Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

دوابەدوای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سووریە شەڕی ناڕاستەوخۆی ئیسڕائیل و ئێران بەڕێوەیە

20/04/2018 | 19:17:55
+A
-A
نووسەر: ڕافائیل ئارین و: کەماڵ حەسەنپوور

بە گوێرەی لێکدانەوەی چەند توێژەر و کاربەدەست، دوای هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە سووریە، ئەگەری ناکۆکییەکی سەربازیی لە نێوان دەوڵەتی جوولەکە و کۆماری ئیسلامیی وێدەچی زیادی کردبێ.

ئێهود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە گوتی: «ئەگەر لە ڕۆژانی پێشووتر، ئەگەری [کێشەی سەربازیی لەگەڵ ئێران] نزیکەی یەک لەسەر سەد بوو، ئێستا نزیکەی دە لەسەر سەدە.»

ئامۆس یادلین، سەرۆکی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی وەڵامی دایەوە؛ «وێدەچی ئێرانییەکان وەڵامی ئەو هێڕشە بدەنەوە کە دەڵێن ئیسڕائیل کردوویەتی، ئەگەرچی دەستبەجێش نەبێ. لەبەر هێرشەکانی ئەمجارە بۆ سەر سەربازەکانی، ئێران بیر لە تۆڵە ئەستاندنەوەیەکی ڕه‌سمی دەکاتەوە تا ئیسڕائیل لە درێژەدان بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی لە سووریە، چاوترسێن بکا.» ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە، ئەگەر کاتێک ئێران بڕیاری هێرش بۆ سەر ئیسڕائیلی دا، ئەوان ئەم کارە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ڕا ناکەن. « شوێنی ئەم شانۆیە دەتوانێ سووریە، لوبنان یا هەر شوێنێکی دیکە لە جیهان بێ و، ئێران لەوانەیە کەڵک لە بەکرێگیراوە تێرۆریستییە نەریتییەکانی خۆی وەرگرێ.»

جاناتان شانزێر، جێگری سەرۆکی بنکەی داکۆکیی لە دێمۆکراسییەکانیش ده‌ڵێ بەڕێوەبوونی «بەرەوڕووبوونەوە» لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران لەسەر نەوتی سووریە، هێندەیە کە چاوه‌ڕوانیی «خراپترین شەڕ»ی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەیان ساڵدا بکەین.

شانزێر کە توێژەرێکی ئابووریی تێرۆریزمە و کاری لەو بارەوە بۆ دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، لە گۆڤاری پۆلیتیکۆدا نووسی: «ئێران کە ڕابردوویەکی دوورودرێژی لە پشتیوانیی لە تاقمە تێرۆریستییەکانی کە هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیل هەیە و هاوکات داوای پەیتاپەیتای لەنێو بردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەکا، ئەوە شتێکە کە زۆر دەمێک بوو چاوڕاونیی دەکرا. بەکرێگیراوە سووریەیی و لوبنانییەکانی ئێران، کە بە ٢٥٠٠٠٠ مووشەک تا ددانان پڕچەک کراون، خۆیان بۆ شەڕ دژی پێشکەوتووترین هێزی سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناڤین ئامادە دەکەن. ئەوە بێگومان خراپترین شەڕی ناوچە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا دەبێ.»

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکوەزیران بێنیامین ناتانیاهو بە ئاماژە بە « دۆخی گرژ» وەزیرەکانی ڕێنوێنی کرد کە بە ئاشکرا باسی دۆخی هەنووکەیی ئاسایش لە پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و سووریەدا نەکەن.

بەڵام لە گفتوگۆ تاکەکەسییەکاندا، کاربەدەستانی ئیسڕائیلیش دەڵێن کە «بەریەککەوتنێک» لەگەڵ ئێران ناکرێ خۆی لێ لادرێ.

