بە گوێرەی هەواڵێک کە لە ڕەبەتەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە خاتوو خورشید سووسەنی، دایکی تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوڕێ ئەحمەد مەمەندی ناسرو بە ئەحمەد ڕەبەتی، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٦-٢-١٣٩٧ی هەتاوی بە نەخۆشییەکی کتوپڕ ماڵئاوایی لە ژیان کرد. دایکە خورشید ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە گوندی قازان،ی ناوچەی سەردەشت چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. بە درێژایی دەیان ساڵ خەباتی ئاشكرای گەلەکەمان دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران، دایە خورشید هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوو و هەموو پێشمەرگەکانی بە کوڕەکانی خۆی دەزانی، ژنێکی نیشتمان پەروەر و دڵسۆزی گەل و نیشتمانەکەمان بوو. هەستی نیشتمان پەروەری ئەو دایکە ئازیزە کاری کردە سەر دوو کوڕی بە ناوەکانی کاکە عەزیز و کاک ئەحمەد ڕەبەتی و بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەیان ڕوویان لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کرد. ئاواتی ئەو دایکە ئازادی کوردستان و لە ئامێز گرتنی کوڕە پێشمەرگەکەی بوو کە بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەو ئاواتەی بێتە دیی و ماڵئاوایی لێ کردین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە ئازیزەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەس و کار و بنەماڵەی، بە تایبەت هاوڕێی ئازیزمان کاک ئەحمەد ڕەبەتی و بنەماڵەی دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.