Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

خەڵک لە نێوان بەرداشی «بێ متمانەیی» بە ڕێژیم و «بێ هیوایی» بە داهاتوو

20/04/2018 | 19:24:16
+A
-A
سمایل شەرەفی

هاوتەریب لە گەڵ گەشەی کۆمەڵایەتی، پشتبەستن بە «متمانە» دەبێتە بەشێک لە شعووری هەر کۆمەڵگه‌یەک. بە واتایەکی دیکە دەکرێ بڵێین لە کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوودا ڕەفتار و هەڵسووکەوتەکان پشت‌ئەستوور بە زەمانەت و گەرەنتین. واتە کۆمەڵگه‌ بە دەرک و تێگەیشتنێکی درووست لە وەزعی مەوجوودی نادڵخواز، بەرەو ئامانجێکی ڕوونی خاوەن گەرەنتی هەنگاو دەنێ و بە قازانج و دڵخوازی خۆی بە «متمانە»وە گۆڕان بە سەر دوخی ئاراییدا دەهێنێ.

بێ‌گومان گەڕان بە دوای «متمانە»دا، نیشانەی جۆرێک لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە کە بەدوای خۆیدا مەعریفە درووست دەکا. هەرچەند چەمکی مەعریفە لە پرسی کۆمەڵناسیدا تۆمەتبارە بە درووستکردنی گەراکانی محافزەکاری و کۆنسێرڤاتیزیم، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ ئەو حەقیقەتە کاڵ بکاتەوە که‌ مەعریفەیە ڕەفتاری کۆمەڵگه‌ لە سەر گەڕان بەدوای گەرەنتی و درووستکردنی «متمانە»دا بیچم دەدا.

***

کۆمەڵگه‌ی ئێران دوای ئەزموونکردنی هەزاران ساڵ لە نیزامی سیاسیی پاشایەتی و خەباتی دەیان ساڵی پڕ لە گۆڕانکاریی جیهانیی خەبات و رۆشنگەری بۆ ڕزگاربوون لە ستەم و بێدادیی ئەم سیستەمە، لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا ناچار بە قبووڵکردنی نیزامێکی تاقینەکراوەی سیاسی بوو کە ئێستا هیچ «متمانە»یەکی پێ ناکرێ.

کۆمەڵگه‌ی ئێران لە ماوەی ئەم نزیک بە چوار دەیە لە نیزامێکدا کە ئێستا هیچ «متمانە»یەکی پێی نەماوە، بە کۆمەڵێک ڕەفتاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و…. لە ڕووبەرووبوونەوەی ئەم ڕێژیمەدا دەریخستوە و نیشانی داوە کە گۆڕانێکی قوڵی بەسەردا هاتووە. لەم گۆڕانکارییانەدا کە دەکرێ لە بواری جیاجیادا لێکدانەوەی بۆ بکرێ _کە ئامانجی ئەم نووسینە نیە_ پشتبەستن بە «متمانە» و گەڕان بەدوای گەرەنتیدا بۆ هەنگاوهەڵینانەوە بەرەو داهاتوو و دەربازبوون لە وەزعی مەوجوود، سێبەری بە سەر تەواوی ڕەفتار و هەڵسووکەتەکانیدا کێشاوە!

دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی باکووری ئافریقا، زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی تەنیا بە پشتبەستن بە بێ‌«متمانە»یی خەڵکی ئێران بە ڕێژیمی دەسەڵاتدار و بەستێنی ناڕەزایەتییەکان، پێیان وابوو گۆڕانه‌کان بە خێرایی ئێرانیش دەگرێتەوە! بەڵام دیتمان کە نەتەنیا بەم جۆرە نەبوو، بەڵکوو لە دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەم وڵاتەدا هەر ئەم خەڵکەی کە هیچ «متمانە»یەکی بە ڕێژیم نیە، بە رێژەیەکی بەرچاو «بەشداری» کرد! لە بەرانبەریشدا هەبوون کەسانێک کە پێیان وابوو، ڕاست بە پێچەوانەوە؛ ئاکامی ئەم شۆڕشانە (شەڕ، وێرانی، کوشت وکوشتار، پەرەسەندنی توندوتیژی ، ناسەقامگیری و….) کاردانەوەی پێچەوانەی لە نێو «کۆمەڵگه‌ی ئێران»دا لێ دەکەوێتەوە کە تا ئێستایش هەر وایە.

