Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

«کوردستان» پێشەنگ و «بانە» براوە

07/05/2018 | 01:42:30
+A
-A
عەلی لەیلاخ

لە شەپۆلی دوویەمی مانگرتنەکانی ئەمساڵ لە هەمبەر داخستنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان به‌ڕووی کۆڵبه‌راندا و تێکچوونی دۆخی ئابووری کە لە شارەکانی  جوانڕۆ و بانەڕا  دەستی ‌پێ کرد،  تا نووسینی ئه‌م دێڕانه‌ مانگرتووانی بانە ١٩ڕۆژە، بە شێوەی مەدەنیانە، درێژەیان بە ناڕەزایەتی داوە. ئه‌م مانگرتنه‌ درێژترین و بێوێنەترین مانگرتنی خەڵکییە لە ئاستی ئێران و؛ دیسان کوردستان بوو بە پێشەنگی «نا» وتن بە ستەم و ستەمکاری.

ئەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارانی کورد گرینگە، خودی حەرەکەتەکە و بەردەوامبوونی گرینگتر و مانادارترە،  هەتا ئەنجامەکان و تەنانەت داواکارییەکانیش. چونکە کۆماری ئیسلامی هێشتا تەزووی مانگرتنەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ی لە جەستە دایه‌. بەتایبەتی کە ئەم هاتنە سەرشەقامە لە کوردستانە کە هەموو جووڵەکانی به‌ ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە سەیر دەکرێ و لە گەڵ ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەروو دەبێتەوە. بۆ جارێکی دیکەش خەڵک و دەسەڵات کەوتنە ململانێ و، لە شاری بانە زیاتر لە دوو حەوتەیە ڕیکوپێکی و یەکڕیزی خەڵکی ناڕازیی بانە، براوە بووە لە کێبەرکێی ناڕەزایەتی مەدەنیانە و سیستەمی سەرکوت.

کوردستان ئەزموونی جۆراجۆری هەیە لە ناڕەزایەتیدەربڕین و ئاکامەکانی. لە «سێی ڕەشەمە»کانەوە تا ڕووداووه‌که‌ی «هۆتێل تارا»ی مه‌هاباد و ئێعترازه‌کان به‌ کوشتنی کۆڵبه‌ران و، هەموو ئەم هاتنە سەرشەقامانە لە یەکەم ساتەکانەوە بە نێڵدانی دامودەزگا ئەمنیەتییەکان هەر زوو مانگرتنە مەدەنیانەکانیان کراوە بە بیانوویەک بۆ  سه‌رکوت و کوشتن و بڕین و تۆقاندنی خەڵکی بێتاوان. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە جووڵانەوە مەدەنیانەکانی کوردستان، هەتا دێ شکڵ و ستایلی مەدەنیانەتر بە خۆیەوە دەگرێ و ئەمەش دەسەڵاتی بۆ دەمکوت و سه‌رکوتکردنی خەڵکی تا ڕاده‌یه‌ک به‌پارێز کردوه‌.

ئەوەکە دەسەڵات هەمووکات بە توندوتیژییەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان مامەڵە دەکا، دەگرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێستاشی لەگەڵ بێ «ناوەند»،  متمانەی بە خەڵکی  کورد نیە و بەرانبەر بە هەر ڕووداوێک لە پارێزگا و شارەکانی کوردستان هەر زوو لە شوێنە ئەمنیەتییەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکا و، ئەمە بۆ خۆی کەمایسییەکە کە حەسەن ڕووحانی بە جورێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە کاتێکدا کە سەرۆکی شوڕای باڵای ئەمنیەتی میللی بووە ئاماژەی داوه‌تێ و بە «لاوازی بڕیاردانی» بەرپرسانی لە قەڵەم ‌داوە، کە ڕووداوە چووکەکانیش لەنێو بەرپرساندا ترس و نیگەرانیی خوڵقاندوه‌.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بۆچوونەی ڕووحانی کە ئێستا سەرۆککۆمارە و، خۆی و دەوڵەتەکەی بەرانبەر بە دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و کوردستان بەرپرسیارن،  بە ئاسانی تێ دەگەین کە لە یەکەم چرکەی هاتنە سەرشەقامی خەڵکی شارە سنوورییەکان، ناوەندە ئەمنیەتییه‌کان لە ئامادەباشی ‌دان و هێنانی ماشێنی تایبەت بە سەرکوت و دژە شۆڕش و موڵدانی هێزێکی زۆر و پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت نیشان لەوەیە کە ویست و خواستی مەدەنیانەش لە کوردستان، مەترسیە بۆ سەر سیستەمێک که‌ وا خۆیشی لە مەشرووعیەتی خۆی گومانی هەیە. بەڵام هەڵسوکەوتی مەدەنیانەی خەڵک، دەسەڵاتی ناچار کردوە کە وردتر سەرنجی ئەو دۆخە بدا و دەیهەوێ دوو مەبەست بپێکێ:

یەکەم؛ بۆ ئەوە نەبێتە نەریت کە خەڵک بە کۆبوونەوە داواکارییەکانیان به‌ره‌وڕووی دەسەڵات بکەنەوە، بەرپرسان لە یەکەم ڕۆژەکاندا هەوڵیان دا بە وادە و بەڵێنی کۆتایی بەو ناڕەزایەتییانە بهێنن، بەڵام خەڵک ئەمجارە بڕوایان نەکرد و مانەوە لە سەر شەقام.

