قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەت لە گەڵ ڕادیۆ “کوردتریبۆناڵ” سەبارەت بە پێکهاتنی ئەو ناوەندە بۆ کاری هاوبەشی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ئامانجەکانی ڕایگەیاند؛ کە ناوەندی هاوکاریی کوردستانی ئێران ئەگەرچی کەمتر لە ٦ مانگە دامەزراوە، بەڵام لەم ماوەیەدا توانیویەتی ببێ بە سەکۆیەک بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکانی کوردستانی ئیران و هاودەنگییان بۆ ئەو پرسانەی کە پێوەندییان بە ئێران و کوردستان و حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هەیە و، هەرکام لە حیزبەکانی بەشدار، بۆ ماوەی مانگێک سەرۆکایەتی ئەو ناوەندەیان لە ئەستۆیە.
بەڕێزیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە کار و پلانەکانی ئەوناوەندە لەم ماوەیەدا وتی: یەکێک لە مەبەستەکانی دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ، دروستکردنی زەمینەیەکە بۆ هاوکاری بەرینتری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و، هاوکارییەکی درێژخایەنتر، کە بتوانێ ڕێگەخۆشکەر بێ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی و، بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بە دانیشتن و قسە و گفتگۆی زیاتر بوو لە نێوان حیزبەکانی کورستان و بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانیش بە وردی باسی لێوە کراوەو بێجگە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرە، هەروەها لەماوەیەدا بە نیسبەت بۆنەکان و رووداوەکانی ئێران و کوردستان ، ناوەندی هاوکاریی توانیویەتی بەیان و گوتاری هاوبەش هەبێ، کەواتە هاوهەڵوێستی نێوانی حیزبەکانی کوردستان لەم ماوەیەدا یەکێک لە کارەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بووە.
قادر وریا لە درێژە قسەکانی ڕایگەیاند کە ناوەندی هاوکاری هەوڵی ئەوەشی داوە لە دەرەوەی کوردستانیش هاوکاری نێوانی حیزبەکان ڕێکبخات.
سەرۆکی دەورەیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە خێرای ڕووداوەکانی ئێران و پێویستی هەوڵی زیاتری حیزبەکانی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە ڕووداو و ئەگەرێک لە ئاستی ئێران، لەوبارەوە بە ئاوردانەوەیەک بە هەلومەرجی سیاسیی نێوخۆی وڵات ، وتی: رووداوەکانی ئێران و کوردستان وەکوو خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکان باس لەوە دەکا کە خەڵک ترسی شکاوەو بە هاتنە سەرشەقام ڕاشکاوانە باسی نەمان و گۆڕانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و ئەمەش هاوکاری زیاتری حیزبەکانی کوردستان دەخوازێ و بۆ ئەومەبەستەش هەوڵدراوە، لە داهاتووش هەوڵەکانمان چڕوپڕتر دەکەین.
بەڕێزیان لەسەر ئەوەی کە هەوڵ بدرێ بۆ بەرینتر کردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان لەو پێوەندییەدا وتی: ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاری ئەسڵێکمان داناوە، ئەگەرچی هێشتا بڕیارەکان بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام یەکێک لە ئامانج و پڕنسیپەکانی ئێمە ئەوەیە هێزێک کە بۆ کوردستانی ئێران خەبات دەکا دەبێ سەرچاوەی بڕیارەکانی خۆی بێ و، ئێمە لەگەڵ “بدیل”سازی نین و، هەر پارت و حیزبێک لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کە بیهەوێ بەدیلێک سازبکا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەوە بە کۆسپ دەزانین بۆ هاوکاری و کاری هاوبەش.
بەڕێزیان لە کۆتایی قسەکانی بە ڕادیۆ کوردتریبۆناڵ ڕایگەیاند: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تا ئێستا توانیویەتی هیوا و ئومێدێک دروست بکا و سەرەتایەکی باش بێ، بۆ هاوکاری نیوان حیزبەکانی کوردستان و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەوتر.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دیموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران