ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار بە زۆری دووکاکانیان بە دوکاندارانی ئەو شارە کردەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی ڕابردوو لە درێژەی داخستنی دوکان و بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن بازاڕیان و دوکاندارەکانەوە، ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە زۆری دوکانی کاسبکارانی شاری پیرانشاریان کردەوە.
هێزەکانی ئەماکن و ئینتزامی بە هەڕەشە کردن لە دوکاندارانی شاری پیرانشار لە ئەگەری بەردەوام بوونیان لە داخستنی دوکانەکان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە و لەوانەیە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان دووکاندارانی شاری پیرانشار کە ماوەی نیزیک بە حەوتوویەکە مانیان گرتووە و دوکانەکانیان داخستووە و ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە زۆری دوکانەکانیان پێکردوونەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، هێزەکانی ئیتلاعاتیش لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیان و کاسبکارانی مانگرتوو کردووە کە کۆتایی بە مانگرتن بێنن و دووکان و بازاڕەکانیان بکەنەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووکانەکانیان داخستووە، لایەنە پێوەندییدارەکانی حکوومەتی سەبارەت بە چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە و کرانەوە سنوورەکان، هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوەتەوە.
هەروەها لە ڕەوتی مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ کۆتایی هێنانی ئەو مانگرتنە، ڕێگای دەسبەسەرکردن و هەڕەشەیان لە دووکانداران و بازاڕیان گرتووەتە بەر و زیاتر لە ١٢ کەسیان دەسبەسەر کردووە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێ چارەنووسیان ناڕوونە.