دوو؛ دەسەڵات دەیهەوێ کەم تێچووترین ڕێگه‌ هەڵبژێرێ، بەتایبەتی کە یەکێک لە دواکانی خەڵکی بانە به‌ ڕاشکاوی دەست لەکارکشانەوەی فەرمانداری ئەوشارەیه‌، ئه‌ویش له‌ کاتێکدا که‌  فەرماندار نوێنەری سیاسیی نیزامە و، لە دەیان فیلتر تێپەڕێوە و ملدانی دەسەڵات بەو داواکارییە شکستێکی گەورەیە؛ هەر بۆیە بەدوای ڕێگەچارێەک دەگەڕێ.

خاڵێکی بەرچاوی دیکه‌ی ئەم مانگرتنانە هەڵکردن و هەڵگرتنی هێما و سیمبوله‌ مەدەنییەکانە که‌ ئاستی وشیاری و شارستانیەتی کورد دەگەیه‌نێ. ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە سەرشەقام و نووسینی دروشم و تراکته‌کان باس لەوە دەکەن کە خەڵکی ناڕازیی کورد، تەنیا بە دوای مافەکانی خۆیانن و هەربۆیەش هەوڵی ژیرانەی بۆ ئەدەن.

خاڵێکی دیکەی ئەم مانگرتنانە کە دیسان کوردستان لەو بارەوە  پێشەنگە  ئەوەیە،  کە کاتێک لە ئاستی ئێران ناڕەزایەتیەک بەڕێوە دەچێ هەر ئەو چینە دەگرێتەوە که‌ مانیان گرتووە. بۆ نموونە ناڕەزایەتیی مامۆستایان یا ناڕەزایەتیی کەسانی خانەنشینکراو، هەربۆیە دەسەڵات زوو و بە ئاسانی کۆنترۆڵی دەکا، بەڵام ئەگەر لە ناڕەزایەتیی مامۆستایان یا کرێکاران چین و توێژەکانی دیکەش پشتیوانیان بکردبا، بێگومان ‌ئەگەری سەرکەوتنی زیاتری دەبوو؛ بەڵام ئەوەی لە بانە دەبیندرێ پاڵپشتیی چین و توێژەکانی دیکەیە. پشتیوانیی کاسبکاران و دووکانداران، هاتنە سەرشەقامی کەسایەتییە ئاینییەکان و دڵگەرمی و ئاگایی بەخشین بەخەڵکی مانگرتوو، ڕچەشکاندنێکی تازەیە کە تەنیا سووچی مزگەوتەکان نەبێتە شوێنی مەوعیزە و نزا کردن، بەڵکوو شەقامیش بۆ خزمەت بە خەڵکی خودا  پێویستە.

هەروەها ئەگەر هونەرمەندی وێنەهەڵگری شاری بانە ڕایدەگەیه‌نێ هەتا دۆخی شارەکەم ئەهوەن نەبێتەوە «من پیشانگای وێنەکانم هەڵدەوەشێنمەوە»، یان ئه‌گه‌ر پزیشکێک دێ ده‌ڵێ به‌هۆی گرانی و بێکاری هه‌تا ڕه‌وینه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ ئاماده‌یه‌ به‌خۆڕایی نه‌خۆشه‌کانی ببینێ؛ ئەمانه‌ش دیسانەکە دەسکەوتێکی دیکەن لە ڕەفتاری مەدەنییانە و ژیرانەی خەڵکی کورد.

بەسەرنجدان بە ڕەفتاری خەڵکی ناڕازی لە ماوەی ئەم ١٩ ڕۆژە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم مانگرتنانە لە جۆری خۆیدا بێوێنە و ئامانجدارترین مانگرتن بووە و هاوهەڵوێستی و یەکڕیزیی مانگرتووان، باس لە هەودای نادیاری ڕێکخستنەکان دەکا کە بۆ لێ وردبوونەوەش دەبێ.

لەلایەکی دیکەش دەسەڵات بە هاتنە سەرشەقامی خەڵک و دەنگدانەوەی میدیاییەکانی لەگەڵ ئەم بابەتە ڕووبەروو کردووه‌تەوە کە هەبوونی هەڵاواردن و لاوازیی ئابووری لە ناوچە پەرواێزخراوەکان و وەکوو کوردستان ناتوانێ ئینکار بکا و هەر بەوشێوە کە لە ئینکارکردنی پرسی کورد شکستی هێناوە و بێگومان دانانی کۆشکی دەسەڵات لەسەر وادە و بەڵێنی و درۆ و چەواشەکاریی، درەنگ یا زوو هەرەس دەهینێ.

خاڵێکی ئێگجار گرینگ کە بێگومان دەسەڵاتیش بیری لێکردووه‌تەوە ئەوەیە کە بەرەبەرە خەڵک فێری هاتنی سەرشەقام بوون و،  ترسیان لە کۆبوونەوە و دەربڕینی نارەزایەتی شکاوە، ئەویش لە سیستەمێکدا که‌ هەرچەشنە گردبوونەوە بە نایاسایی دەزانێ و هەرچەشنە ئیعتراز دەبێ لە لایەن ناوەند و دەسەڵاتەوە ئاراستە کرا بێ.

هەربۆیە سەرەڕای ئەوەی لە ڕاگەیاندنە حکوومییەکان  بێدەنگییان لێی کردوە، بەڵام لە هاتووچۆی و جموجۆڵی بەرپرسان بۆ بانە و هەروەها سەردانی وەڤدێکی پلەبەرزی بازرگانی لە باشووری کوردستان، ئاماژه‌ بۆ «شپڕێویی بریاردان»ی دەسەڵات لەو پێوەندییە ‌دایە، چون دەترسێ ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ داواکاریی زیاتر و جیاوازتر. هەر بۆیە کوردستان پێشەنگە و بانەش براوەیە تا ئێستا.

( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)