەوە کە ئەوەش خەسارێکی گەورەیە لە ئابووری ئەو ناوچەیە دەکەوێ.