محەممەد شەریفی خەڵکی ئاوایی بەفرەوانی ناوچەی شاماتی مەهاباد یەکێک لە تێکۆشەرانی لە مێژینەی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی شاماتەوە بەدەستمان گەیشتووە، رۆژی ٤ی بانەمەڕ محەممەد شەریفی ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٨٥ ساڵەییدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
ئەو تێکۆشەرە لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ بووتە ئەندامی حیزب و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و هیڕش بۆ سەر کوردستان دەرگای ماڵ و ژیانی لە رووی پێشمەرگە و خەباتکارانی دێموکرات ئاوەڵە بووە.
شیاوی باسە کە برازایەکی بە ناوی یووسف شەریفی ئەندامی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد، لە سەنگەری خەباتدا لە ساڵی ٦٢ی هەتاوی شەهید کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری شەریفی، خۆی لە خەمیان بەشدار وشەریک دەزانێ.