Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

مەلا ڕەحیم وێردی

07/05/2018 | 01:38:09
+A
-A
عادڵ مەحموودی

ئێوە بە ڕۆیشتنتان ڕێگایەکتان دیاری کرد و ئێستاش کاروانی هەزاران ڕۆڵەتان پێیدا دەڕوا. خوێن و تەمەنی لاوەتی و ئاوازی غەریبی بەرەو پشووگەی ئازادی دە ئاژوێن و ئازادییان وەک مەرگی خۆیان لێ دیارە و ئازادیشیان ڕۆحی ئێوەی پێ شاد دەبێ. سروودی ئێستا سروودی ژیانەوە و ویردی هەستەکانی ئێمەیە کە چریکەی پڕ لە مانا و ژیان و هیوا بە دواڕۆژێکی ڕوونتر لە لانە بەجێماوەکەتاندا دەچڕێ.

لەساڵی ١٢٨٦ی هەتاوی لە گوندی نجنێی خوارووی ناوچەی مەیدانانی بانە لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر منداڵێک پێی نایە ژیانەوە و چاوی بۆ ژیان کردەوە. ناویان نا ڕەحیم، ڕەحیم کوڕی کاک مەلا نەسروڵڵای ویردی، ناسراو بە میرزا ئەحمەد.

ڕەحیم لەبەر ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لە دایک ببوو، هەر بەمنداڵی پەرتووکە سەرەتاییەکانی ئەو دەمی فەقێیەتیی پێ خوێندرا و دوای تەمەنی ٨-٩ ساڵی بەفەرمی نرایە بەر خوێندن و چووە حوجرەی فەقێیانەوە و وەک هەموو فەقێ و مامۆستایانی ئەو کات پەرەوازەی شار و گوندەکانی کوردستان بوو بە دوای فێربوونی زانستدا، حوجرە و مزگەوتەکانی ئەو دەم تەنیا قوتابخانەیەک بۆ فێربوونی زانستی خواناسی و ئەدەبیاتی عەرەبی نەبوون، بەڵکوو مەکۆی شۆڕش و نیشتمانپەروەری و لانەی ڕێبەرە سەربەرزەکانی گەلی کورد بوون؛ هەر لەبەر ئەوەش بوو کە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە مامۆستایانی ئایینیان بە گیان و دڵ خۆش دەویست و لە خزمەتیاندا بوون.

فەقێ ڕەحیمیش یەکێک بوو لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە و هەر لە سەرەتای چوونی بۆ ئەو قوتابخانەیە، بە هەستی نیشتمانپەروەری گۆش کرا و هاوکات لەگەڵ بڕینی پلە زانستییەکاندا بیری نەتەوەییشی گەشەی دەکرد و دەپشکووت.

مەلا ڕەحیم کاتێ کە چاوی کردەوە لە چوار دەوری خۆی گەلێکی هەژار و چەوساوەی بە چاو ئەنگاوت کە لە لایەکەوە لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی ڕێژێمی پاشایەتیدا دە چەوسێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر باری زوڵم و زۆریی چەوسانەوەی ئاغا و دەرەبەگەکاندا چەمیوە و پرزەی لێ بڕاوە. ئەوەشی لێ ڕوون بوو کە ڕزگار بوون لە ستەم و چەوسانەوە بە بێ خەبات و خۆڕاگری  و قوربانی دان سەر ناگرێ بەڵام خەبات بە چ شێوەیەک و لە کام ڕێگەوە و بە چ بوارێکدا؟ ئەوە و زۆر مەبەستی دی، ڕیزە پرسیارێک بوون کە مێشکی مەلا ڕەحیمیان بە خۆوە سەرقاڵ کردبوو.

سەرئەنجام سەرچاوەی وڵامی ئەو هەموو پرسیارانەی بۆ خەباتێکی یەکگرتوو بە دژی چەوسێنەران لە بەرنامە و ڕێبازی حیزبی دیموکراتدا بەدی کرد و لە ساڵی ١٣٢٧ هەتاویدا بە ڕەسمی پێوەندیی تەشکیلاتیی لەگەڵ ئەو حیزبەدا دامەزراند و تێکۆشانی سیاسیی خۆی دەست پێ کرد.

مامۆستا مەلا ڕەحیم کاتێک پێی نایە گۆڕەپانی سیاسەتەوە، ئاڵوگۆڕێکی سەرەکی و بەرچاوی فکری بەسەر ژیانیدا هات. لە لایەکەوە خەمی غەدرلێکراویی گەلەکەی و ئەو ستەم و ناهەقیانەی لەلایەن دەرەبەگەکانی ناوچە و ساواکی شاوە دەرهەقی ئەنجام دەدران و لەولاشەوە نەداری و هەژاریی ئەندامانی بنەماڵەکەی، بوونە هۆی ئەوەی کە لەوە زیاتر نەتوانێ درێژە بە فێربوونی زانست بدا و واز لە خوێندن بهێنێ، کە بە درێژایی مێژووی داگیرکەرانی کوردستان سیاسەتی نەخوێنەوارکردنی کۆمەڵگەی کوردەوارییان بەم شێوەیە داوە و دەدەن.

مەلا ڕەحیم پێش ئەوەی کە ئیجازە و بڕوانامەی مەلایەتی وەرگرێ واز لە خوێندن دێنێ و ئەرکی مامۆستایی بەجێ دەگەیێنێ لە چەند گوندێکدا، بۆ نموونە نجنێی سەروو، مەریجەلان، دۆڵەرزن و سیوچ. مامۆستا هاوکات لەگەڵ ئەرکە مەلایەتییەکەی ئەرکی خۆیشی ڕادەپەڕاند و وەکوو کادێرێکی شارەزا و تێگەییشتوو و پێگەییشتووی حیزبی دیموکرات سیاسەتەکانی حیزبی بە زمانێکی سادە و ساکار بۆ گەلە ستەملێکراوەکەی شی دەکردەوە و جینایەت و پێشێلکاریەکانی ڕێژێمی شای لە قاو دەدان و ڕێگای ڕزگاریی گەلەکەی بۆ دەستنیشان دەکردن.

مامۆستا هەتا ئەوکاتەی کە لەساڵی ١٣٣٨ساواک شوێنپێی تێکۆشەرانی دێموکراتی هەڵگرت و زۆری لێ دەستگیر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کردن، وەکو کادێرێکی بە توانا لە نێو گەلەکەیدا ژیا و ئەرکەکانی بە ئەوپەڕی لێهاتوویی و دڵسۆزییەوە بەجێ گەیاندن. لەو سەردەمدا مامۆستاش وەکوو تێکۆشەرێکی بەرچاو کەوتە ژێر چاوەدێرییەوە و بواری حەوانەوەی لێ بەرتەسک کرایەوە و دواتر بەناچاری زێدەکەی خۆیی بەجێهێشت و پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو، بەڵام ئاوارەیی و دەربەدەریش لە تێکۆشان بۆ ئامانجە بەرزەکانی سارد نەکردەوە و ورەی دانەبەزاند، بەڵکوو ئەم تەنگوچەڵەمانە مامۆستایان مکووڕتر کرد لەسەر کاری زیاتر و چالاکتر بوونی.

مامۆستا مەلا ڕەحیم، لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستایەکی تێگەیشتوو لە باری ئایینییەوە بوو، شارەزایەکی کەموێنەی ئەدەبیاتی کوردی و فارسیش بوو، هەر بۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لەو سەردەمەدا یەکێک لە ئاگاترین ڕووناکبیرانی کورد بوو لە باری بابەتە نەتەوەییەکانەوە. هەروەها لە هۆنینی شێعری نەتەواتیشدا خاوەن هەستێکی ناسک بوو، بەڵام بەداخەوە هۆنراوەکانی یان بە گشتی تێدا چوون یان لەلای هەر کەسێک بن دەستیان بەسەردا گیراوە و بێ سەروشوێن کراون.

مامۆستا یەکێک لەو کادێرە زانا و بەوەجانەی حیزب بوو کە بە هۆی لێوەشاوەیی و سەرکەوتنی بەرچاوی لە ئەرکە پێسپێردراوەکاندا، لە کۆنگرەی دووهەمی حیزبدا متمانەی بەشدارانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد و بە ئەندامی کومێتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و ئەرکی قورستری پێ سپێردرا.

مامۆستا گەورەترین ئاواتی سەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی دیموکراتیکی گەلەکەی و ڕزگار بوونی ستەم و چەوسانەوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆژەی بەچاوی خۆی نەدی و لە ئاکامدا لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی بە دەستی خەیانەت لە گوندی تەوێڵە شەهید کرا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزب و گەلەوە.

ڕۆحی شاد.

( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)