Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

قازی محەممەد، قۆناغەکانی دروستبوونی ڕێبەرێکی کاریزما 1

07/05/2018 | 01:18:59
+A
-A
عومەر باڵەکی

یازدەی بانەمەڕی هەر ساڵێک بۆ کورد بیرخەرەوەی ڕۆژی لە دایک بوونی پێشەوا قازی محەممەدە، بیرمهندێک و ڕێبهرێک که به سهرۆکایهتیی جووڵانهوهیهکی سیاسی، نوقتە گۆڕانێکی ئەوتۆی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا پێک هێنا کە دوای تێپەر بوونی ٧٢ساڵ، نەمانی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی زاڵ بە سەر کوردستاندا و، تەنانەت ئاڵوگۆڕ لە سیستمی دەسەڵاتدارانی ئەو دەوڵەتانەدا، ئیستاش بیر و فکر و ئەندێشەی پێشەوا بە ڕوخساری جووڵانەوەی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەبینرێ و لە ئاڵا و سروودی نیشتمانی و ناوی پێشمەرگە و…دا خۆێ دەردەخا.
قازی محەممەد کوری قازی عەلی کوڕی میرزا قاسمی قازییە. قازی محەممەد بە پێی هەموو سەرچاوە بەردەستەکان خوێندنی سەرەتایی لای قازی عەلیی باوکی خوێندووە و ماوەیەکیش بۆ خوێندن چۆتە خانهقای شەرهفکهند(خانقای شێخی بورهان) و، ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبی و سەرف و نەحوی عەرهبیی لای باوکی و زاناکانی دیکەی ناوچە خویندووە. قازی محهممهد لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای فێربوون بووە، هەر بۆیە لەهەر جیگایە و لای هەر کەسێک هەستی کردبێ کە دەتوانی شتێک فێر بێ و بە زانستی زیاد بکا، لە چوون بۆ ئەو شوێنە یا لای ئەو کەسە درێغی نەکردووە؛ بۆیهش بێجگە لە زمانەکانی کوردی و فارسی و تورکی کە لە ناوچەکەدا باو بوون، ئاشنا بە زمانەکانی عەرەبی، ڕووسی، ئینگلیسی و فەرانسەویش بووە .
باسکردن ولێکدانەوە لە سەر کەسایەتیی پێشەوا کارێکی دژوارە وسەختە، چونکە پێویستە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی پێشەوا بکرێتە بابەتی توێژینەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی توێژەر و کەسانی ئاکادمیک، بەڵام لە بەرەبەری ١١ی بانەمەر، ڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا بۆ ڕێزگرتن لەو ڕۆژه؛ له زنجیره نووسینێکدا، له ڕوانگەی کۆمەڵێک نوسەر وکەسایەتیی سیاسی کە لە سەر کەسایەتی پێشەوا وتار و بابەتیان نووسیووە، لێرەدا بەکورتی باسیان دەکەین. ڕەنگە ئەو کورتە باسە بە هیچ جور لە ئاستی کەسایەتیی بەرزی پێشەوادا نەبێ، بەڵام دەتوانی ڕێز و وەفایەک بێ بۆ رێبەر وپێشەوای هەردەم زیندوو.
ــ خەلیل فەتاحی قازی لە کتێبی (تاریخچەی خانوادەی قاضی در مهاباد) لهبارهی هۆگریی پێشەوا بە فیر وون و خوێندنەوە ئاوا دەنووسی: «… لە کەمترین هەل کەلکی وەردەگرت بۆ فێر بوونی زانست و زانین، هەموو کات کتیب یا گۆڤارێک یا ڕۆژنامەیەکی بە دەستەوە بوو، زۆربەی کاتەکان کە بە شەقام یا کۆڵانێکدا بە پیادە تێپەر دەبوو، خەریکی خویندنەوەی ڕۆژنامە یا گۆڤارێک دەبوو؛ واتا بە دەم ڕۆیشتنەوە بابەتەکانی دەخوێندەوە.»
هەر ئەو هۆگرییە بە عیلم و زانست ئەو باوەڕەی لای پێشەوا دروست کردبوو کە نەتەوەکان تەنیا لە ڕێگای عیلم و زانستهوه دەتوانن پێش بکەون و بە سەر کۆسپەکاندا زاڵ بن. بۆیە پیشەوا زۆری پشتیوانی لەو خوێندکارانە دەکرد کە خەرێکی خویندنی زانستەکانی ئەو سەردەم بوون و هەر ئەوە وای کردبوو لەلای خوێندکارانی دینی کە ئەو سەردەم خوێندنی دینی باو بوو، پێشەوا زۆر خۆشەویست و جێگای حورمەت بێ و وهک سەرپەرستی خۆیان هەڵیبژێرن.
