دەوڵەتی تورکیە مافی پارلمانتاریتی لە عوسمان بایدەمیر، پالمانتاری شاری ئورفا و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئیرماک پارلمانتاری شاری هەکاری لەسەر لیستی هەدەپ، ئەستاندەوە.
هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی تورکیە،ڕایانگەیاند، مافی پارلمانتاریی لە عوسمان بایدەمیر پارلمانتاری شاری ئورفا و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئرماک پارلمانتاری پارتەکە لە شاری هەکاریی کوردستانی باکوور لە پارلمانی تورکیە وەرگیرایەوە.
عوسمان بایدەمیر کە شارەوانی دیاربەکریش بووە و لە ناو سەرجەم گەلی کورد لە هەر چوارپارچەدا و بەتایبەتی لە ناو کوردانی ڕۆژهەڵات، خۆشەویستیەکی زۆری هەیە.
ناوبراو لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شاری پاریس سەردانی گڵکۆی ڕێبەرانی شەهیدی کوردستان، دوکتور عەبدووڕەحمان قاسملوو، دوکتور سەعید شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی و هەروەها، سەردانی گڵکۆی نەمران یێلماز گۆنای و کوردانی تری نێژراو لەو گۆڕستانەی کردبوو.
بایدەمیر بە نیشانی ناڕەزایەتی لە پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی نەوڕۆزی ئەمساڵی کوردی لە تورکیە، بە کڕاواتەکەی خۆی ئاگری نەوڕۆزی کردەوە، بەو واتایە کە لە هەر دۆخێکدا کورد ئاگری نەوڕۆژ دەکاتەوە و سەرهەڵدان بەردەوامە.
بەپێی ئەو هەواڵانە، لە دانیشتنی ئەمجارەی پارلمانی تورکیە، دوسییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومنەنی وەزیران کە تایبەت بوون لە سەر عوسمان بایدەمیر و سەلما ئیرماک دوو پارلمانتاری کوردی باکووری کوردستان لە پارلمانی تورکیە خوێندرایەوە.
بەپێی یاسای پارلمانی تورکیە، لە دووای خوێندنەوەی پەروەندەکانیان، مافی پەرلمانتاریی لە عوسمان بایدەمیر پارلمانتار و هاوسەرۆکی هەدەپە و سەلما ئرماک پارلمانتاری پارتەکە وەرگیرایەوە.
سەلما ئرماک بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان ــ پێ کا کا _ و لایەنگری و بانگەشە کردن بۆ پارتی کرێکاران، مافی پارلمانتاری لێ وەرگیرایەوە و ۱۰ ساڵ بەندکردن و عوسمان بایدەمیر بە تۆمەتی سوکایەتیی کردن بە پۆلیسی ئەو وڵاتە بە یەک ساڵ و پێنج مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکرانی، لە پارلمان پەسەند کرا.