هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی شنۆ، دەسڕێژیان لە ئەسپی کاسبکاران کرد و بە دەیان ئەسپیان کوشت.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕۆژی ڕابردوو، ژمارەیەک لە ئەسپی کاسبکارانی کورد، لە گوندەکانی “میرئاوا و پێگەڵە” دەکەونە کەمینی هێزە چەکدارەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە نیزامییەکانیش ئەسپی کاسبکارانی کورد دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە.
لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەیان ئەسپی کاسبکارانی کورد کوژران و چالاکانی مەدەنیش ئەم هەوڵەی هێزەکانی ڕێژیمایان بە تاڵانبردن و فەوتاندنی سامانی خەڵک ناو برد.
هەر لەو پێوەندییەدا و چەند ڕۆژ لەوەپێش ١٣ سەر ئەسپی کاسبکاران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە سنووری شاری پیرانشار کوژراون و لاشەی ئەسپە کوژراوەکانیش لە مەزار و مووچەی خەڵک فڕە دراون.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لاشەی زیاتر لە ١٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە نێو دارستانەکانی گوندی “میرئاوا”ی شاری شنۆ کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژرابوون، دۆزرانەتەوە.
هێزە ئینتزامییەکان پاش کوشتنی ئەسپەکان دەستیان بە سەر کەلوپەلی کاسبکاراندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.