Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 20/11/2018 | کاتژمێر:
هزروکولتور

لەشفرۆشی لە ئێرانی ئیسلامیدا شەوی به ٥هەزار تمەن

07/05/2018 | 01:16:59
+A
-A
باوان عەلیزادە

لەو ماوەیەدا چەند جارێک پرسی منداڵانی سەرشەقام، کۆکردنەوەی ئەو منداڵانە و ناردنیان بۆ ئۆردووگاکانی زۆرەملێ و پاشان بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی کردنە سەر سەدی 90ی ئەو منداڵانە هەڵڵای زۆری ناوەتەوە.

ڕەزا قەدیمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتیی شارەوانیی تاران دەڵێ ئاماری منداڵانی خوار 15 ساڵ کە لەسەر شەقامەکان سواڵ دەکەن، یان بە کاری سەرپێیی وەک خاوێنکردنەوەی شووشەی ئوتومبیل و فرۆشتنی بنێشت و گوڵ و دەسماڵ کاغەزییەوە خەریکن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.

چاوەدێرانی کۆمەڵایەتیش دەڵێن حکومەت نایهەوێ یان ناتوانێ چارەسەری ئەو دیاردەیە بکا، بەڵام ئەرکەکان لەو پێوەندییەدا دیارن؛ دەوڵەت دەبێ بنەماڵەی ئەو منداڵانە ببینێتەوە و ئەگەر زانی بەهۆی هەژارییە ڕوویان لە شەقام کردوە، پێیان ڕابگا؛ یان ئەگەر لە خوێندن دابڕاون بۆ قوتابخانەیان بگەڕێنێتەوە؛ ئەگەر کێشەی بێهداشتی و ساغی و سڵامەتییان هەیە ئاوڕیان لێ بداتەوە و چارەسەریان بۆ بکا؛  بەڵام ئەوانە هەموو تێچوویان هەیە و دەوڵەت نایهەوێ خۆی بەوانەوە خەریک بکا و خەرجیان لێ بکا.

منداڵانی کار لە ئێران پێشتر لە کورەخانە و کارگە پیشەییەکان وەبەرکار دەنران، بەڵام لە بارودۆخی ئابووریی ئێستادا کە بەشی پیشەسازیی وڵاتی ئیفلیج کردوە، ئەو منداڵانە ئێستا شوێنیان بۆ زبڵخانەکان گواستۆتەوە و کارەکەش بۆ دەوڵەت دەکەن. ئەوان زبڵەکان دێننە کورەخانە چۆلکراوەکان و لەوێ لە یەکتریان جیا دەکەنەوە و دەیاندەنە ئەو بەڵێندەرانەی شارەوانی کە کاری وەبەرههێنانەوە لە زبڵوزاڵەکان دەکەن.

ئیلهام فەخاری، ئەندامی ئەنجومەنی شاری تاران دەڵێ دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ئەو منداڵانە گەورەترین زیان و خەسار و مەترسیی سەر ئەو منداڵانەیە. ناوبراو کاری لەسەر کەیسی کچێک بە ناوی «ڕەعنا» کردوە، کچێك کە هەم دایک و هەم باوکی موعتاد بە مادەی هۆشبەر بوون و ئەو کە هێشتا خۆی نەناسیبوو دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

ڕەعنا ئێستا 19 ساڵی تەمەنە و لە تەمەنی 7 ساڵییەوە وەبەرکار نراوە، ئەویش نەک دەستگێڕی، نە پاککردنەوەی شوشەی ئوتومبیل و گوڵ و بنێشت فرۆشتن؛ بەڵکوو کار لە کارگەی کەرستەکانی ئوتومبیل.

ئەو دەڵێ تەمەنم 8 ساڵ بوو، لە کارگەیەکی دارتاشیدا وەبەر کارکردنیان نابووم و شەوانەش لەوێ دەمامەوە. خاوەنی کارگەکە ئێوارەیەک هاتەوە کارگە و بانگی کردمە ژوورەکەی خۆی. پێنج هەزار تمەنی خستە گیرفانمەوە و دەستدرێژیی کردە سەرم…

خاوەنی کارگەکە دوای ماوەیەک لێی وەڕەز دەبێ و بەڕەڵلای دەکا. ڕەعنای خوار تەمەن 10 ساڵ کە ئیدی عادەتی بەو دۆخە گرتبوو، بۆ بژیوی ژیانی و بۆ پارووە نانێک کە دەبوا بۆ خۆی و دوو خوشکەکەی بەرێتەوە، بۆ دوو هەزار تمەنیش ناچار بووە لەشی خۆی بخاتە بەر دەستی بەلال فرۆش و سەروپێ فرۆشی ئەو گەڕەک و شەقامەی لێی دەژیا.

ڕەعنا یەک لەو هەزاران منداڵەیە ڕۆژانە دەبنە قوربانیی دەستدرێژی. ئەو قوربانییانەی نە قەت دەنگی لێ دەردێنن و نە کەس بەو دەرد و ژانە دەزانێ کە بەسەریان هاتووە.

