Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئێران لە گێژاوی کێشە ناوچەییەکاندا

20/04/2018 | 20:02:35
+A
-A
که‌ماڵ که‌ریمی

لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لە ماوەی نزیک بە چوار دەیەی تەمەنیدا، ئه‌و ڕێژیمه‌ بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەدا بە پێی سیاسەتی پەرەپێدانی مەیدانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی خۆی کێشەخوڵقێنترین وڵات بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ڕێژیم هەر جارەی لە وڵاتێک و به‌ خۆڵقاندنی کێشەیەکی نوێ، وای کردوە کە ئیستا ئەم کێشانە بە کۆ لەسەر کۆماری ئیسلامی کەڵەکە بن کە بەرەبەرە هەست دەکرێ، درێژەدان و یارمەتیدان بەو لایەنانەی هەتا ئیستا بە پشتیوانی و پووڵ و ئیمکاناتی ئینسانیی ئەوان ئیمکانی خۆڕێکخستن و کێشەخۆڵقاندنیان لە وڵاتەکانیان داوە، کارێکی حاسان نەبێ و ئەگەر بیهەوێ خۆیشی لێ دەرباز بکا ڕێگەیەکی سەختی لە بەرە.

وەزعی ئەم ناوچە بەدوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش ڕێگەی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کردەوە کە جیاواز لە ڕابردوو، کە بە بوونی چەند پێگەیەکی نیزامی لە وڵاتانی وەک سعوودیە و ئێمارات و جووڵەی کەشتییە شەڕکەرەکانیان لە ئاوەکانی دەورووبەر دەورێکی سێمبۆلیکیان لە بوون و پشتیوانی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیان هەبوو، دەرکەون. ڕووسیە و ئەمریکا کە سیاسەتیان بۆ پەرەپێدانی نفووز لە هەرکام لە وڵاتانی ناوچە دەیان ساڵە تووشی کێبەرکێیەکی بەردەوامی کردوون، لە سووریە کەوتوونەتە شەڕێکی ناڕاستەوخۆوە. هەرچەند سەرەتا هەمووان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرەوە هاتنە مەیدانی ئەو شەڕە، بەڵام ڕووسیە بۆ پاراستنی ڕێژیمی ئەسەد و کردنەوەی جێ پێیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە دەریا و، ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بۆ قایمترکردنی پێگەی خۆیان، بە لێدانی داعش و لاوازکردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، کەوتنە دووبەرەی جیاوازەوە. ئیستا سووریە بووەتە مەیدانێکی کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە دژ بە یەکەکان. ئەوەی بە ناوی شەڕی نیابەتییەوە لەوێ دەکرێ ئەگەر هەوڵی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بەهێزی بۆ نەدرێ، لە ڕاستیدا داهاتووی سووریە بەرەو ئاقارێکی نادیار و پێوەندییەکانی ئەو زلهێزانەش بەرەو ئاستێکی مەترسیدار دەبا.

گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا و وەدەنگهاتنی بەرامبەر بە جینایەتە دژە مرۆییەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و بەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە دژی خەڵکی سیڤیل لە هەڕەشەوە بۆ کردار، بە لێدانی گورزی سەربازی لە پێگە سەربازی، ناوەندەکانی به‌رهه‌مهێنان و عه‌مبارکردنی چەکی شیمیایی و بنکەی فڕۆکە ئاسمانییەکانی سووریە، سووربوونی ڕۆژئاوای لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیە و هاوپەیمانەکانی ئاشکرا کرد. کاتێک کە ئەمریکا بە هاوکاریی بریتانیا و فەڕانسە و پشتگیری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوپەیمانەکانیان لە نێو وڵاتانی جیهاندا، دوایین هێرشی بۆ سەر پێگەکانی سەربازی سووریە ئەنجام دا بە ڕوونی پەیامی خۆی بە ڕووسیە ڕاگەیاند کە، هیچ شتێک بەربەست نابێ لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەیان لە سووریەدا. ئەم هەڕەشە سەربازییانە نە تەنیا هێزەکانی ئەسەد بەڵکوو لە چەند شوێنێک بنکەی هاوپەیمانە ڕووسی و ئێرانییەکانیشی گرتەوە و بە هۆیەوە تا ئیستا ژمارەیەک لە سەربازانی ڕووس و زیاتر لە چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی تێدا کوژراون.

بێگومان ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەلایەکەوە دڵخۆشکەرن بو بەربەست دانان لە سەر ڕێگەی درێژەی تەمەنی ئەو ڕێژیمانەی کە بێ سڵکردنەوە و تەنیا لە پێناو مانەوەی خۆیاندا دەست بۆ هەر چەشنە جینایەتێک بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی وڵاتەکەیان دەبەن. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ هاوپەیمانەکانیان کە بەبێ بیرکردنەوە لە چارەنووسی ملیۆنان خەڵکی لێقەوماوی ئەو وڵاتانە و تەنیا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان چاو لە هەر چەشنە جینایەتێکی ئەوان دەنووقێنن و تەنانەت یارمەتیشیان دەدەن پەیامێکی ڕوونی تێدایە. بەڵام هێشتا زووە کە بزانین درێژەی ئەم ڕەفتارانە، دەرخەری گۆڕانێکە لە داڕشتنی ستراتێژییەکی نوێی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی لە ئاستی جیهانی و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە دەتوانێ زۆر گۆڕانی جیددی بۆ سەقامگرتوویی لە ناوچەدا بە دوای خۆیدا بێنێ ئەگەرچی بەداخەوە وێرانی و کوشتنێکی زۆریشی بە دواوە بووە.

لەم نێوەدا کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا و بە تایبەت لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو ئیمکاناتی نیزامیی خۆیەوە بەشداریی ڕاستەوخۆی لە شەڕی سووریە لە دژی خەڵکی ئەو وڵاتە و دژبەرانی ئەسەد کردوە. بە شێوەیەک کە شەڕەکەی کردووەتە هی خۆی و لە کۆشکی سەرۆککۆمارییەوە هەتا هەموو ناوچە شەڕلێدراوەکانی ئەو وڵاتەدا و بە تایبەت لە شار و ناوچە شیعییەکانی سووریە بە هۆی چەکدارانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوان پاکستانی، ئەفغانی و حیزبوڵڵای لوبنان و بە پشتیوانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسی مودیرییەتی ڕاستەوخۆی ئەو شەڕەی کردوە. ئەوان مەبەستیان بوو کە بەم شێوە بتوانن هەم پردی پێوەندی لە ڕێگەی زەوییەوە بۆ لوبنان ببەستن و هەم هێزەکانی خۆیان لە سنوورەکانی ئیسڕائیل نزیک بکەنەوە.

کۆماری ئیسلامی کە لە سەردەمی ئایەتوڵڵا خومەینییەوە خولیای شەڕ لەگەڵ ئیسڕاییل و لەنێوبردنی ئەو وڵاتەی هەبووە و بە بەردەوامی لە ڕێگەی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە توندئاژۆیەکانی فەلەستینەوە هەوڵی گەرم ڕاگرتنی شەڕی لەگەڵ ئەو وڵاتە داوە، سەرەتا شەڕی سوورییەی بە بەرەکەت زانی کە بتوانێ بە هۆیەوە لەو مەبەستەی نزیک ببێتەوە و چەند هەنگاوێکێش چووە پێش. بەڵام بە پێوانەی خوێندنەوەی ئیستا لە دیتنی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا، ئەوە تەنیا ڕێژیمی بەشار ئەسەد نیە کە کەوتووەتە بەر زەبری سیاسی و نیزامیی ئەمریکا، بەڵکوو ئێرانە کە ئامانجی یەکەم دەبێ لە هەر ئاڵوگۆڕێکی پێشبینی نەکراو کە چ بە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیە بێتە دی یا درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەو وڵاتەدا.

لەم نێوەدا دوو لایەنی گرینگ لە ناوچەدا دەتوانن کاریگەریی زیاتریان لەسەر لێدان و پاشەکشە بە ئێران هەبێ. دوو لایەن کە بە بێ ئەوەی ئاشکرای بکەن وەک هاوپەیمان لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئێراندا هەڵوێستیان هەیە. ئیسڕائیل کە نایشارێتەوە ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی سپای پاسداران لە سووریە و، هاوپەیمانی عەرەبی کە سعوودیە ڕێبەرییان دەکا و ئەم ڕۆژانە قسە لە ناردنی سپایەکی عەرەبی دەکرێ بۆ بەشداری لە شەڕی سووریەدا. دیارە ئەمە هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی بۆ ناکرێ جگە لە ساغبوونەوەی هەموولایەنە لەسەر سنووردارکردنی حوزووری کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە عەرەبییە و، دەکرێ وەک سەرەتایەک بۆ کۆتاییپێهێنان بە دەستدرێژییەکانی ئەوان لە ناوچەدا ببیندرێ.

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)