لە کاتێک مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارانی شارە بانە پێی ناوەتە ٢٠مین رۆژی خۆیەوە کە دواکارییەکانی ئەو خەڵکە، لە لایەن بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە پشت گوێ خراوە.
لە درێژەی مانگرتنی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی بانە چەند کەسایەتیی ئایینی و هونەری کورد، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک دەنگی خۆیانیان خستە پاڵ دەنگی مانگرتووانی شار بانەوە.
کاک حەسەن ئەمینی کەسایەتیی ئاییینی ناسراوی کورد بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە خەڵکی ناڕازی شاری بانە و مانگرتووانی ئەوشارە پشتیوانی کرد و خوازیاری ئەوەبوو کە کێشەکانیان چارەسەر بکرێ و خەڵکی کوردستانیش پشتیوانی لە خەڵکی مانگرتووی شاری بانە بکەن.
لە بەشێک لە پەیامی کاک حەسەن ئەمینیدا هاتووە، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتە لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان، دەوڵەت نەتەنیا هەنگاوێکی بۆ چارەسەری گرفتەکانیان هەڵنەهێناوە بەڵکوو دەستی داوەتە هەڕەش کردن و تەنانەت چەندکەس لە مانگرتووان دەسبەسەر کراون، ئەمەلە کاتێکدایە لە هەموو وڵاتانی جیهان مانگرتن و هاتنە سەرشەقامی مەدەنییانە بۆ ویست و داواکارییەکان شتێکی ڕەوا و یاساییەو، دەبێ دەوڵەتیش گوێ لە مانگرتووان بگرێ.
شیاوی باسە چەند مەلایەکی ئایینی دیکەش لە ماوەی ئەم ٢٠رۆژە بە بڵاوکردنەوەی پەیام و هاتنەسەر شەقام و قسە کردن بۆ خەڵک ، لە مانگرتووانی شاری بانە پاڵپشتییان کردوە.
لە درێژەی مانگرتنی گشتیی شاری بانە ، دەرهێنەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد بەهمەن قوبادی لە تۆمارە دەنگێكدا ڕاستەوخۆ ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری هەژاری و بەشمەینەتبوونی خەڵکی کورد دەزانێ و، بە توندی ڕەخنە لێگرتوون.
جێیئاماژەیە لەماوەی ئەم ٢٠ رۆژە بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی وسیاسیی کورد لە تٶرەکۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر هەڵاواردن و خەمساردی بەرپرسانی پێوەندیدار هەڵویستیان گرتووە.