Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 20/11/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

گرینگیی به دۆکیۆمێنتکردنی کردەوه تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

07/05/2018 | 01:59:41
+A
-A
قادر وریا

له هەرێمی کوردستاندا
پێشەکی:

مه‌به‌ست له‌ به ‌دۆکیۆمێنتکردن ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م به‌ڵگه ‌و زانیاری و نیشانانه‌ی له‌ باره‌ی کرده‌وه‌ تێرۆریستیەکان هه‌ن، بکرێن به‌ مه‌بنای کارێکی ڕۆشنگەرانه‌ که‌ بکرێ له‌ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، ڕاگەیەنەکان و ناوه‌نده‌ حوقووقییەکان سوودیان لێوه‌ربگیرێ و بخرێنە بەرچاوی  بیروڕای گشتی و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن. به‌داخه‌وه‌ له‌م ‌باره‌یەوه‌ کارێکی زۆرکه‌م کراوه.

 

کەمتەرخەمیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

‌ لێره‌وه‌ ده‌مهه‌وێ سپاسی کۆمه‌ڵێک ئینسانی به‌رپرس له ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکەم کە داکۆکیکەری‌ مافی مرۆڤ، یا چالاکی میدیایین و، هاتوون خۆیان به‌و شتانه‌وه‌ ماندوو کردوه‌. من کۆمه‌ڵێک که‌س ده‌ناسم‌ که‌ کتێبیان له‌و باره‌وه‌ ئامادە کردوە، یا هەوڵیان داوە لیستی ئه‌و تێرۆرانه‌ بگرن و هێندێک زانیاریی زیاتر له‌ باره‌ی تێرۆره‌کان بخه‌نه‌ ڕوو. به‌ڵام وه‌کوو فیلم یا موستەنەدی به‌که‌ڵکی تەلەڤیزیۆنی ئامادە نەکراون. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ کۆمەڵێک نامیلکه‌ و کتێبن‌ و هه‌وڵی تاکه‌که‌سین. ده‌بێ ددانی پێدا بنێین ئێمه‌ حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نه‌هاتووین وه‌کوو حیزب (چ بە تەنیا چ بەیەکەوە) کار له‌سه‌ر ئه‌و بەڵگەنامانە بکەین که‌ به‌ده‌ستمانه‌وه‌ بوون.‌ ده‌زانین زۆربه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ که‌ به‌رەوڕووی کرده‌وه‌ی تێرۆریستی بوونەوە وه‌ختی خۆی ئه‌سنادیان وه‌ده‌ست که‌وتوه‌. جاری وا هه‌بووە خودی ئه‌و که‌سه‌ی که‌ده‌ستی له‌ تێرۆره‌که‌‌دا هه‌یه‌ عامیلی ئیجرای پیلانه‌ تێرۆریستییەکه‌ بووه‌، به‌دیل گیراوه‌، له‌بەر‌امبه‌ر کامێرادا ئێعترافی بەتاوانەکەی کردوە. کۆمه‌ڵێک ئه‌سناد هه‌ن‌ که‌ تێرۆره‌کانی ئه‌و وه‌خته‌ ده‌سه‌لمێنن، یا که‌سانێک هه‌ن شاهیدی ڕووداوه‌ تیرۆریستییەکان بوون. ئه‌وجار خودی قۆربانییەکان باشترین سەرچاوەن. خۆ ئه‌گه‌ر هێندێکیان گیانیان له‌ده‌ست ‌داوه‌ که‌سانێکی دیکه‌ هه‌ن کە‌ برینداربوون و ئێستا له‌ ڕیزی ئه‌و حیزبانه‌‌دا ماون. ئه‌وانه ‌ده‌یانتوانی و دەتوانن باشترین سه‌رچاوه ‌بن بۆ دروستکردنی دۆکیۆمێنت له‌باره‌ی کرده‌وه‌ تێرۆریستییەکان، به‌ڵام ئه‌وشتانه‌ هه‌روا له‌ ئارشیو‌دا ماون به‌بێ ‌ئه‌وه‌ی سوودمان لێ وەرگرتبن! ئه‌وه‌ یه‌کێک له‌که‌مته‌رخه‌مییەکانمانه وەکوو هیزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات.‌

