Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 17/11/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

لاپەڕەی نوێ، به‌ تێڕامانێکی نوێوه‌

21/06/2015 | 13:24:59
+A
-A
ته‌های ره‌حیمی

یاریی سیاسیی و مل‌بەملەی جیهانی سەرمایەداری و بەرەی کۆمۆنیستی لە یارییەکی تۆپێن دەچێ، کە دوو زلهێزی وەک ئەمریکا لە لایەک و رووسیەش لە لایەکی دیکەوە راهێنەرین. ئەم یارییە بێ کۆتاییە ئەگەرچی ریشەی لە مێژووی خووگەملە و چاوچنۆکی پاشایەتی و تێزار و قەیسەر و ….. ئورووپا دایە، بەڵام دەگەڵ چەقەرەی دەسەڵاتی یاخی و سەرکێشی وشکاڕۆ، تازەدۆزراوەکەی گۆی زەوی، ئەم بازووشکێنەیە زیاتر لە نێوان ئەمریکا و یەکیەتیی سۆڤییەت و میراتگرە سەرەکییەکەی، رووسیەدا گڕوتینی سەندوە. رێک وەک یاریی تۆپێن؛ ئەو دوو جەمسەرە جیهانییە جاری وایە تەنیا مەبەستیان لە یارییدا ماندووکردنی یەکە، جاری واشە یەکیان هێڵی بەرگری گوشاری زۆری لەسەرەو، ئەوی دیکە لە هێرش کردندایەو، جاری واشە، وەک ئێستا دوو تیپەکە یەکسانن، بە بێ گوڵ بێ یان بە گۆڵ، هەرتکیان هێرشەکانیان خێراتر دەکەن و هەرچی یاریزانیان هەیە لە ١١ یاریزانه‌ قانوونییەکەوە بگرە، هەتا چەند پرسێنێل و هاندەریشیان هەبێ دەیهێننە مەیدان و وەک شەڕە گۆپاڵی سەردەمی کۆن، یەکتر لە کەلێن و کولێنی مەیدانی بەربەرینی گۆی زەویدا خوری‌شۆر دەکەن. رەنگە ئەو کەسانەی یاریزان و یاریکەری سەرەکی نین لەو جەنگانەدا لە سۆنگەی دەسکەوتێکی کەم، ئەوەی هەشیانە لە قیسی بدەن، یان نا، رەنگە ئەگەر بۆیان بووز بخوا و خۆیان لە گەمەکە لێزان بن، ببن بە یاریزانێکی سەرەکی یان نزیک لە سەرەکی، یان ئەوەی دەست و پێ شکاو و بە جەمان‌کەوتوو بگەڕێنەوە سەر شوێنی خۆیان. یاریی بردنەوەو دۆڕانی ئەم گەمە کۆنە ئێستا چەقەکەی رۆژهەڵاتی ناڤین و دەوربەرێتی. وڵاتانی عەرەب و بەگشتی خوارەوەی دەریای سپی نێوەڕاست و دەورووبەری دەریای رەش لەمێژە شوێنی یەکتر گەوزاندن و زۆرەبانی ئەم هێزانەیە. بەداخێکی گران گەلی کوردیش کە لە پلەی یەکەمدا بەهۆی هۆکارە نێوخۆییەکان و پاشان دەسوەردانی زلهێزه‌کان و هۆکارە دەرەکییەکانی دیکه‌وه‌ دابەشی ئەو وڵاتانە بووە، ئێستا رمبەی زەبرو پێکدادانی ئەم یارییە، دابەشی سه‌ر دوو بەرەکە بووە، لەم یارییەدا نابێ بەبێ ئەوەی لێکی‌بدەیتەوە و پۆزیسیۆنی خۆت بزانی کە ئایا یاریزانی چەند خولەکیی ئەم یارییەی لەوسەر بۆ ئەوسەری مەیدان خۆت بپسێنێ. کورد وەک نەتەوە لەم یارییە دێرینانەی زۆر پێکراوە کە ئەگەر یادەوەری بەهێز بووایە نەدەبوو هەتا هەنووکە ئاوا لە دوایین چرکەکانی یارییەکەشدا لە پشتی پشتەوە ئەو یاریزانانە بێ؛ که‌ چاوەڕوانن چەند چرکەیەکیان یاریی بدەنێ. کورد وەک یاریزانێکی هەمیشە بەکارهێنراو بەبێ ئەوەی وانەکانی مێژووی بیر بێتەوە (ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی)، دیسانیش چووە لە کایەیەک کە دەسکەوتەکەی زیاتر بۆ یاریزانەکانی دیکەیە، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی نییه‌ و تاقه‌تی به‌ یارییه‌که‌ ناشکێ، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی پێویست له‌ پره‌نسیپه‌کانی یارییه‌که‌ نازانێ. هه‌ر بۆیه‌ یارییه‌که‌ی پێش ئه‌وه‌ی به‌ قازانجی خۆی بێ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌پارێزێ ، ئه‌مه‌ش له‌ په‌رته‌وازه‌یی و شپرزی نێوماڵه‌ خۆی ڕا دیاره‌. هه‌ر کاراکتێرێک بۆ ئه‌نجامی هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک، پێویسته‌ هاوته‌ریب ده‌گه‌ڵ بواره‌کانی دیکه‌ی کاریگه‌ر له‌ دیاریکردنی سه‌رکه‌وتنیدا، باری ده‌روونی و وره‌ی به‌هێز بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری ده‌روونی و پشت به‌ خۆبه‌ستن فاکته‌رێکی سه‌ره‌کین هه‌تا له‌ گۆڕه‌پانه‌کانی هه‌ڤرکێدا به‌ هه‌نگاوی پته‌وه‌وه‌ مه‌وداکان ببڕێ، که‌ دیاره‌ ئه‌و پشت به‌ستن به‌ خۆیه‌و، دڵنیاییه‌ ده‌روونییه‌ له‌ یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هێزێکه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ؛ قووڵاییه‌که‌ی ته‌بایی یه‌کڕیزی نێوخۆی ماڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موو چین و توێژه‌وه‌کانه‌وه‌. دیارە دەبێ ئەوەش بزانین کاتێک تۆپەکە هاتوە لە خاکی تۆوە ناکرێ بێبەشت بکەن، تەنانەت هەر نەبێ وەک یارییەکانی پێشوو، لە پشت دەروازەکانی یارییدا تۆپمان پێ‌دێنەوە. دەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بە هاوئاهەنگی و هەماهەنگی هەموو یاریزانە کوردەکان و یەکگرتوویی بزووتنەوەکان لەم یارییەدا بە ئامانجێکی هاوبەش و یەکڕیزەوە دەرکەوین و تۆپەکە لە ئاستی ناوچەییدا لە نێوان یاریزانە کوردەکان پاس پاسێنی پێ بکەین؛ کە هەنووکە وەک یاریزانێکی بەهەڕەت و بەبڕست لە مەیدانەکە هەناسەبڕكێمانە، بەرهەمدار دەبێ، گەلی کورد دەبێ چاوەڕێی گۆڵێک بێ، هەمیشە چاوەڕێی بووەو، ئاراستەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و …بگۆڕێ. دەگەڵ ئەوەشدا قسە لەوەدا نییە، نابێ خۆمان لە یارییه‌کی وا پڕ کێشه‌ و ئارێشه‌ لابدەین و سەرکز، دۆشداماوی چارەنووس بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارییمان پێ ناده‌ن، یان یارییمان پێ بکه‌ن، به‌ڵکو ده‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شانه‌ش ئه‌وه‌ توانا و پته‌وی ئیراده‌ی هه‌موو ره‌وت و لایه‌نه‌کانه‌ ده‌توانێ یارییه‌کی به‌هێز له‌ کورد نیشان بدا، بەڵام ئایا دەبێ پرسیار لە خۆمان بکەین، لە کام لای یارییەکە، زیاتر تۆپمان دەست دەکەوێ، یان لە کام لا دەرفەتی گۆڵ لێدانمان زیاتر دەبێ، کام لا زیاترمان یاریی پێدەدا و کام لا یاریمان پێ دەکا؟
