Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۵ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 16/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده بۆ ڕۆژنامه‌ی “ئه‌لقه‌به‌س″ی کوه‌یتی: رێژیمی تاران مه‌حکووم به نه‌مانه

05/05/2018 | 01:48:58
+A
-A
دیمانە: مەسعود محەممەد

ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که خه‌ڵکی ئێران گه‌یشتۆته خاڵێکی بێ گه‌ڕانه‌وه، ئه‌وه‌ش‌ به‌هۆی بێ توانایی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشخستنی وڵات و دابینکردنی گوزه‌ران و دێموکراسی و به‌فیڕۆدانی توانا و ئیمکاناتی خه‌ڵکی ئێران له‌ پڕۆژه‌ی فراوانخوازی و دژمنکارانه  له ناوچه‌دا.

له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لقه‌به‌سی کوه‌یتی، حه‌سه‌ن‌زاده باسی ئه‌وه‌ی کرد که ڕێژیمی ئێران خه‌ڵکی ئێران ده‌کاته قوربانیی گرژی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی دەست دەکاروباریان وەردەدا و گوتی: “خه‌ڵکی ئێران له سیاسەتە نێوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کانی ڕێژیم بێزار بووه. کۆماری ئیسلامی ئاینده‌ی نیه و دره‌نگ یا زوو هه‌ر ده‌بێ ڕێژیمێکی دێموکراتیک جێگای بگرێته‌وه”.

لەبارەی ناڕه‌زایه‌تییه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌كانی خه‌ڵکی ئێران به‌دژی رێژیم که ناوبه‌ناو ڕوو ده‌ده‌ن و له تارانه‌وه هه‌تا کوردستان و ئه‌هواز ده‌گرنه‌وه، حه‌سه‌ن‌زاده گوتی :”ئه‌مه یه‌كه‌م جار نیه که خه‌ڵکی ئێران به‌دژی کۆماری ئیسلامی ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام. به‌ڵام خۆپێشاندانه‌کانی ئه‌مساڵ له‌ هێندێک ڕووه‌وه له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی پێشووتر جیاواز بوو. قه‌باره‌ و به‌ربڵاویی خۆپێشاندانه‌کان بێ وێنه بوو، چونکه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ و ناهاوکاتیش بێ، زۆربه‌ی شاره‌کانی ئێرانی گرتبۆوه. ئه‌وه جگه له‌وه‌ که خۆپێشاندانه‌کان ئه‌گه‌رچی پاڵنه‌ری سه‌ره‌کییان پاڵنه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو که بریتییه له هه‌ژاری و گه‌نده‌ڵی،بەڵام به‌ڕاستی جه‌ماوه‌ری بوون و له تاقه توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئیدئۆلۆژیدا خولاسه نه‌بوونه‌وه”.

به ئامانج گرتنی خامنه‌یی

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاکێشا که “ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مساڵ ڕێژیمیان له ته‌واوه‌تیی خۆیدا کردۆته ئامانج به ڕێبه‌ری باڵاشه‌وه که عه‌لی خامنه‌ییه، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه که خه‌ڵکی ئێران چیدیکه باوه‌ڕ به ئیمکانی ڕێفۆرم له سایه‌ی کۆماری ئیسلامیدا ناکا و له ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان باڵه‌كانی ڕێژیم ماندوو بوون”. به باوه‌ڕی ناوبراو “کێشه‌ نێوخۆییه‌کانی ڕێژیم و فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دۆخه‌که‌ی له‌بارتر کردووه بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی ئێران وه‌دی بێ”. به‌ڵام حه‌سه‌ن‌زاده دانی به‌وه‌ش دانا که “شه‌پۆلی ئه‌مجاره‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێك که‌موکوڕی و دژواری به‌ره‌وڕووویه، وه‌ك نه‌بوونی سازوکارێکی شۆڕشگێڕانه یا سیاسی که ڕێکی بخا و ئاقارێکی ڕوونی پێ بدا، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سه‌رکردایه‌تییه‌ك که بتوانێ ببێته ئه‌لترناتیڤی ڕێژیم”. ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی :”له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که خه‌ڵکی ئێران ئێستا ترسیان له ڕێژیم شکاوه به‌تایبه‌تی که ئه‌مجاره ڕێژیم له‌وه که ده‌ست بۆ سه‌رکوتی به‌ربڵاو و خوێنڕشتن ببا دوودڵه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کار بگاته چاره‌نووس و هه‌رمانی رێژیم، ئه‌و ڕێژیمه هه‌ر جۆره بزوتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی به توندی سه‌رکوت ده‌كا، ڕێژیمێک که به‌ سه‌رکوتی بێباکانه و ده‌ستبردن بۆ توندوتیژی به‌ناوبانگه، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نیا له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی ئێران به‌ڵکوو له وڵاتانی دیکه‌ش وه‌ك له عێراق و لوبنان و سووریه و یه‌مه‌ن. هه‌ربۆیه سیاسه‌تی به‌ربڵاوی سه‌رکوت و تێرۆری ڕێژیم به‌دژی خه‌ڵکی ئێران له‌مه‌ودواش به‌دوور نازانرێ”.

داهاتووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان

ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده له درێژه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که :”ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ڕێژیم بتوانێ ده‌ره‌نجامه‌کانی شه‌پۆلی ئه‌م دواییانه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیش بۆ ماوه‌یه‌ك سنووردار بکا، خه‌ڵكی ئێران گه‌یشتۆته نوخته‌یه‌کی بێ گه‌ڕانه‌وه. ئه‌وه‌ش به‌هۆی بێ‌توانایی ڕێژیم بۆ پێشخستنی وڵات و ده‌سته‌به‌رکردنی گوزه‌ران و دێموکڕاسی بۆ خه‌ڵک و هەروەها بەهۆی به‌فیڕۆدانی وزه‌ و تواناکانی ئێران له به‌رنامه‌کانی فراوانخوازی و دەستدرێژی له ناوچه‌دا که ته‌نیا نه‌یاریی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه که کۆماری ئیسلامی ده‌ست له‌ کاروباریان وه‌رده‌دا. خه‌ڵک له سیاسەتە نێوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کانی رێژیم ماندوو بوون. کۆماری ئیسلامی ئاینده‌ی نیه و دره‌نگ یا زوو هه‌ر ده‌بێ شوێنی خۆی بدا به ئه‌لترناتیڤێکی دێموکراتیک”.

حه‌سه‌ن‌زاده لەبارەی داهاتووی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان گوتی “سه‌رکه‌وتنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک به سێ هۆکار به‌ستراوه‌ته‌وه: یه‌كه‌م، به‌شداریی هه‌رچی زیاتر و به‌رفراوانتری خه‌ڵک له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له‌مه‌ودوادا؛ دووه‌م، توانای ئۆپۆزیسیۆنی ئێران که به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه یه‌ك بگرێ و بتوانێ ئه‌لترناتیڤێكی جێگای متمانه پێشکه‌ش بکا؛ سێهه‌م، هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌هاناوه‌هاتنی خه‌ڵکی ئێران له حاڵه‌تێکدا که رێژیم له‌سه‌ر ئه‌وه ساغ بێته‌وه که بڵێسەی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به ئاگر و ئاسن دامرکێنێ”.

هه‌ڵسه‌نگاندنی [کورده‌کان] بۆ بزوتنه‌وه‌كه

سه‌باره‌ت به روانینی کورده‌کانی ئێران بۆ ناره‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌م ساڵ، حه‌سه‌ن‌زاده گوتی: “کورده‌کانی ئێران ڕابردوویه‌كی دوور و درێژیان له خه‌باتی ڕێكوپێک به‌دژی کۆماری ئیسلامی هه‌یه و بزاڤی ئه‌وان له ڕووی چالاکی و ڕێکخستنه‌وه له هی هه‌موو گه‌لانی دیکه‌ی ئێران ده‌وڵه‌مه‌ندتره. کاتێك ئه‌‌م ڕێژیمه هاته سه‌ر کار، کورده‌کان ته‌نیا  به‌شی خه‌ڵکی ئێران بوون که “نا”یان به ڕێژیمی خومه‌ینی گوت و ڕێگای به‌ره‌نگارییان هه‌ڵبژارد، ئه‌مه‌ش وه‌ك وڵامێک بۆ لاساری و ملنه‌دانی ئه‌و ڕێژیمه که چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه و کورده‌کانی به کافر و مولحید دانا و به ناوی ئایینه‌وه شه‌ڕی له‌دژی گه‌‌لی کورد ڕاگه‌یاند. له‌و رێگایه‌شدا کورده‌کان باشترین رێبه‌رانی خۆیان له کوشتارگای خەبات بۆ ئازادیی ئێراندا به‌خشی وه‌ك ڕێبه‌رانی حیزبی ئێمه‌ دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی که له‌لایه‌ن ئه‌و رێژیمه‌وه تێرۆر کران. ئێمه هه‌میشه حازر بووین کێشه‌كان له ڕێگای سیاسی و ئاشتیخوازانه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام ڕێژیم هه‌میشه وڵامی داخوازیی ئاشتیخوازانه‌ی ئێمه‌ی به تێرۆر و سه‌رکوت و دادگای ناعادلانه و به گولله و په‌تی ئێعدام داوه‌ته‌وه”.