 

سوودەکانی بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانه‌ تێرۆریستییەکان

‌به‌تێپه‌ڕینی زه‌مان به‌شێک له‌و تاوانانه‌ له‌بیری خەڵک و ناوه‌نده‌ مرۆڤدۆستەکان چوونه‌وه.‌ بە دڵنیاییەوە ئەگەر کار لە سەر بەڵگەنامەکان بکه‌ین ده‌توانین وەبیر بیروڕای گشیی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤیان بێنینەوە. له‌ ئیختیار ئه‌و ناوەندانەیان بنێین کە لێکۆڵینەوە لەو جۆرە تاوانە دەکەن. پاشان پشت ئەستوور بەو بەڵگەنامانە داواکاری بدەین بە ناوه‌نده‌ قه‌زاییه‌کانی ئەو شوێنانەی تیرۆرەکانیان لێ کراون، چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چ له‌ هه‌رێمی کوردستان. هەر شوێنێک کۆماری ئیسلامی، نەیارانی خۆی  لێ تێرۆرکردوون بێگومان داموده‌زگای قه‌زایی هه‌یه،‌ دادگای هه‌یه. ئێمه ‌ده‌بێ له‌و موستنه‌دانه‌ ئیستفاده‌ بکه‌ین چۆنکه‌ موسته‌نه‌ده‌کان به‌ڕادەی پێویست ڕوونکردنەوەیان تێدا دەبێ، به‌ڵگه‌یان ‌تێدا دەبێ‌ و لایه‌نە ‌ناڕوونه‌کان ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌. بەم جۆرە هەم بۆ بەدواداچوونی قه‌زایی و داوای سزا بۆ بەڕێوەبەرانی کرده‌وه‌ تێرۆریستییەکان پێویستن، هەم له‌م‌ڕێگایه‌وه‌ ڕەهەند و لایەنە جۆراوجۆرەکانی تاوانه‌کانی کۆماری ئیسڵامی بۆ بیرورای گشتی ڕوون دەبێتەوە. سوودێکی دیکەی ئەو بە دۆکیۆمێنت کردنە ئه‌وه‌ دەبێ کە‌ ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک خه‌سار که‌ له‌ ڕێگای ئه‌و تێرۆرانه‌ به‌ بزووتنه‌وی کورد به‌ گشتی گه‌یشتوون‌، به‌رجه‌ستەیان‌ دەکه‌ینه‌وه‌.

 

خەسارە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئەم تیرۆرانە

چۆنکه‌ باسەکەم لە سەر تێرۆری کۆماری ئیسلامییه‌ له‌ هه‌ریمی کوردستان، جێی خۆیەتی وەبیر بێنمەوە کە ئه‌م تێرۆرانه‌ له‌ پێشدا زیانیان گه‌یاند به‌ پێوه‌ندیی نێوان دوو پارچه‌ی کوردستان. وه‌ختایه‌ک لێره‌ به ‌ده‌یان و سه‌دان تێکۆشه‌ری کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌به‌رچاوی حیزب و ڕێکخراوه‌کانی ئێره‌ و داموده‌زگاکانی ئێره‌ ده‌بنه‌ ئامانجی تێرۆر، سروشتیە کە‌ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا بێ ته‌فاوه‌ت بن. ده‌زانن به‌شێکی مسئۆلییه‌ته‌که‌، ڕووی لەو حیزبانەیە‌ که ‌لێره‌ دەسەڵاتدار بوون. ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و تیرۆرانە زیانی زۆریان گه‌یاند به‌ پێوه‌ندیی نیوان دوو به‌شی کوردستان له‌ ساڵانی پێشوودا. زیانیان گه‌یاند به‌ ئیعتباری  ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە که‌ لێره‌ هه‌ن. وه‌ختێک له‌ ناوچه‌یه‌کدا ‌حیزبێک ده‌سته‌ڵاتدار بووه‌ و لەو ناوچەیە کوردێکی ڕۆژهەڵاتی تێرۆر ‌کراوە و دوایه‌ تێرۆریسته‌که‌ش به‌ ئاسانی بۆی ده‌رچووە و به‌دواداچوونی بۆ نەکراوە، سروشتیە کە‌‌ ئیعتباری ئه‌و جۆرە حیزبانه‌ش سەبارەت بەو کەمتەرخەمیانە و به‌ جۆری پێوه‌ندییه‌ک‌ له‌ گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی هەیانبووە بێتە‌ ژێر پرسیار.

