لەکاتێکدا خەڵکی شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخرانی سنوورەکان ناڕازین، بەرپرسانی حکومەت تەنیا بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن و هێشتا هیچ روون نییە. عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری نێوخۆی ئێران دەڵێ: حکومەت پرۆژەیەکی نوێی پەسەندکردووە و هەوڵدەدات چالاکییە کۆڵبەرییەکان لە پارێزگا سنوورییەکان چارەسەر بکات.
وەزیری نێوخۆی ئێران هاوکات داوای لە جێگری ئەمنیی وەزیری نێوخۆیش کردووە لەگەڵ پارێزگارەکان و دەزگا پێوەندیدارەکان تاوەکو هەفتەیەکی دیکە تاوتوێی کێشە و گرفتەکان بکەن و، رێگەچارەکانی خۆیان بخەنەڕوو.
بەگوتەی بیگلەری نوێنەری شارەکانی سەقز وبانە لە پارێزگای سنە 20 هەزار کۆڵبەر هەن، کە هەوڵی زۆر بۆ چارەسەری کێشەکانیان دراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە. بەهمەن مورادنیا، پارێزگاری سنە دەڵێ “لە چەند رۆژی داهاتوودا سەبارەت بە سنوورەکان هەواڵی باش بڵاودەبێتەوە و هەندێ بڕیار دراوە کە جوڵە لە سنوورەکان دروست دەکەن”.
بەگوتەی مورادنیا، بەرپرسان هەموو هاوڕان کە رێگەچارە کورتماوەکان دەردی سنوورنشینەکان دەرمان ناکەن و بەم پێیەش دەبێت رێگەچارەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی بۆ رێکخستنی ئاڵوگۆڕ لە سنوورەکان بدۆزرێتەوە.
ئەم قسانە لە کاتێکدا دەگوترێن کە تا ئێستا بە دەیان جار لەو بەڵێنانە بە خەڵک دراوەو هیچ نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەر بۆیەش کاسبکارانو کۆڵبەران پێیان وایە بەڵێنو قسەی ئەو جارەی بەرپرسان بە هەمان شێوەی پێشوو چەواشەکاریو هێورکردنەوەی بارودۆخەکەیە.
مانگرتنو داخستنی دووکانەکان لە شارە سنوورییەکان پێی نایە دوازەیەمین ڕۆژی خۆیو بێوەێنەترین و درێژماوەترین مانگرتنی نەپساوەی ئێران لە ژمار دێت و دەنگۆی ئەوەش لە لایەن کاسبکارانەوە هەیە کە تا جێبەجێ نەکرانی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لە مانگرتن.
هەر لەو پێوەندییەداو لە لایەکی دیکەوە دانانی باجی چوونەدەرەوە لە ئێران کێشەیەکی دیکەیە کە بەرۆکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی گرتووە. هەرکەسێک لە ئێران بچێتە دەرەوە یەکەمجار دەبێ 220 هەزار تمەن باج بدا و، جارەکانی دواتر زیاتریش دەبێ. ئەمە کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە، خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی لە سنوورەکانەوە هاتووچۆی زۆر دەکەن، بەڵام ئێستا رەوشی ژیانیان ئیفلیج بووە ، خەڵکی دوو دیوی سنوورەکان خزمایەتی و هاتووچۆی بنەماڵەییان پێکەوە هەیە، ئەم باجە کاریگەری خراپ لەسەر ئەمە دادەنێ و هاتووچۆکانیان کەمدەکاتەوە.