ماموستا عهبدوڵلا حهسهنزاده لە وتارێکدا لەژێر سەردێری «لە سەر ژیانی پێشەوا» لە ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٥، خاکەلێوەی ١٣٥١دا باس لە هۆگریی پێشەوا بە فێربوونی زانست و عیلمی سەردەم دەکا: «…. هێشتا مێر منداڵ بوو کە لە زانستی زەمانی خۆیدا بە ماموستا دەناسرا. پاش ئیجازە وەرگرتن بەرگی مەلایانەی لە بەر نەکرد، لە گۆشەی حوجرە دانەنێشت و چالاکانە خەریکی کاری کۆمەڵایەتی بوو . بێ ئەوەی مووچە وەربگرێ، نوێنەرایهتیی فەرهەنگی مەهابادی وەئەستۆ گرت. یەکەمین قوتابخانەی نوێی ئەم شارە لە سایەی هەڵسووڕان و تێکۆشانی ئەودا دروست کرا کە خۆی بە سەری ڕادەگەیشت و دەرسیشی دەگوتەوە. بناغەی یهکهمی نەخۆشخانەی مەهابادیش بە دەستی ئەو داڕێژرا و لە ژێر چاوەدێریی ئەودا کەوتە کار…»
ماموستا حهسهنزاده لە درێژەی بابەتەکهدا دەنووسێ: «… ڕەنگە هەوەڵ زانای ئایینی مەهاباد، بەڵکوو کوردستان بێ کە بێ ئەوەی گوێ بداتە سەرکۆنە و تەوس و پلاری کۆنە پەرستان لە گەل فەرەنگیان و غەیرەدینان هەستاوە و دانیشتووە و هاتوچۆی کردوون و فێری زمان و ڕێوشوێنی ڕۆژئاوایی بووە …. زۆر بە موتالا وخوێندنەوە خەرێک بوو، لە کتێبخانەکەی کونترین و تازەترین کتێب بەزمانەکانی جۆربەجۆر وەگیر دەکەوت. لە تەواوی ژیانیدا جگە لە کتێب هیچ دیارییەکی لە کەس نەگێڕاوەتەوە.»
ــ سەعید هومایوون لە کتێبی بیرەوەرییەکانی لەژێر ناوی «پێشەوای ڕابوون»دا لهبارهی هۆگریی پێشەوا بە فێربوون و ئاگاداری لە ڕووداوەکانی ناوچە و جیهان ئاوا باس دەکا: «قازی محەممەد بۆ ئاگاداری و تێگەیشتن لە وەزعی ڕۆژانەی جیهان و نێوخۆی وڵات زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی وەک: ڕۆژنامەکانی «شفق سرخ»، «اطلاعات» و گۆڤاری «پیمان»ی ئەحمەد کەسرەوی و گۆڤاری کوردیی «گەڵاوێژ» کە ماموستا عەلائهددین سەججادی لە بەغدا دەری دەکرد ، پەیدای دەکرد و دەیخوێندنەوە.» لە سەرەتای سیستمی نوێی خوێندن و دامەزرانی قوتابخانەکاندا سەرپەرەستیی ئیدارهی فەرهەنگ لە ئەستۆی ئهبولحهسهن سهیفولقوزات بوو، بەڵام دوای ماوەیەک بەرپرسایەتییەکەی درا بە قازی محەممەد. لەو ماوەی کە بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ بوو کاری زۆری بۆ کرد و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەهاباد کراوەتەوە. بەڵام دوای ماوهیەک بە هۆی کاری قەزاوت و پێڕاگەیشتن بە کاری خەڵک و عەشیرەتەکان و… وازی لە کاری ئیداری هێنا کە ئەوە هاوکاتە لەگەڵ سهپاندنی قانوونی «متحدالشکل کردن لیباس» بە دەستووری ڕەزا شا. خەلیل فەتاحی قازی دەنووسێ: «دەبێ ئیشارە بەوە بکەم چونکە ئەو سەردەم بوون لە کاری دەوڵەتی پێوێستی بە پۆشینی جلوبەرگی هاوڕەنگ هەبوو و قازی محهممەدیش که ئامادە نەبوو واز لە پۆشینی جلوبەرگی مەلایەتی و کاری قەزاوەت بێنێ، دەستی لە کاری دەوڵەتێ کێشایەوە.»
ــ لە کتێبی پێشەوای ڕابوون، «بیرەوەریەکانی سەعید هومایوون»، وەرگێرانی ڕەسولی سوڵتانیدا بەوشێوەیە باس لە دژایەتیی پێشەوا لەگەڵ هاوشکڵکردنی جلوبەرگ دەکا: «بویریی قازی محەممەد وێردی سەر زمانی خەڵک بوو . قەت سەری بۆ ملهوڕان و نێردراوانی دەوڵهت دانەدەنواند. لەکاتی حکوومەتی ڕەزاشادا ئەو دەمەی سەید مەهدی فەڕوخ، ئوستانداری ئازربایجان بۆ سەراسوێی و تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە هاتە مەهاباد؛ گەورە پیاوان و سەرۆکی ئیدارەکان پێشوازییان لێ کرد. ئەویش بۆ خۆنواندن و چاوتڕسێنکردنی خەڵک و مەئموورەکانی، ڕوو دهکاته قازی محەممەد و دەڵێ: بۆچی جلوبەرگی یونیفۆرمت لە بەر نەکردووە؟ قازی بەو پەری بوێرییەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ: ئهمن قازی شار و ناوچەم و حەقی دادوەریی شەرعیم هەیە و ئازادم لە پۆشینی جلوبەرگی مەلایەتی. دوای ئەو قسەیە قازی هەڵدەستی و بەجێیان دەهێڵێ و دەچێتەوە ماڵێ. هەر چی فەرماندار و بەرپرسی ئیدارەکان تکای لێ دەکەن حازر نابێ بچێتەوە لای پارێزگار.»