له‌ده‌یەی ٩٠ی زایینی‌ له‌کۆڕ و کۆمه‌ڵی نێودوڵه‌تیدا زۆر ڕه‌خنه‌ و نارەزایەتی بەرەوڕووی ئەو حیزبانە کرایەوە که‌ لێره‌ ئه‌حزابی باڵاده‌ست بوون. یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوە ‌بوو کە بۆ چی دەبێ له‌ ناوچەی ژێر دەسەڵاتیاندا ئاوا به‌ ئاسانی په‌نابه‌ران و ئینسانی بێ تاوان، گیانیان لێ بستێندرێ‌‌و ئه‌وانیش ئاوا بێده‌نگ و بێ تەفاوه‌ت بن ؟!

خەسارێکی گەورەی دیکەی ئەو تیرۆرانە ئەوە بوو که‌ ئه‌و ئینسانانەی تیرۆر کران،‌ نەک هەر سه‌رمایه‌ی ئه‌و حیزبانه‌ بەڵکوو ‌ سه‌رمایه‌ی میللەتی کورد بوون، سه‌رمایه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون، به‌ڵام به‌ ئاسانی گیانیان لێ‌ستێندراو مافه‌کانیشیان پا‌ماڵ کرا. هیچ لایەنێک لە بەرامبەر ئه‌وکەسانه‌ی گیانیان لێ‌ستێندرا یا ئەو بنه‌ماڵانه‌ی ئازیزانیان له‌ده‌ست دا‌، ‌یا که‌سێکیان که‌م ئه‌ندام بوو‌، یان بێ‌سه‌روشوێن بوو‌، خۆی بە بەرپرسیار نەزانی! واتە هیچ به‌دواداچوونێک نه‌کرا له‌لایه‌ن ئه‌م داموده‌زگایانه‌ی که‌ لێره‌ هه‌بوون. بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ هەتا هەتایە ڕه‌خنه‌یه‌که‌ له‌سه‌ریان. با ئەوەش بڵێم له‌ هێندێک مەوریددا به‌دواداچوونیان هه‌بووه‌، د‌ڵسۆزیان هه‌بووه‌، جاری وا هەبووە کومه‌گیان کردووه‌ به‌ پووچەڵبوونەوەی پیلانێک. مەبەستم ئەوەیە هەر وا کە کەمتەرخەمییەکانیان لە بیر ناکەین، کردەوە ‌باشه‌کانیشیان لەو پیوەندییە‌دا له‌ بیر نەکه‌ین.

 

چەند ڕەهەندێکی تاوانە تێرۆریستییەکان

پێم باشە چەند سه‌رنجێک له‌سه‌ر چۆنیەتیی تاوانه‌کان بخه‌مه‌ڕوو. بەو هۆیەوە کە ئه‌و تاوانانه‌ بە دۆکیۆمێنت نه‌کراون لەوانەیە نه‌سلی ئه‌مڕۆ لێیان ئاگادار نه‌بێ. جۆراوجۆریی تاوانه‌کان بە نۆرەی خۆی جێگای هەڵوێستە لە سەر کردنە. له‌ نێو قوربانیانی تاوانه‌ تێرۆریستیەکان کەسانی وا هەبوون به‌ “ئه‌سید”(تێزاب) کوشتوویانن. جاری وایه‌ قوربانییەکە چالاکی سیاسی یا پێشمەرگەش نه‌بووه‌، تەنیا بەستراوەییەکی بنه‌ماڵه‌یی هه‌بووه‌ به‌ تێکۆشه‌رێکی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی.

نموونەی وامان هه‌بووه‌ قوربانی به‌ به‌کارهێنانی ژه‌هر (ده‌رمانداوکردن) جا ژاراویکردنی خواردن بووه‌، شیرینی بووه‌ یا ئاو، بۆ وێنە بە به‌کارهێنانی ژه‌هری سالیۆم، گیانی لێ ئەستێندراوە. ئامانجی پیلانە تیرۆریستییەکەش هەر تاکەکەسێک نەبووە بەڵکوو بە دەیان بنه‌ماڵه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و تێکۆشه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات بوون.

بۆمبدانانه‌وه جۆرێکی دیکە لە تاوانی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دژی ئۆپۆزیسیۆنی کورد بووە.‌ بە شێوەی جۆراوجۆر بۆمب و تەقینەوەیان به‌کارهێناوه‌ لە دژی ئێمه.‌ هه‌ر دوور نەڕۆین له‌شه‌وی یه‌لدای ‌ساڵی١٣٩٥ (٢٠/١٢/٢٠١٦)دا، لێره ‌به‌داخه‌وه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌ ڕێگای بۆمبدانانه‌وه‌ گیانی ٧ کەس له‌ ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کوردی ئه‌ستاند. هه‌رئه‌مساڵیش دوو کردەوەی تیرۆریستی دیکە کە یەکیان بۆمبدانانه‌وه‌ ‌ بوو و له‌ “بنه‌سڵاوه‌” ڕووی ‌دا، گیانی کاک سەباح ڕه‌حمانیی ئه‌ستاند. دووهەم کردەوە ‌ته‌قه‌کردن بوو کە بووە هۆی شەهید بوونی هاوڕێ قادر قادری.

جۆرێکی دیکە لە تاوانی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی، مین دانانەوە و که‌مین‌دانانه‌وه‌ بووە‌. مین و کەمینیان لەسەر ڕێگاکانی هاتوچۆی تێکۆشەرانی کوردی ئێرانی داناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەوەی قوربانی بستێنن. بەڵام دیارە هەر کادر و پێشمەرگەی حیزبەکانیان نەکردوە بە ئامانج. تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ڕێگای گشتی و بۆ وەسیلەی گشتییش مین و کەمینیان داناوەتەوە. بۆ وێنە لێره‌وه‌ مینی‌بوس چووه‌ بۆ سلێمانی و چەند پێشمەرگەیەکی تێدابووە، بەڵام ژن و منداڵ و نەخۆشیشی تێدابووە. لە سەر ڕێگای دوکان_ سلێمانی که‌مینیان بۆ داناوه‌ته‌وه،‌ ئه‌وبه‌ر و ئه‌وبه‌ری جاده‌‌یان گرتوه‌ و مینی بووسەکەیان داوەتە بەر دەسڕێژ.

حاڵه‌تێکی دیکە لە تاوانە تیرۆریستییەکان، گرتن و تەسلیمکردنەوەی تیکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی و تەحویلدانەوەیان بە ڕێژیمی ئێران بووە. وەک ئەوەی حیزبوڵلای بەناو شۆڕشگێر لە ناوچەی سۆران لە نەوەدەکاندا کردی، یا بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەلەبجە ئەنجامی دا. ڕفاندن و بێسه‌روشوێنکردنیش جۆرێکی دیکە لە تاوانەکانی تیرۆریستانی ئەو ڕێژیمە بووه.‌ جاری وابووه‌ دوای ساڵێک و تەنانەت زیاتر تەرمی کوردێکی ڕۆژهه‌ڵاتی که‌ بێسه‌رو شوێنیان کردوه،‌ ‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

