عەلی محەممەد مرادی نوێنەری شارەکانی دێولان و قوروە بە نووسراوەیەک سەبارەت بە خەمساردی و لەمپەر سازکردنی دەوڵەت لەسەر پرسی زمانی زگماکی و خوێندن ونووسین بە زمانی دایک لە قوتابخانەکان ، لە وەزیری فێرکردن و ڕاهێنانی ئێران ، ڕەخنەی گرت.
ئەو نوێنەرە لە وڵامی ئەوەی کە بڕیارە زمانی رووسی ببێتە زمانی دوویەم لە زانکۆ و خوێندنگەکانی ئێران لەوبارەوە هەڵوێستی گرت.
مرادی دەڵێ: جێگەی سەرسووڕمانە کە دوای چاوپێکەوتنی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ڕووسەکان، باس لەوە کراوە کە زمانی ڕووسی لە قوتابخانەو زانکۆەکانی ئێران بخوێندرێ، لە کاتێکدا زمانی رووسی تەنیا لە خۆدی رووسییە گرینگی هەیە و، هەروەها چەندین ساڵە وادەو بەڵێنییەکانی دەوڵەت سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی کە تایبەتە بە مافی خویندن ونووسین بە زمانی دایک ، لە قوتابخانەکانی ئێران جێبەجێ نەکراوەو لە لایەن وەزارەتی فێرکردن و ڕاهێنانەوە هەرجارەو بە بیانوویەک وەپشت گوێ خراوە.
عەلی محەممەد مرادی لە بەشێک کۆتایی نامەکەی رووبە “بطحایی” وەزیری فێرکردن و ڕاهێنان گوتویەتی: پرسی زمانی دایک کە مافی ڕەوای گەلانی ئێرانەو هەروەها بووتە پرسیاری بەشێکی بەرچاو لە بژاردەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە ئایا پرسی زمانی نەتەوەکان گرینگترە، یان زمانی رووسی؟!
شیاوی باسە ئەو نوێنەرە کوردە لە سەروبەندی کرانەوەی قوتابخانەکان و ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، بە باس کردن لە وادەوبەڵێنی دەوڵەتی رووحانی سەبارەت بە مافی کەمەنەتەوەییەکان لە ئێران ، جارێکی دیکە پرسی خویندن و نووسین بە زمانی زگماکی وەبیرهێنایەوە و، خوازیاری جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥، لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو.