شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان لە ناوچەی هەوشار له ٣٠ی رێبه‌ندانی ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی بوو بە حەماسە و نووسینەوەی داستانێکی دی لە خۆڕاگری.
کۆماری ئیسلامی به چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی هەوشار تابڵێی حەسساس بوو. ئەم ناوچەیە هه‌م له بواری جوغڕافیاییه‌وه، واتە هاوسنووریی لەگەڵ پارێزگاکانی زه‌نجان، ئه‌رده‌بیل و سنه لەلایەک و، هەروەها بوون و تێکەڵیی پێکهاته‌کانی دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازه‌ری لەو ناوچەیە لەلایەکیترەوە؛ ببووە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم گرینگی تایبه‌تی به‌و ناوچه‌یه بدا. ئەم ناوچەیە هەم له بواری ئابوورییه‌وه «ئاژەڵداری و کشتوکاڵ» و هەمیش کانگاکانی زێر و مس و قوڕقوشم بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە.
ناوچه‌ی هه‌وشار له دوو شاری تکاب و ساینقه‌ڵا و، زیاد له ٣٠٠ گوندی گه‌وره پێک دێ و لە سەردەمی کۆمارەوە بە هەست و جۆش و خرۆشە بەشدارییان لە شۆڕش و بزووتنەوەی نەتەوەییدا کردوە. کاتێک دوای ڕووخانی رێژیمی شا ڕێکخراوه‌کانی حیزبی له کوردستان دامه‌زران، لە سه‌ره‌تادا له ناوچه‌کانی دیکه‌وه پێشمه‌رگه ڕوویان له هه‌وشار کرد، به‌ڵام هەوشار پاش ماوه‌یه‌ک هێز و کۆمیته‌ی خۆی دامه‌زراند و هێزی قاره‌مانی هه‌وشار له ماوه‌ی ٤ ساڵدا، زۆر زوو گوڵی کرد و له زۆر به‌ربه‌ره‌کانی قاره‌مانانه دژی هێزەکانی رێژیم فیداکاری نواند.
له مانگی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٦١ کاتێک ناوچه‌ی هه‌وشار گیرایه‌وه، حیزب به‌شێکی زۆر له پێشمه‌رگەکانی ئه‌وێی به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌رده‌شت نارد و ساڵی دواتر هێزی هەوشار گەڕایەوە ناوچەی خۆیان و لە ماوەیەکی کەمدا و بە چەند عەمەلیاتی سەرکەوتووانە لە پارێزگای زەنجان خەویان لە چاوی دوژمن زڕاند و ناوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە هەموو ناوچەدا خستەسەر زار.
ڕێژیم پیلانی دەگێڕا تا قەرەبووی شکستە یەکلەدوای یەکەکانی خۆی بکاتەوە و بۆ ئە مەبەستە فه‌رمانده‌رانی سپای پاسداران لە هه‌وشار، له‌گه‌ڵ به‌رپرس و فه‌رمانده‌زانی پارێزگای ورمێ و له‌گه‌ڵ سپای پارێزگاکانی هاوسنووری هه‌وشار وه‌ک زه‌نجان و سنه، له هاتووچۆ و ڕاوێژدا بوون. پاشان بڕیار درا بە هەموو ئیمکاناتی بەردەستیان لە ئاسمان و زه‌وی و به هێزێکی پوشتهوپهرداخ هێرش بکه‌نه سه‌ر هێزی هه‌وشار. بڕیار ئەوە بوو کە یەک پێشـمەرگەش نابێ بە سڵامەت دەربچێ.
ڕۆژی ٢٨ی ڕێبه‌ندان دوژمن پەلاماری گوندی کووپهقڕان له ٤٠ کیلومیتریی شاری تیکابی دا، بەڵام لەم بەرەیەدا پێشمه‌رگه‌کان هێزەکانی دوژمنیان تێک شکاند و ژماره‌یه‌کی به‌رچاویان لێ کوشتن و کەلاکی زۆر لە کوژراوەکانی دوژمن و چەک و چۆڵ و تەقەمەنیی شەڕیان کەوتە بەردەستی پێشمەرگە و چەند ماشێنیان سووتێندران.
دوانیوەڕۆی ئه‌و ڕۆژه هێزی تازەنەفەسی ڕێژیم هێرشی کردەوە سەر هێزی پێشمەرگە و لە ده‌ره‌وه‌ی گوندی کوپهقڕان شەڕێکی قورسی دەستەویەخە دەستی پێ کردەوە. پێشمه‌رگه‌کان بۆ ڕۆژی 29ی ڕێبه‌ندان به‌ره‌و گونده‌کانی کوروز، قاشوخ، کووچه‌ته‌ڵا، دارتوو و ئاخچی داگەڕان و له‌و لاشه‌وه هێزه‌کانی ڕێژیم کوژراو و برینداره‌کانیان به‌ره‌و شاری تیکاب ڕاگوێست و هێزی یارمەتیدەری ڕێژیم لە بیجاڕ، زه‌نجان، دیوانده‌ره، ساینقه‌ڵا، میاندواو، سه‌قز و بۆکان گەیشتنە شەڕگە تا شەڕەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا تەواو بکەن.
