وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی گرووپی جی ٧ لە شاری تۆرنتۆی کانادا کۆبوونەوە و لەبارەی پرسی ناوچە و جیهان گفتوگۆیان کرد کە یەک لە تەوەرەکان ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ڕۆژی ڕابردوو، بابەتەکانی دانیشتنی گرووپی جی ٧ چەند بابەتی گرنگی نیودەوڵەتی وەک: “بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیە، چارەنووسی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران، هەروەها بڕیاری ئەو دوایانەی ڕێبەری کۆریای باکوور” بووە.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی جی ٧ سەرەتایەکە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی سەرۆکی ٧ وڵاتانی پیشەسازیی جیهان کە بڕیارە لە ڕۆژانی 8 و9 ی مانگی ٦ی زایینی ئەم ساڵ لە شاری “کێبێک”ی کانادا بەڕێوە بچێ.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی جی ٧ کە لە ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن و کانادا پێکهاتووە، هاوکات وەزیرانی نێوخۆ و بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئەو ٧ وڵاتە بەشدار دەبن.
شایانی باسە یەکێک لە بڕگەی کۆبوونەوەکانی گرووپی جی ٧ بابەتی ناوکیی ئێران و هاتنە دەرەوەی ئەمریکا بووە، کە بڕیارە دۆناڵد ترامپ هەتا ڕێکەوتی 2018/5/12 لەبارەی هاتنە دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی بدا و ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی داهاتوو بە جیدی باسی لەبارەوە دەکرێ و یەکلا دەکرێتەوە.