ــ دوکتور قاسملوو لە چل ساڵ خەباتدا لهبارهی پێشەوا ئاوا دەنووسێ: «ئەو شەخسییەتە مەزنە لە مێژووی گەلی کورددا پلە و مەقامێکی تایبەتی و بەرزی هەیە کە پێویستە لاوانی تازە پێگەیشتوو لە گەلی ئاشنا بن و لە ژیانی دەرس وەربگرن. هەرچەند تەمەنی زۆر درێژ نەبوو بەڵام پێشەوا قازی محەممەد ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو بووکە لەو ڕۆژگارەدا وێنەی لەنێو نەتەوەی کورددا زۆر کەم بەدی دەکرا … لەگەڵ ئەوە کە ڕووناکبیرێکی پایەبەرز بوو لە نێو خەڵکێکی ساویلکە و بەداخەوە بەشی زۆری نەخویندەواردا دەژیا، بەڵام دیسانەکە لە گەلی خۆی نیزیک بوو، له دەرد وئازار و هیوا و ئاواتەکانی زۆر باش تێ گەیشتبوو و لە هێنانە گۆڕێ و دەرخستنی ئەو دەرد و ئازار و هیوا و ئاواتانەدا لە هەموو کەس سەرکەوتووتر بوو. بە خۆڕایی نەبوو کە لای خەڵکی کوردستان ئەوەندە خۆشەویست بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا خەڵک نازناوی پێشەوای پێدابوو… پێشهوا گوڵێک بوو لە سەحرا ڕووا بوو.»
ــ ئارچیباڵد ڕۆزوێڵت لە کتێبی «شوق آموختن» (وهرگێڕانی قادر وریا)، لهو بەشەی باسی کوردستانی ئێران دەکا، بەو شێوەیە باسی پێشەوا دەکا: « … بە گشتی خەڵک لە قازی ڕازی بوون و دەیانگوت کە پێکهاتنی دەوڵەتەکەی ئەو لە دوای قوناغی ڕەزاشا، سەرکەوتنێکی گەورە بووە و تەنیا نیگەرانی ئەوە بوون کە دەوڵەتەکە نەمێنێ…. ئەوان مەمنوونی شووڕەوی بوون کە ئیمکانی سەربەخۆیی بۆپێک هێناون، بەڵام لە سەر دەخاڵەت نەکردنی شوورەوی لە کاروباری وڵاتەکەیاندا و هاتوچۆنەکردنی مەئموورانی شوورەوی بۆ سەر شارەکەیان پێیان دادەگرت…»
وهک باس کرا پێشەوا هۆگرییەکی زۆری بۆ خوێندن و زانست هەبوو و هەمووکات پێی وابوو کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری بههۆی خوێندنی عیلم و زانستە و ئەو بۆچوونەی خۆی لە وتووێژ لە گەڵ ئارچیبالد ڕۆزوێڵت لهبارهی سیاسەتی ئەمریکادا بهمجۆره دێنێته بهرباس: «… ئەگەر ئەمریکا لە جیاتی ناردنی سێ هەزار سەرباز بۆ ئێران، تەنیا سەد مامۆستا (معلم)ی ناردبایە لەو وڵاتە چ دەقەوما؟ بەڵام ئەمریکاییهکان لە جیاتی یارمەتیدانی ئیمە، یارمەتیی دوژمنانی ئیمە، بۆ وێنە توورکەکانیان دا و ئەویش لە ڕێگەی ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ سەرکوتکردنی ئیمە.»
ــ ماموستا عەبدوڵڵا حەسهنزادە لە وتارێکی دیکهدا کە لە ڕۆژنامەی کوردستان لەژێر ناوی «با لە قازی محەممەدەوە فێر بین» بڵاو بۆتەوە؛ ئاوا دەنووسێ: «… پێشەوا سیاسەتمەدارێکی واقیعبین بوو. هیچ کات ئاوات و ئارەزووی لە جێی ڕاستی دانەدەنا و لە بارەی توانا و ئیمکاناتی خەباتگێریی خەڵک بە هەڵەدا نەدەچوو. ئەو دروشم و سیاسەتانەی بۆ کۆماری کوردستان هەڵی بژاردبوون کە دروشمی ستراتیژیکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لهوانەوه سەرچاوە دەگرێ نیشانەی ئەو واقیعبینیەن…»
درێژەی هەیە…

( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)