Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 23/05/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

یادی هێمن

20/04/2018 | 20:19:14
+A
-A
خالید حیسامی (هێدی)

شیرن و تێراو و تەڕ بەستەی لەباری هێمنە

گەرم و ناسک هەست و سۆزی نادیاری هێمنە

 

کاروانێکی لە شێعری سوار دەبینم دێ لە دوور

کاروانچی ئاشنایە، سەرقەتاری هێـمنە

 

لەو قەد و لاپاڵە، لەو نێو مێرگ و کانی و ئاوەدا

حەز دەکەم بێ شەنگەبێری، وا بەهاری هێمنە

 

زۆر لە دەست سووڕانی ئەو دەورە کەساسیی دی هونەر

دەوری شانازیی ئەدەب هەر ڕۆژگاری هێمنە

 

چونکە ئەو کۆشکەی لە فەرهەنگی گەلی کورد داندرا

سەنگتراشی هێمنە، ئەندازیاری هێمنە

 

گەر وەفایی شیرنێکی شۆخی کردە یادگار

ئەوڕۆ بۆ مە گەنجی بێ بن یادگاری هێمنە

 

بێتە لام هەرجێیە بەرزە تا بە کوردی پێی بڵێم

“بەرزی هەر شایانی واژەی نازداری هێمنە”.

 

من دەڵێم وێنەی لە ناو دیوان و دەفتەر جێی نەبوو

بۆیە مانگی چاردە وا ئاوێنەداری هێمنە

 

چۆنە هێمن وا بە تەنیا کوردەواریی گرتووە؟

چۆنە کوردستان وشێکە و پڕ بە زاری هێمنە؟

 

گەرچی هێمن چوو لە دەست ئەمما پەژارەی نابڕێ

هێشتە بۆ گەل دەردی گەورە کۆچ و باری هێمنە

 

هەر دڵی وەستا لە لێدان ئەو لە خوێندن ناکەوێ

شار و لادێ چونکە پڕ لە شوێنەواری هێمنە

 

هەرچی لە جیاتی شیعر ئاگر لە زاری هاتە دەر

سوور بزانە ڕێبوارێکی دیاری هێمنە

 

دەک نەیاری هێمنی لە گیانی خۆی ئۆخەی نەکا

ڕۆژی گەرم و سارد نەبینێ هەرچی یاری هێمنە

 

وەک مهاباد شوێنی دڵگر، شوێنی پیرۆزم نەدی

ئاوەدان بێ شاری هێمن، جێ هەواری هێمنە

 

هێدی تا دەستی پەریی هەڵبەستەکانی ماچ دەکا

ناڵێ ئەو شیعرە، دەڵێ ئەو سیحرە کاری هێمنە

 

خالید حیسامی (هێدی)

٢٥/٩/١٩٩٥

هەولێر

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)