ڕه‌هه‌ندێکی دیکەی ئەو‌کرده‌وه‌ تێرۆریستیانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تیرۆریستان فه‌رقیان به‌ تاک و کۆ نه‌کردوه‌، فه‌رقیان به‌ ئینسانی بێ‌دفاع و ئینسانێک که‌ پێشمه‌رگه‌‌ و چه‌کداره‌ نه‌کردوه‌، فه‌رقیان به‌گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌ک که‌ کاری سیاسی ده‌کا له‌ گه‌ڵ منداڵه‌کانی نه‌کردوه‌. ‌ هه‌ر لێره‌ دیتمان له‌ نیوان  (کەمپی) “زه‌ویە‌سپی” و گوندی “هه‌رمۆته”،‌ لە سەر ڕێگایەک کە‌ ڕێگای گشتی بوو، منداڵان بەو ڕێگایەدا ده‌چوون بۆ قوتابخانه‌، مینیان دانابووه‌. نموونه‌یەکی دیکه‌ تەقاندنەوەی مینی بووسێکی حیزبی دیموکرات له‌ نێوان “ئێندزێ” و “بۆڵێ” بوو، که ژن و منداڵ و نه‌خۆش و برینداری تێدابوو.

له‌ که‌مپه‌کانی بازیانی حیزبی دیموکرات، تیرۆریستان په‌نایان برد بۆ ژهراوی کردنی تانکییەکانی ئاو‌ی ئه‌وکه‌مپە کە پیر و منداڵ‌ و ورد و د‌رشت و هه‌موو خه‌ڵک (بە سەدان کەس) ئاویان لێ‌ ده‌خواردەوە. لە ئاکامدا بەدەیان که‌س تووشی خواردنی ژاری سالیۆم بوون که‌ به‌خۆشییەوه‌ ‌نەخۆشخانەکان و ده‌زگاکانی تەندروستیی ئەو کاتی عێراق فریایان که‌وتن و له‌ مه‌رگ نه‌جاتیان بوو، هەر چەند قوربانیی واش هه‌ن‌ تا ئێستاش به‌ده‌ست ئازاره‌کانی ئەو ژاراویکردنە ده‌ناڵێنن. بەم جۆرە کۆماری ئیسلامی بۆ له‌ نێوبردنی موخالیفه‌کانی، فه‌رقی به‌ چه‌کدار و بێ‌چه‌ک، گه‌وره ‌و بچووک، مرۆڤی سیاسی و خەڵکی سڤیل نەکردوە.

ڕه‌هه‌ندێکی دیکەی تیرۆرەکان هەڵوێستەکردنە لە سەر‌ ئه‌و زه‌مانه‌ی‌که‌ تێرۆره‌کانی تێدا کراون. دیاره‌ کۆماری ئیسلامی له‌ نێوخۆی وڵات و هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکارییەوە تێرۆری کردوه.‌ به‌ڵام له‌ هه‌رێمی کوردستان زۆرترین تیرۆرەکان لە نێوان ساڵه‌کانی١٣٧٠تا ساڵی ١٣٧٦ (١٩٩١تا ١٩٩٧) کراون. ئاماری کردەوە تیرۆریستییەکان لە 400 زیاترە کە زیاتر له‌ ٢٠٠ قوربانیان ئه‌ستاندوه.                                             ‌

 

جۆغرافیای تێرۆرەکان و هۆکاری زۆربوونیان

دێمه‌سه‌ر جۆغرافیای تێرۆره‌کان. تێرۆره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان زۆرتر له‌ دوو پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر ڕوویان داوە‌، ده‌لیله‌که‌شی ڕوونه‌. حیزب و ڕێکخراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆرتر له‌و دوو پارێزگایه‌ بنکه‌ و باره‌گا و مانەوە و هاتوچۆیان هه‌بووه‌. بۆ وێنه‌ له‌ پارێزگای دهۆک حزوورێکی وایان نه‌بووه‌. زۆرجار هێندێک لە هاوڕێیانمان کە حافزه‌یان لاوازە‌ دەڵێن تیرۆرەکان تەنیا له‌ یه‌ک پارێزگا بووه. ئەوە ڕاستە کە‌ به‌ هۆی حزووری زیاتری هێزه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ پارێزگای سلێمانی و دەستڕۆیشتوویی زیاتری ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگەیە، ژمارەی تیرۆرەکان لەوێ زیاتر بووە، به‌ڵام له‌ پارێزگای هه‌ولێریش نه‌ک به‌و ڕادەیە، به‌ڵام تێرۆر هه‌بووه‌. واتە به‌داخه‌وه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌رده‌می خۆیدا که‌مته‌رخه‌میان لەو بارەوە هه‌بووه‌، چاوپۆشیان هه‌بووه‌ و کەسانێکیش له‌وان ده‌ستیان تێکه‌ڵاو بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تێرۆرانه.‌ ئێستا جاروبار هێندێک که‌س ئه‌وه‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌  و به‌ ئاسانی ده‌ڵێ هه‌ر لە ناوچه‌یه‌کی تایبه‌تی تیرۆری تێکۆشەرانی کوردی ئێرانی هەبووە. ئەمە ڕاست نیە و به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌ر دوو ناوچه‌، و له‌هه‌ر دوو پارێزگادا ئه‌و تێرۆرانه‌ هه‌بوون.

