بە پێی هەواڵێک کە لە شاری پیرانشارەوە بە دەستمان گەشتووە سەرلە بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بەڕێز کاک خالید ئەحمەدی، برا گەورەی هاوڕێی تێکۆشەر و فەرماندەی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک مراد ئەحمەدی، لە تەمەنی ٧١ ساڵی دا لە شاری پیرانشار ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
کاک خالید شەوی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ئامێزی بنەماڵەیەکی کورد پەروەری شاری پیرانشار دا لە دایک بوو. ناوبراو کوڕە گەورەی بنەماڵە بوو و هەر بەو هۆیەشەوە خوەن ڕێزێکی تایبەت بوو لە ناو بنەمالە و کەس وکاری دا. کاک خالید مرۆڤێکی خاوەن هەڵوێست، دڵفراوان و خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵک بوو. هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی برا پێشمەرگەکەی و دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەمان بوو. ئاواتی کاک خالید بینینەوە برا دوورە ولاتەکەی واتە کاک مرادی ئەحمەدی و ئازادی کورد و کوردستان بوو، بەڵام بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئاواتەکانی بێنە دیی.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی ناوادەی کاک خالید ئەحمەدی،یەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی هاوڕێی ئازیزمان کاک مراد ئەحمەدی و بنەماڵەی سەربەرزی دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.