ئیسڕائیل هێڵی سووری دیاری کردوون و پەیتا پەیتا ڕایگەیاندووە کە ئیزن بە ئێران نادا بە شێوەی سەربازی جێ پێی خۆی لە سووریە قایم بکا. بەڵام چونکە کۆماری ئیسلامیی لەسەر ئەنجامدانی ئەم کارە سوورە، لێکدانەوەکە ئەوەیە کە درەنگ یا زوو بەرژەوەندییە دژی یەکەکانی لایەنەکان دەبێتە هۆی کێشەیەکی سەربازیی تەواو.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل زۆر دەمێکە بە هۆی خولیا ناوکییەکانی ئێران و ئامانجی ڕاگەیەنراوی پاککردنەوەی ئیسڕائیل لەسەر نەخشە، ژێربەژێر درێژەیان هەبووە. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی سووریە ئەوە دەگەیەنن کە پێکدادانە چاوەڕوانکراوەکە لەوانەیە زووتر بێتە پێش نەوەک درەنگتر.

وه‌ک باس ده‌کرێ ڕۆژی دووشەممە، ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانیی کرده‌ سەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی لە سووریە و چەند کەسی کوشتن، لە ناویاندا لانی کەم حەوت کاربەدەستی ئێرانی. لە کاتێکدا کە زۆربەی چاودێران سەرەتا پێیان وابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک بەرپەرچدانەوەی هێرشی شیمیایی ڕێژیمی ئەسەد بە دژی خەڵکی سیڤیل لە ناوچەیەکی قەراغ دیمەشق، دوما، ئەو هێرشەی ئەنجام داوە، ڕووسیه‌، سووریە و ئێران بە ئاشکرا ئیسڕائیلیان تۆمەتبار کرد.

تاران، کە ئەغڵەب لەبارەی هێرشی ئیسڕائیل کە زەرەر بە سامانەکانیان لە سووریە دەگەیەنێ لاڵە، لە ڕێگای کاناڵە شێوە فەرمییەکانی، ددانی بەوە دانا کە ئێرانییه‌کان بە هۆی فڕۆکەی  شەڕکەری ئیسڕائیلی کوژراون و بەڵێنیی دا کە تۆڵە بستێنێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری پایەبەرزی ڕێبەری مەزنی ئێران عەلی خامنەیی، لە دیمەشق گوتی، « تاوانەکان بێ وەڵام نامێننەوە.»

بە وتەی شیمۆن شاپیرا، پسپۆڕێکی ئێران و حیزبوڵڵا لە ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی ئورشەلیم، لە دیداری ئەم حەوتوویەی ویلایەتی لە پێتەختی سووریە وێدەچێ ئەم دوو وڵاتە هاوپەیمانە جەختیان لەسەر شێوەی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئیسڕائیل کردبێتەوە.

ئەو گوتی، هێرشی ئاسمانیی دووشەممە بۆ سەر ناوەندێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران لە بنکەی T4 بوو کە لەژێر فەرماندەیی ئێران بووە. یەکێک لە حەوت ئێرانییە کوژراوەکان پلەی سەرهەنگیی هەبووە.

بە گوێرەی لێکدانەوەی شاپیرا، کە لە یەکەم دەورەی سەرۆکوەزیریی ناتانیاهودا وەک ڕاوێژکاری سەربازیی کاری کردووە، تاوانبار کردنەکانی تاران و مۆسکۆ کە ئیسڕائیل بۆمبارانە ئاسمانییەکەی ئەنجام داوە و بۆتە هۆی زەرەر و زیانی جیددی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکە، ئەگەری خراپتر بوونی دۆخی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسڕائیلی زیاد کردووە.»

ئەو درێژەی پێدا و گوتی: « ئێران لەوانەیە هەوڵەکانی بۆ هێرش بۆ سەر ئیسڕائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان بە کەڵکوەرگرتن لە حیزبوڵڵا و بەکرێگیراوی شیعەی دیکە ‹لێژیۆنی بیانیی› کە لە سووریە جێگیری کردوون، پەرە پێ بدا. وردەوردە ئەم خراپتر بوونە لەوانەیە لە سووریە تێپەڕێ و ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێران و حیزبوڵڵا بیانهەوێ هێرش بکەنە سەر ئامانجەکانی ئیسڕائیلی و جوولەکە لەدەرەوەی ناوچەکە.»

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)