ئێستا بە خۆشییەوە لە چوارچێوەی ئەم یارییە بەرینەدا، دەرفەتێک بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەخساوەو، حیزبی دیموکرات تا رادەیەک توانی پێشمەرگەکانی لەو شوێنانە جێگیر بکا کە بیرهێنەرەوەی سەردەمی زێڕین و نۆستالۆژی ئەم هێزەیە. کەواتە لێرەی یارییەکەدا دەبینین هه‌موو یاریزانه‌کان له‌ هه‌موو پله‌ و پایه‌یه‌کدا، ده‌توانن به‌شداری ئه‌م یارییه‌ بن، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ ده‌رفه‌تی یاریی بۆ هه‌ندێک یاریزانیش بڕه‌خسێ که‌ به‌ده‌ر له‌ چاوه‌ڕوانی بێ، بەڵام ئەگەر بە روویەکی دیکەو، لە چوارچێوەی یارییەکی دیکەی بەراستی سیاسیدا بڕوانین؛ جوڵاندنی مۆرەیەک لە شەترەنجدا، دەبێ بە پێی بەرنامەیەکی تۆکمە بێ، بە چەشنێک تۆ کە مۆرەیەک دەجوڵێنی، پاشهاتی لانیکەم چەند حەرەکەتی خۆت و مۆرەکانی لایەنی بەرامبەریش بخوێنییەوە، ئەگینا لە خراپترین حاڵەتەدا یان مۆرەکەت تێدا دەچێ، یان بە مۆریەکی کەم‌باییتر دەیدۆڕێنی، یان سەر بە سەر تێدا دەچێ، کە ئەمیش هەمیشە بەخێری لایەنی بەرانبەرە، چونکی سەرپشکی دەکەی لە خواردن یان نەخواردنی، لە باشترین حاڵەتیشدا دەبێ بکشێیەوە، کە ئەمەش حەرەکەتێکت لە رەقیب دوا دەخا. لە یارییشدا، وەک یاریی سیاسیی دواکەوتنی حەرەکەتێک رەنگە شۆڕشی گەرەک بێ بۆ گەیشتنەوە بە رەوتی ئاسایی. هەر لەم سۆنگەیەوە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ پێویستی بە نووسینەوەی چەند کتێبێکی پڕ لە بەرنامە و پرۆگرام و گەڵاڵە و خشتەی کار هەیە، کە دەبێ بەر لە هەڵدانەوەی ئەم لاپەڕەیە، بە وردی بخوێنرێتەوە، لێک بدرێتەوە، بەتایبەتیش کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە چاو پارچەکانی دیکە لەم یارییەدا به‌ هۆی ساتوسەو‌دای فرتوفێڵاوی کۆماری ئیسلامی و هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندیی فراژتری نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئاستی کوردستان گه‌وره‌دا فرە فرە لە دوایە و هەر حەرەکەتێکی بێ پێشڤەچوون، داکەوتنی گرانی لە دوایە. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌که‌م هه‌نگاوی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م لاپەڕە نوێیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی دیموکرات بێ بۆ هه‌ڵگورد و کێله‌شین، ده‌بێ مانه‌وه‌ و ده‌سپێکردنی ره‌وتێکی نوێی هاوته‌ریبی مانه‌وه‌مان له‌ چیاکانی سه‌ر سنوور له‌ نێوخۆ و ئاستی جیهانیش ده‌ست پێ بکرێ و، نابێ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک و له‌ ژێر هه‌ر چه‌شنه‌ گوشارێکدا ، ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ی کردوومان بگه‌ڕێینه‌وه‌، به‌ڵکوو پشت قایم کردن و به‌رنامه‌مان بۆ حه‌ره‌که‌تی نوێتر له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژاو، به‌ پێی ئه‌زموونه‌کانی پێشووتر و لێکدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و جیهانی، گره‌نتی هه‌ر جووڵانێکمان بێ.
لە ژماره‌ ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