لە پرسی منداڵان و که‌لکی جینسی وه‌رگرتن له‌وان بترازێ، هەواڵدەریی «موج»یش باس لە بوونی 10 هەزار لەشفرۆش تەنیا لە تاران دەكا، كە سەدی 35ی ئەوان مێرد و منداڵیان هەیە. هۆكاری لەشفرۆشیی بەشێك لەم ژنانە، هەژاری و دابینكردنی مادەی هۆشبەر بۆخۆیان یان بۆ مێردەكانیان ڕاگەیەندراوە.

كاربەدەستە پلەبەرزەكانی حكوومەتیش لە ئێران گوێیان لە زەنگی مەترسیی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان بووە و کاردانەوەی تایبەت بە خۆیان بووە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە كاردانەوە بە نیسبەت ئەم مەسەلە و پەرەسەندنی لە ڕادەبەدەری قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە، بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له‌ شێوه‌ی حکومه‌تداری ‌و به‌ڕیوه‌بردنی وڵات بداته‌وه‌، «دوژمن»ی بە هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی ئەم گرفتانە زانیوە.

فەرەحناز سەلیمی، بەڕێوەبەری حەشیمەتی «ئافتاب» ڕایگەیاندوە: لەم وڵاتە كەسانێك دەژین كە تەنیا بۆ دابینكردنی ژەمە خواردنێك لەشفرۆشی دەكەن.

فەرەحناز سەلیمی نرخی لەشفرۆشیی ژنانی بۆ جۆری كەسەكان گەڕاندۆتەوە و ئەوانی لە‌ گرووپی «لووكس» و گرووپی «سادە»دا پۆلین كردوە و دەڵێ: ئەم كەسانە لە شەوی چەند سەد هەزار تمەن‌ڕا تا شەوی 5 هەزار تمەن خۆیان دەفرۆشن، بەڵام نێونجیی نرخەكانیان شەوی 60 هەزار تمەنە.

ناوبراو دەڵێ سەدی 60ی لەشفرۆشانی تاران موعتادن یان پێشینەی ئیعتیادیان هەیە و هێندێك پیاویش هەن كە بۆ دابینكردنی مادەی هۆشبەر ژنەكانیان دەفرۆشن.

لە لایەكی دیكەشەوە تەمەنی زۆربەی لەشفرۆشەكانی تاران ژێر 30 ساڵ بووە و ئاستی خوێندەواریی سەدی 30 ژنانی لەشفرۆش دیپڵۆم یان بەرزترە، سەدی 50ی ئەوان ژێر دیپڵۆمن ‌و تا سیكلیان خوێندووە و ڕێژەیەكی كەمی ئەوانیش نەخوێندەوارن.

حەشیمەتی «ئافتاب» كاری لە سەر 600 پەروەندەی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان کردوە و بە قسەی بەڕێوەبەری «ئافتاب» نیوەی ئەم پەروەندانە پێوەندییان بە كەسانی لەشفرۆشەوە هەیە. نزیكەی سەدی 30 ئەم ژنانە، ئەم ژنانەن كە مێردەكانیان زیندانین ‌و سەدی 15ی دیكەشیان بۆخۆیان زیندانی كراون.

لەگەل هەموو ئەوانەدا تا ئێستاشی لەگەڵ بێ كۆمەڵێك بەرپرس‌ و كاربەدەستی دیكە ده‌یانه‌وێ و پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پەروەندەی لەشفرۆشانی ئێران بە داخراوی بمێنێتەوە، چونكە لەوانەیە پێیان وابێ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر ئەم جۆرە پەروەندانە قوبح و شوورەیی ئەم مەسەلە لەنێو دەبا و بەڕای ئەوان ئەم بابەتە تابۆیەكە كە نابێ بشکێ.

كارناسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەڵێن هه‌ژاری ‌‌و ده‌سكورتی‌، بێكاری‌، ته‌ڵاق، بێ‌ هانا و پشتیوان مانه‌وه‌ی‌ ژنانی‌ سه‌رپه‌رستی‌ خێزان، چوونه‌ سه‌رێی‌ ته‌مه‌نی‌ پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش، چوونه‌سه‌رێی‌ ڕێژه‌ی‌ ژنانی‌ گیرۆده‌ به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و خواستی‌ زۆری‌ پیاوانی‌ تامه‌زرۆی‌ سێکس هۆکاری لەشفرۆشین. به‌ڵام گرینگ لێره‌دا خه‌مساردی‌ به‌رپرسان و به‌رێوه‌به‌رانی‌ وڵاته‌ كه‌ وا سووك و ساناو بێ‌ هیچ پلان و پڕۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ریی‌ قه‌یران و خه‌ساره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ته‌نیشت ئه‌و خه‌سارانه‌ تێ‌ ده‌په‌ڕن كه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێراندا په‌ره‌ ده‌ستێنن.

ئێرە ئێرانی ئیسلامییە، ڕێژیمێک کە ڕەوایی دەسەڵاتەکەی لە ئاسمانەوە وەردەگرێ و ئیدیعا دەکا مۆدێلێکی وەها سەرکەوتووی لە ئیدارەی وڵات پێشکێش کردوە کە دەبێ وڵاتانن و کۆمەڵگای جیهانی لێی فێر بن!!

( لە ژمارەی ٧٢٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)