ڕاستییەکەی ئەوەیە تێرۆره‌کان تابعی چه‌ند شتێک بوون. خودی شه‌ڕی نێوخۆیی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌بوو _هیوادارم قه‌ت‌قه‌ت دووپات نه‌بێته‌وه‌_ بۆخۆی ڕێگا خۆشکه‌ر بوو بۆ تێرۆره‌کان. چۆنکه‌ ئه‌و ڵایه‌نانەی پێکەوە بە‌ شەڕ دەهاتن بۆ تێکشکاندنی یه‌کتر ناچار بوون په‌نا به‌رن بۆ ڕێژیمه‌کانی ده‌وروبه‌ر و ئیمتیازیان بده‌نێ. سروشتییە‌ ئیمتیازاتێکیش که‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌یانه‌وێ له‌ پێشدا دژایه‌تیی ئۆپۆزیسیۆنی خۆیانه‌ که‌ له‌و به‌شه‌دا‌ جێگیر بووە. ئه‌مه‌ هۆکارێک بوو که‌ زۆری کۆمه‌ک کرد به‌ په‌ره‌ئه‌ستاندنی تێرۆره‌کان و چاوپۆشی له‌ کرده‌وه ‌تێرۆریستییەکان. هۆیه‌کی دیکه‌ ئەو ‌بارودۆخه‌ ئابوورییه‌ بوو که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌بوو.‌ دەزگای سیخوڕی و تێرۆری ئێران بە هۆی ئەو بارودۆخەوە‌ ئاسانتر ده‌یتوانی بەکرێگیراو بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌کاری بێنێ بۆ کرده‌وه‌ی ‌تێرۆریستی.

 

ئەنجام:

ئاکامێک کە دەمەوێ لە ورووژاندنی ئەم ‌باسه وەری بگرم ئەوەیە‌ ئێمه‌ چ وه‌کوو تاک، چ وه‌کوو هه‌ر یه‌ک له‌ حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵات، هەر وەها وه‌کوو  کۆی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بە یەکەوە، پێویستە کار بکه‌ین بۆ ئەوه‌ی لە لایەک ئه‌و تاوانانه‌ دووپات نه‌بنه‌وه‌ و لە لایەکی دیکە ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ڕابردوودا ڕوویان داوە، لە بیر نەچنەوە. ئەرکمانە به‌دواداچوونی پێویستیان له‌سه‌ر بکه‌ین. چه‌ند شتێک پێویسته‌ بکرێن بە تایبەتی کە ئیستا کرده‌وه‌ تێرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێم دەستیان پێ کردوەتەوە. پێویسته‌ ئێمه‌ وه‌کوو حیزبه‌کان له‌ چه‌ند ئاستدا کاریان له‌سه‌ر بکه‌ین. پێویسته‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئه‌وپه‌ڕی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بێ و زانیاری لە گەڵ یەکتر بگۆڕینه‌وه‌ بۆ په‌رچدانه‌وه‌ی پیلانه‌کان. ده‌بێ به‌یه‌که‌وه‌ به‌زمانی هاوبه‌ش، به‌ گۆشاری هاوبه‌ش ڕووی قسەمان بکەینە داموده‌زگا حیزبی و حکوومی و ئه‌منیه‌تییه‌‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌رکی خۆیان وەبیر بێنینەوە‌، داوایان لێ بکەین جارێکی دیکه‌ نه‌یه‌ڵه‌ن ئه‌و ته‌جره‌به‌یه‌ دووپات بێته‌وه.‌ لە ده‌یه‌ی ٩٠دا به‌هه‌ر هۆکارێک بوو ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ کران، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئێمه‌ ده‌بێ نه‌یه‌ڵین ئه‌وانە به‌ ئاسانی دووپات ببنه‌وه‌. پێویسته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش‌ کار بکه‌ین بۆوه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌وکەیسانه‌ به‌ زیندوویی بمێننه‌وه‌.