چەند دەستە لە پێشمەرگەکان ڕۆژانی 29 بۆ 30 ڕێبه‌ندان لە گوندی دارتوو دەبن و رێژیم لە چوار دەورەوە هێرشیان دەکاتە سەر. بەیانیی ڕۆژی 30ی ڕێبەندان شەڕ دەست پێ دەکا و پێشمەرگەکان کە له ده‌وروبه‌ری ئاوایی سه‌نگه‌ریان گرتبوو به هۆی فشاری به‌کرێگیراوان سه‌نگه‌ریان دهگهواستهوه بۆ نیو کۆڵانه‌کان و نێو ماڵه‌کان. ئیتر پێشمه‌رگه له نێو گوندی دارتوو به پشتیوانیی خه‌ڵکی ئاوایی بڕیاری شەڕی مان و نەمانیان دا.
هێزی کۆماری ئیسلامی له هه‌ر چوار لاوه گه‌مارۆی پێشمه‌رگه‌یان دا. له لایه‌کی دیکەشەوە بەشێکی سروشت و ژینگەی ئەو گوندە، واتە چۆمی سارۆخ گەمارۆی گوندەکەی دابوو و وەک یارمەتیدەر و هاوکاری دوژمن دەوری دەگێڕا، بەڵام تێکۆشه‌رانی دێموکڕات لێبڕابوون کە ناویان بە سەربەرزی بمێنێتەوە و سه‌ر بۆ دوژمن نه‌وی نەکه‌ن. بۆیه له نێو ماڵه‌کان و سه‌ر بانه‌کان و کۆڵانه‌کان و نێو مزگه‌وت و حه‌وزی مزگه‌وت و سه‌رکانیی گوند سه‌نگه‌ریان گرت و سوێندیان ده‌خوارد و به‌ڵێنیان به یه‌کتر ده‌دا هەتا ئاخرین فیشه‌ک شه‌ڕ بکه‌ن.
شه‌ڕ تا گه‌رمتر ده‌بوو لاشه‌ی کۆنه‌په‌رستان زیاتر ده‌که‌وت و له‌و لاشه‌وه ماڵ به ماڵ و کۆڵان به کۆڵان پێشمه‌رگه و پاسدار دهستەویهخه تێکه‌ڵ دەبوون. هه‌ر پێشمەرگەیەک کە شه‌هید ده‌بوو ده‌ستبه‌جێ لاوێکی ئاوایی چه‌که‌که‌ی هه‌ڵ ده‌گرت و بە خستنی لاشه‌ی هێزی دوژمن تۆڵه‌ی شەهیدە قاره‌مانەکەی دەکردەوە.
هه‌ر پێشمه‌رگه‌یەک لاوێکی ئاوایی له‌گه‌ڵ بوو. «ئیره‌ج بروجه‌ردی» کە به ده‌یان که‌لاکی به‌کرێگیراوه‌کانی ڕیز کردبوو، کاتێک یەک لە هێزەکەی دوژمن له پشته‌وه بە خه‌نجه‌ر لێی دا و شه‌هیدی کرد، دەسبەجێ ئەو لاوەی لەگەڵی بوو تاوی دایە چەکەکەی و جەندەکی پاسدارەکەی خست و دەمودەست تۆڵەی شەهید ئیرەجی کردەوە.
دوژمن بەردەوام به بڵیندگۆ داوای له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کرد خۆ به‌ده‌سته‌وه بده‌ن و داوایان له خه‌ڵک ده‌کرد پێشمه‌رگه‌کانیان ڕادەست بکەن، بەڵام تەنیا خۆیان ماندوو دەکرد. لە بەرەیەکی دیکەی شەڕەکەدا دەستەیەکی دیکەی هێزی هه‌وشار لەلای قه‌ڵای زێویه و گوندی قه‌ره‌ناو به‌ره‌نگاری هێزی دوژمن بوونه‌وه و زهبڕیکی کوشه‌نده‌یان لێ دان. ئەو شەڕە تا کاتژمێر 9ی شەوی خایاند و کەلاکی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لە شەڕگەدا بەجێ ما، بەڵام ئەو حەماسەیە بە خوێنی 19 پێشمەرگە وەدی هات و 12 پێشمه‌رگه‌ش کە بە دیل گیرابوون، چەند مانگ دواتر و لە گەڵاوێژی 1363دا لە تیکاب ئێعدام کران. له‌و شه‌ڕه‌دا هەروەها چه‌ند ماڵ له گوندی دارتوو بە تەواوی سووتان، چه‌ند خانوویه‌ک ڕووخان و 3 که‌س له خه‌ڵکی ئاوایی شه‌هید بوون.
له‌و بەرەنگارییەدا چه‌ند خاڵی گرینگ هه‌یه، یه‌که‌م؛ ئازایەتی و گیانبازیی پێـشەرگە کە سەر نەوی ناکا بۆ دوژمن و بە گیانی خۆی حەماسەکان دەنووسێتەوە، دووهەم هاوکاریی خەڵک و پێشمەرگە کە هەمیشە دوژمن زراوی لێی چووە.
بەسەرهاتی عەمەلیاتی دارتوو ئەم ڕۆژە تەواو نەبوو. هێزی هەوشار دوای ئەو ڕووداوە چەندین عه‌مه‌لیاتی سه‌ربه‌رزانه‌ی دیکەیان بە یادی شەهیدانی دارتوو بەڕێوە برد و به رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌یان سه‌لماند که هێزی هه‌وشار هەروا خۆڕاگر و لە شکان نەهاتووە.
( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)