خاتوو کەژاڵ ئیبراهیم یەکێک لە سیما دیارو ناسراوەکانی بوواری ئەدەب و شیعری کوردی ، شەوی ڕابردوو بە هۆی وەستانی دڵەوە، لە ماڵەکەی خۆی لەشاری سلێمانی ، کتوپڕ ماڵاوایی لە دنیای شیعر و ئەدەب کرد و ، هەرێمی شیعری کوردی لە وشە و هەستی ڕازاوەی ئەو خاتوونە بێبەش مایەوە.
کەژاڵ ئێبراهیم خدر یەکێک لە جیددیترین و سەرکەوتووترین شاعیرانی کوردە، کە لەساڵی ١٩٦٨ی زایینی لە شاری قەڵادزێ لە دایکبووە.
ئەو ژنە شاعیرە لە دەیەی ٨٠ی زایینییەوە رووی لە دنیای ئەدەب کرد و لە تەمەنی هونەریی خۆیدا کۆمەلێک هەست و شیعری جوانی نەخشاندوەو لە ئینجانی شیعر و ئەدەبی کوردیدا چەپکە گوڵی جوانی لە خۆی و لێهاتووییەکانی بە جێهیشتووە.
زۆربەی شیعرەکانی لێوڕێژە لە هەستی نوستالژیایی و خەمێکی ژنانە لە ناخی وشە و دێڕەکانیدا شەپووڵ دەدا و، چەند ساڵە عاشقانەکانی بووتە وێژە و وێردی سەرزاری لاوان و دڵدارانی کورد و دەتوانین بلێین شیعرەکانی ئەو خاتوونە کوردە، ئاوێنەیەکی باڵانوێنی شکست و ڕەنج و ئەزموونی ژیانی نەتەوەکەیەتی.
لەو شاعیرە بەهەست و سۆزە تا ئێستا زیاتر لە ١٥ بەرهەم چاپ و بڵاو کراوەتەوەو بۆ خوێنەرانی غەیرە کوردیش لە ڕێگای وەرگێڕانی شێعرەکانی بە زمانەکانی ، فارسی و عەرەبی ، ناوێکی ئاشنایە و زیاتر لە ١٥٠ لە هۆنراوەکانی کراون بە زمانی عەرەبی و پتر لە ١٦بەرهەمی دیکەشی وەرگێڕاوەنەتەوە بۆ سەر زمانی فارسی و لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئێران و چەند وڵاتی عەرەبیش بڵاوکراوەنەتەوە و هەروەها بەشێک لە بەرهەمەکانیشی وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕانسەوی و، ئاڵمانی.
کەژاڵ ئیبراهیم سەرەتا بە دانانی هەڵبەست بۆ منداڵان دەستی دایە کاری ئەدەبی و، دوای ماوەیەک ئەزموون، بە ژنە شاعێرێکی ناوەڕۆکگەرا و”ساختار شکن” ناوبانگی ئەدەبی دەکرد و نیزیک بە ١٥ خەڵاتی ڕێز لێنانی لە فستیڤاڵە ئەدەبییەکاندا پێ بەخشرا.
بەرچاوترین بەرهەمەکانی ئەو ژنە شاعیرە بریتین لە:
“حزووری زیکری ئەمشەو، گریانی وشەکان”، “دڵ و ڕەنگ”، “پیتەکانی پایز”، “جەژنی مەرگ”، “کارەساتی خوێن و مەرگ”، “ئامرێ و چڵە نێرگزێک”، “دوو دڵۆپ فرمێسک و خەندەیەک”.
کەژاڵ ئیبراهیم دوای تەمەنێک خزمەت بە ئەدەبیات و هەروەها ڕازاندنەوەی جیهانی کوردان، بە شیعر و سۆزی ئەویندارانە، دڵە بەهەستەکەی شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕ ، لە لێدان کەوت و بۆ
هەمیشە سەری نایەوە.
………….
ئاشنام کەوە بە کۆڵانە
رەش و سپیە پڕ سێبەرەکانی جێژوان
تێکەڵم کە بەو بەفرە سپیەی
لە ساڵیادی تەمەنمدا
بارانتە سەر روومەتەکانم
ببمەوە بۆ لای بارانە بە لێزمەکەی جاران.