ئەرکدارکردنی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی کوردستانیش یەکێکی دیکە لەو کارانەیە کە پێویستە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین. دیارە ئەگەر ئێمە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئه‌و کەیس و بابەتانە‌ به‌ زیندوویی ڕابگرین و بۆخۆمان له‌ پشتیان بین و کۆڵ نه‌دەین، خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان کە هەمیشە له‌وه‌ی ناره‌حه‌ت بوون  به‌به‌رچاوی ئە‌وانه‌وه‌ کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی لێره‌ تێرۆر ده‌کرێن پێموایه‌ ئه‌وانیش له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بن. ئه‌وان ده‌توانن گۆشار دروست بکه‌ن و نه‌هێڵن هه‌ر ئاوا بە هاسانی دووپات ببنه‌وه‌.

پێموایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاوا کاری به‌دۆکۆمێنتکردن بکه‌ین، ئه‌گه‌ر قۆڵ لە زیندوو کردنه‌وه‌ی که‌یسەکانی تیر‌ۆر هەڵماڵین و بەرەوڕووی ‌داموده‌زگای قه‌زایی و دادگاکانی ئێرەیان بکه‌ینەوە، ئه‌و کەس و لایه‌نانه‌ی که‌ پێشوو هاوکار و هاوده‌ست بوون له‌گه‌ڵ دەزگای تیرۆری کۆماری ئیسلامی له‌ داهاتوودا ناتوانن ئاوا به‌ ئاسانی دڕێژه‌ به‌ هاوکاری بده‌ن. چونکە ده‌کێشرێنه‌ بەر دەم مێزی لێپرسینەوە و موحاکەمه‌ دەکرێن و ده‌بێ لە ئاست کردەوەی خۆیان وڵامدەر بن. ئەوان ئیستا پێیان وایە ئەوەی رابردوە  چووەتە ژێر ژیلەمۆی فەرامۆشی. هەر وا بزانە هیچ شتێک رووی نەداوە و ئەوان شتێکیان نەکردوە!! ‌کەسانی وا هەن کاتی خۆی دەستیان لە تاوان دژی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتیدا هەبووە ئێستا خه‌ریکه‌ جارێکی دیکه‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ دێنه‌وه‌ مەیدان! چۆنکه‌ گۆشاریان له‌سه‌ر نه‌بووه.            ‌

بەم پێیە ئێمه‌ ئه‌گه‌ر لە لایەکەوە خۆمان ئاماده‌ که‌ین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە له‌گه‌ڵ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، هاوکات کردەوە تیرۆریستییەکانی رابردوو و ئێستا بە دۆکیۆمێنت بکەین، شانبەشانی ئەمانەش هەوڵی زیندووکردنەوەی کەیسەکانی ڕابردوو بدەین و، لە سەر لێکۆڵینەوە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم دوایانە و سزادانی تاوانبارەکان، شێلگیر بین دەتوانین تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و هاودەستەکانی لە دۆخی هێرشبەرانە بەرەو دۆخی سەربردنەوە نێو قاپێلکی خۆیان بەرین. ڕێگای‌ کاریگەر بۆ ڕووبەرووبوونەوە له‌گه‌ڵ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی له‌ هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌یه‌که‌ ئێمه‌ له‌ ڕەهەندی جۆراجۆردا کار بکه‌ین بۆ پاشەکشە بە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و تێچووی سیاسیی‌کرده‌وەی‌ تێرۆریستی، لە سەر ئەو ڕێژیمە قورس بکەین.

( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)