پاش تێپەڕبوون زیاتر لە ٢ دەیە، پەروەندەی یەکێک لە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە شاری بانە بەپێی قانوونی کۆمیسیۆن مادەی ٢ هەتا ئێستا تاوتوێ نەکراوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، پەروەندی جەماڵ عەلیزادە، یەکێك لە قوربانیانی تەقینەوەی مین و باوکی پێنج منداڵ ، کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٣، بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق گیانی خۆی لە دەست داوە، هەتا ئێستا بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و بە ناڕوونی ماوەتەوە.
بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەو پێوەندییەدا دەڵێن: “زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێ، بەڵام پەروەندەی جەماڵ عەلیزادە، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ بەدواداچوونی بۆ نەکراوە.”
لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق قانوونێک بە ناوی کۆمیسیۆنی مادەی ٢ بە مەبەستی پشتیوانی کردن لەو هاووڵاتییانە کە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە هۆی تەقینەوەی مین یان کەرەستەی بەجێماوەی شەڕەوە کوژرا و یان برینداربوون، پەسند و بەڵام کەمتر کاری پێکراوە.
بەپێی ئەو قانوونە، هەر هاووڵاتییەک کە بە هۆی تەقینەوەی مین دەکوژرێ، بریندار یان کەمئەندام دەبێ، پارێزگار بەرپرسیارە کە کۆمیسیۆنی بۆ پێک بێنێ و ئەو هاووڵاتییانەش کە گیانیان لە دەست داوە وەکوو “شەهید” بە ئەژمار بن و ئەگەریش کەمئەندام یا بریندار بوون، دەبێ ڕێژەی کەمئەندامبوونی ناوبراو دیاری بکرێ و لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوی بێهزیستی یان کۆمیتەی ئیمداددا بێ و لە لایەن دەوڵەتەوە هاوکاریی بکرێ بەڵام بە هۆی هەڵاواردن کەمتر کەمینە نەتەوەییو ئایینییەکانی گرتووەتەوە.