خەڵکی ئێران بە تایبەت لەو ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتیتر لەم چەند مانگەی دوایه‌دا، ڕاشکاوانە ئەو پەیامەیان گەیاندوە کە لە هیچ ڕوویەکەوە که‌مترین «متمانە»یان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەماوە و قسە لە گۆڕانی ڕێژیم لە تەواویەتی خۆیدا دەکەن. بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نیە بۆ تێپەڕین لە ڕێژیم و هەنگاونان بەرەو داهاتوو. لێرەدایە کە قسەکردن لە سەر «متمانە» و جۆری ڕوانین و رەفتاری کۆمەڵگه‌ی ئێران بۆ گۆڕانکاریی سیاسی لە داهاتوودا مانای ڕاستەقینەی خۆی پەیدا دەکا.

ئەگەر بۆ درێژەدانی باسەکە خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی پار وەک ڕەفتارێکی گشتیی خەڵکی ئێران و چوونەسەرێی نرخی دراوی بیانی لەم مانگەدا بە نموونە بهێنینەوە، دەردەکەوێ کە ئەم کۆمەڵگه‌یە کە له‌ چ «بێ‌متمانە»ییەکی هەمەلایەنە‌دا دەژی. خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار و درووشمەکانی خەڵک و داخوازییەکانیان و، لە کۆتاییدا بەبێ ‌ئاکام مانەوەی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە هەمیشە ڕاستییەکی دیکەی ڕوونتر لە جارانی دەرخست کە ئەویش نەبوونی ڕێبەری و نەبوونی ئاڵترناتیڤە. خەڵک لەم دەرکەوتنەی دوایی خۆیدا دژ بە دەسەڵات بە تەواوەتی هەستی بە بێ‌پشت و پەنایی کرد، هەستی کرد کە کەس یان لایەنێک نیە کە بتوانێ «متمانە»ی پێ بکا و بە ڕێبەری خۆی بزانێ.  ئەم بێ«‌متمانە»ییە ئەگەر لە لایەک بەمانای نەبوونی ئالتەرناتیڤ بۆ داهاتوو و نەبوونی ڕێبەری بۆ سەرهەڵدانی یەکجاری دژ بە نیزامی سیاسیی ئێستا و کۆتاییپێهێنانی بە نەرێنی دێتە ئەژمار، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەکرێ بە ئەرێنی سەیری بکرێ بەو مانایە کە چیدیکە کۆمەڵگه‌ی ئێران ناتوانێ ئەزموونی ٤٠ ساڵ پێش ئێستای خۆی ئەزموون بکاتەوە. ئەزموونی شۆڕشی ١٣٥٧ تا ئێستایش بە زیندوویی لە بیروزەینی خەڵکی ئێراندا ماوەتەوە.

لە جەریانی بەرزبوونەوەی نرخی دراوی بیانی لە ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کە بێ‌گومان گوشارێکی زۆری ئابووری خراوەتە سەر خەڵک، ڕەفتاری کۆمەڵگه‌ ڕاست بە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە لێی چاوەڕوان دەکرێ. خەڵک بە جێی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم دیاردەیە و داوای چارەسەریی ئەم قەیرانە لە دەوڵەت، بە لێشاو هانا دەبەنە بەر گۆڕینەوەی مەوجوودیی خۆیان بە دراوی بیانی! ئەمە لە حالێکدایە کە خودی ئەم ڕەفتارەی خەڵک زیاتر کار لە سەر گوشاری ئابووری بۆ سەر ژیان و گوزەرانیان دەکا. هەمووی ئەم ڕەفتارە دژ بەیەک و بێ‌ئاکامانە لە قەزیەیەکی کورتخایەنی ئابووریی ئاواوە بگرە تا خۆپێشاندانە جەماوەرییە چەند حەوتوویەکەی مانگی بەفرانباری ساڵی پار، هەر هەمووی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پەرەسەندی بێ‌«متمانە»یی کۆمەڵگه‌ی ئێران بە رێژیم، بە ئۆپۆزیسیون (وەک ئالترناتیڤی داهاتووی سیاسیی لە وڵات) و بەداهاتووی خۆیانەوە هەیە.

ئەوەندەی پێوەندیی بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، بێگومان ئەم ڕێژیمە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ هیوای بەوە هەبێ کە جارێکی دیکە بتوانێ متمانەی لەدەستچووی لە نێو خەڵکی ئێراندا وەدەست بهێنێتەوە. ڕەوتی ڕێفۆرمخواز دەیتوانی ببێ بە دەرفەتێک کە خەڵک «متمانە»ی پێ بکەن و ئەم نیزامە لە پرۆسەیەکی زەمەنیدا گۆڕانێکی نسبیی لەخۆیدا پێک بێنێ. هەرچەند بۆ ماوەی نزیک بە دوو دەیە بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە بە هیوای گۆڕانی هەنگاوبەهەنگاو و بە پشتیوانی و لایەنگری لە باڵێکی ئەم ڕێژیمە، دەرفەتیان بەم نیزامە بەخشی کە گۆڕان لە خۆیدا پێک بێنی و «متمانە»ی کۆمەڵگه‌ وەدەست بهێنێ، بەڵام وەک دەرکەوت هەموو ئەو دەرفەتانە لە دەستچوون. ئەوەندەی پێوەندی بە داهاتووی ئەم وڵاتەوە هەیە، خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر و بە پێی زەرفییەتەکان و تێڕوانینی خەڵک بۆ چەمکەکانی «هەزینە» و «دەسکەوت» درێژەی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی لێڵ و ناڕوونە و کۆمەڵگه‌ی تووشی بێ‌متمانەیی کردوە، داهاتووی ئەم وڵاتەو جۆر و ماهییەتی سیستەمی سیاسیی داهاتوویە. ئەمەیش پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و باسکردن لە ئالترناتیڤەوە هەیە کە بەداخەوە تا ئێستایشی لە گەڵدا بێ، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەموو تەیف و لایەنەکانییەە نەیانتوانیوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵک و گۆڕانکارییەکاندا بن، بە جۆرێک کە خەڵک وەک ئاڵترناتیڤ سەیریان ناکا و «متمانە»ی کۆمەڵگه‌ی ئێرانیان لە پشت نیە.

بە سەرنجدان بە هەموو ئەو ڕاستییانەی سەرەوە کە باسیان کرا، خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵێک مەترسیی جیدی لە سەرە کە ئەگەر تا ئێستایش ئەم مەترسیانەی لە سەر جێبەجێ نەکراوە، پێوەندی بەو گەشە کۆمەڵایەتی و فکرییەوە هەیە کە لە سەرەتادا ئاماژەیان پێ کرا. بێ‌هیوایی، پەرەسەندنی کەمتەرخەمی، بەلاڕێدابردنی ویست و داخوازییەکانی خەڵک لە لایەن کۆمەڵێک تاقم و لایەنی تاقیکراوەی ئازادیخوازنەمای! لە ڕاستیدا کۆنەپەرەستتر لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەگەری شەڕێکی نێوخۆیی کە جیا لە وێرانی و کوشت و کوشتار و بێ‌هیواکردنی خەڵک هیچ دەسکەوتێکی نابێ، ئەو مەترسییانەن کە هەڕەشە لە ئێرانی داهاتوو دەکەن.

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)