بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ لە بانە، ئەمڕۆ١٠ی بانەمەڕ، بازاڕیان و دوکاندارانی مانگرتووی شاری بانە بۆ ١٦هەمین ڕۆژ بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە، پێداگریی لە جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان کە کردنەوەی سنوورەکانە، دەکەن.
مانگرتنی بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستی پیکردووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ بەردەوامە.
لە درێژەی مانگرتنەکانیاندا ڕۆژی ڕابردوو، دووکانداران و بازاڕیانی شاری بانە بە کۆبوونەوە و ڕاخستنی سفرەی خاڵی لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە داوای جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان و کرانەوەی سنوورکانیان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، دووکانداران و بازاڕییان بە هەڵگرتنی پلاکارتگەڵێک کە لە سەری نووسرابوو، “کرانەوەی سنوورەکان”، “نان و کار” و هەروەها بە دروشمی “چیتان دەوێ هاووڵاتییان ڕۆیشتنی فەرماندار”، داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون بەڵام تا ئێستا وڵامێکی ئەوتۆیان وەرنەگرتووەتەوە.
مانگرتنی دووکانداران و بازاڕییان تەنیا تایبەت بەو چین وتوێژەی شاری بانە نەبووە کە لە سنوورەکاندا کار دەکەن بەڵکوو لەو پەێوەندییەدا، مامۆستایانی ئایینی و کۆمەڵگای پزیشکیش پشتیوانی خۆیان لە مانگرتووانی ئەو شارە دەربڕیوە.
لە بەردەوامیی ئەو مانگرتنانەدا، یەکێک لە پزیشکەکانی شاری بانە بە ناوی “هوشیار ئەحمەدی” بۆ پشتیوانی لە مانگرتووانی ئەو شارە، دەڵێ: هەتا کاتی کرانەوەی سنوورەکان و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی دووکانداران و کاسبکاران، پارەی ویزیت بە دڵخوازی نەخۆشەکان یان هەر بڕە پارەیەک کە بۆ خۆیان دیاری دەکەن، دەبێ.
پشتریش، یەکێک لە خاوەن پاساژەکانی شاری بانە ڕایگەیاندبوو، هەتا کاتی کرانەوەی خالە سنوورەییەکان و کەم کردنەوەی “تەعرفەکانی گۆمرکی” کرێ لە کەس وەرناگرێ.
مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیان شاری بانە لە کاتێکدا پێی نایە ١٦هەمین ڕۆژی خۆی کە پاڕێزگاری سنە داوای کرانەوەی دوکان و بازاڕەکانی کردبوو؛ هەروەها لەو ماوەیەدا، چەندین کەس لە بەرپرسانی باڵای ئیران و نوێنەری مەجلیسی ئێران و تەنانەت ئەماکن و ئیتلاعات هەوڵی کرانەوەی دووکانەکانیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان هەتا ئێستا بێئاکام بووە و خەڵکی وەزاڵەهاتووی بانە وەڵامی کەسیان نەداوەتەوە.
مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییانی شارەکانی کوردستان بە تایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.