دوای تێپەڕبوونی ٢٢ رۆژ لە مانگرتنی بەشێکی بەرچاو لە دووکانداران و کاسبکارانی کورد، بە دژی داخستنی دەروازە سنوورییەکان، ئەگەرچی میدیا حکوومییەکان و بەرپرسان لەوبارەوە بە خەمساردییەوە هەڵسوکەوتیان کردوە، بەڵام خوڕاگری خەڵکی بانە و ناڕەزایەتیی مەدەنییانەی دووکانداران و کاسبکارانی ئەوشارە بووتە باسی رۆژەڤی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکان لە یەکەم رۆژی مانگرتن بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە بە بێدەنگی کۆتایی بەو مانگرتنە بهێنن، بەڵام مانگرتووانی بانەیی تا ئەمرۆ ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ لە مانگرتن هەر بەردەوامن.
دوای تێپەڕبوونی ٢٢ رۆژ لە ناڕەزایەتی دەربڕینی دووکانداران و بازاڕییانی کورد لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان ، ئەو مانگرتننانە لە میدیاکانی بیانی و بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی هەبووە.
رۆژی ڕابردوو لە شاری تاران لە کۆڵانەکانی نیزیک بە فۆڵکەی حەسەنئاوا بە درووشمی، مانگرتنی کوردستان، نموونەیەک بۆ ئێران، باس لە خۆڕاگری و بەردەوامبوونی خەڵکی کورد کراوە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژی دۆخی نالەباری ئابووری.
ئەمە لە کاتێکدایە ناوە ناوە لە شارەکانی دیکەی ئێران گردبوونەوەو مانگرتنی کرێکاران و چین و توێژەکانی دیکە هەر بەردەوامە.
شیاوی باسە هاوکات لە گەڵ درێژەی مانگرتنەکانی شاری بانە لە شارەکانی دیکە ئێران و کوردستان نموونەی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک بەدژی دۆخی ئابووری و گرفتەکان دەبیندرێ.
جێیئاژەیە درێژەی مانگرتنەکانی دووکانداران و بازاڕییانی شاری بانە بەرپرسانی ڕیژیم هەست بە مەترسی دەکەن وهەر بۆیە هێندێک لە دامودەزگا حکوومییەکان بە تایبەتی شیرکەتی نەوت، بە نووسین نامەی فەرمی هەڕەشەیان لە کارمەند و کارفەرماکانی خۆیان کردوە کە لە هەرچەشنە مانگرتنێک خۆیان بپارێزن ، دەنا بە توندی سزا دەدرێن.