حه‌سه‌ن‌زاده دواتر گوتی: “هاوینی ڕابردوو، وه‌ک هاوپێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان و بۆ ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕین بەرامبەر کوشتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی بێگوناح له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیەتییە‌کانی ئێرانه‌وه به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ سنوورییه‌كان، خه‌ڵکی کوردستان چه‌ندین خۆپێشاندانیان وه‌ڕێ خست. به شێوه‌ی دائیمی سه‌دان که‌س له چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی له زیندانه‌کانی ڕێژیم دان  و ده‌یان که‌س له‌وان له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی ئێعدام به‌ره‌وڕوون”.

رووخانی رێژیم

سه‌باره‌ت به‌وه که کورده‌کانی ئێران چییان ده‌وێ، حه‌سه‌ن‌زاده گوتی :”کورده‌کانی ئێران ڕووخانی ڕێژیم و جێگرتنه‌وه‌ی به سیستمێكی دێموکراتیکیان ده‌وێ که داواکاریی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان جێبه‌جێ بکا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی کورد له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باقیی شاره‌کانی ئێراندا تا ئێستا له خۆی نیشان داوه ته‌نیا جۆرێک له پشتیوانی ده‌ربڕین و هاوپێوه‌ندی بووه و تا ئێستا بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تیی گشتگیر هه‌موو کوردستانی ئێرانی نه‌گرتۆته‌وه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که کورده‌کان له‌وه نیگه‌رانن که وه‌ک هه‌موو جارێک ئه‌وان له درێژه‌دانی خۆڕاگری له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێژیمه‌دا به ته‌نیا بمێننه‌وه، به‌تایبه‌ت که هێزه‌کانی ڕێژیم له کوردستان زۆر ئاسانتر ته‌قه له خه‌ڵکی ناڕازی ده‌که‌ن”.

ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده له درێژه‌دا ئه‌وه‌شی زیاد کرد که “زۆربه‌ی کوژراوه‌کانی نا‌ڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئه‌مساڵ خه‌ڵکی کوردستان و لۆرستان و خوزستان بوون، خه‌ڵک له‌و ناوچانه به‌تایبه‌تی له کوردستان زه‌رفیه‌تی ناڕه‌زایه‌تی و به‌ره‌نگاریی ڕێکخراویان زۆره، و به ڕوونی ده‌زانن چییان ده‌وێ. به‌ڵام ده‌بێ له‌وه تێ بگه‌ین که خه‌ڵکی کوردستان به‌په‌له له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌راسه‌ری نا‌که‌ون که پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی ڕوونی له‌پشت نه‌بێ. هێشتا یه‌كگرتوویی سه‌باره‌ت به‌ وه‌ها پڕۆژه‌ و ڕوانینێک دروست نه‌بووه. به‌وحاڵه‌ش پێویسته هه‌موو لایه‌ک پێکه‌وه خۆ بۆ ئه‌و ڕۆژه ئاماده بکه‌ن که ئه‌و ڕێژیمه ده‌ڕووخێ و ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆن دروست بجووڵێته‌وه، ئه‌و ڕۆژه زۆر دوور نابێ”.

دیمانە: مەسعود محەممەد

(له عه‌ره‌بیه‌وه وه‌رگێڕدراوه)