Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۳۱ ی بانه‌مه‌ڕی ۱۳۹۷ | 21/05/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئاکامگیریی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بارمتەگرییەکان

20/04/2018 | 19:13:33
حەسەن حاتەمی

دوای قبووڵکردنی ڕێککەوتننامه‌ی ئەلجەزایر لەلایەن ئێران و ئەمریکا، ٥٢ کەس لە بارمتەکان کە دوایین گرووپی دیپڵۆماتیک و کارمەندانی ئەمریکایی لە تاران بوون، دوای ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگیران، لە ٣٠ ی بەفرانباری ١٣٥٩دا ئازاد کران.(١)

پێویستە ئاماژە بکرێ کە گرووپێکی ١٣ کەسی پێشتر لە ڕۆژانی گەرمی بارمتەگرییەکەدا، ئازاد کرابوون، گرووپێکی ٦ کەسیش، ژنێک و ٥ پیاو لەکاتی هێرش بۆ باڵوێزخانە که‌ یا له‌ دەرەوەی باڵوێزخانە بوون یا توانیبوویان ڕا بکەن، پەنایان بۆ باڵوێزخانەکانی کانادا و سوئێد بردبوو. ئەوانیش لە ٢٨ی ژانویەی ١٩٨٠دا، بە پاسپۆرتی کانادایی _بە یارمەتیی کارمەندان و بەتایبەتی باڵوێزی ئەو وڵاتە_ لە تارانەوە بۆ ئامریکا نێردرابوونەوە.

سەبارەت بەو ٦ کەسە فیلمێک بەناوی ئاڕگۆ لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەمریکا پیشان درا. ئەو فیلمە سەبارەت بە سێ مەوزووعی باسکراو تێیدا، لە ٨٥ مین خولی جێژنی ئوسکار خەڵاتی وەرگرت.(٢) ئەو فێلمە فەزایەکی گرژیی توندی لە نێوان کانادا و ئیراندا دروست کرد. هەرچەند پێشتریش، دوای کوژرانی زارا (زیبا) کازمی _هاووڵاتیی ئێرانی_ کانادایی لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کە بە هۆی ئەشکەنجە لە زیندانی ئەوین_  گرژی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئارادا بوو. بەڵام پێوەندیی دیپڵۆماسی لە نێوان کانادا و ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ دا، راگیرا.

لە بەڵگەیەکی دیکەدا له‌باره‌ی ئازادیی بارمتەکان نووسراوە: ئەوە بەشێکە لە مامەلەیەک کە ئێمە [یانی ئیسراییلی‌یەکان] بۆ ئازادیی بارمتەکان لەگەڵ ئەمریکاییەکان جێبەجێمان کرد… ٥٢ میلیۆن دوڵار درا بە ئێرانییەکان و پێش ڕێوڕەسمی وەدەستگرتنی دەسەڵاتی سەرکۆماری نوێ [ڕه‌ێگان] بارمتەکان ئازاد دەکرێن و…(٣)

مەکتەبییەکانی خومەینی بە درێژکردنەوەی قەیرانی بارمتەگری، بەشێوەیەکی کاریگەر بۆ بەدناوکردنی دژبەرەکانی خۆیان بە تایبەتی میللیگەراکان و به‌ره‌ی ڕووحانییەکانی موخالیفی ویلایەتی فەقیهـ، کەلکیان لێ‌وەرگرت. «خوێندکارانی هێلی ئیمام»، باڵوێزخانەیان کردە «هێلانەی سیخورێ» و گرینگییەکی زۆریان، بە بەشێک لە پەڕە لەتوکوت کراوەکان دا. _کە پێش گیرانی باڵوێزخانە هەوڵی لەنێوبردنیان درابوو_ ئەوانیان لەپەنا یەک داناوە و کارامەترین ستراتیژی ئەوان بۆ ئەو هەوڵە، بردنی ئێران بەرەو حکوومەتێکی ئیسلامی بوو. بڵاوکردنەوەی هەڵبژاردەی بەڵگەکانی بەردەستیان، لە توێی کۆکردنەوە وڕێککردنی ٦٥ بەرگ کتێب بوو کە لەژێر ناوی «بەڵگەکانی هێلانەی سیخوری» ئامادە کران. هەروەها بە دانانی مووسەوی خوئینی‌ها _ وەک نوێنەری خومەینی_ لە رادیۆ و تەلڤیزیۆن، خوێندکاران بەشێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بە میدیاکان، ڕاده‌گەیشت. (٤)

بەپێی بەڵگەکانیان خەڵکێکی زۆریان بە سیخوری و جاسووسی تاوانبار کرد. یەکەمین قوربانیی ئەو بەرنامە داڕێژراوە، موهەندیس عەبباس ئەمیر ئینتیزام _جێگری سەرۆک وەزیران مێهدی بازرگان بوو_ ئەو لەلایەن دەوڵەتی کاتی مەئمووری پێوەندیگرتن لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمریکا بوو. ئەمیر ئینتیزام سەرەتا بە ئیعدام مەحکووم کرا. پاشان بە هەوڵی زۆری بازرگان، لە کوژران ڕزگار کرا، بەڵام زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا!

مێهدی بازرگان و سیاسەتمەدارە ئەمریکاییەکان لە پێکهاتەی شەڕی دەسەڵاتی نێوخۆیی و قەیرانی بارمتەگریەکە تێنەگەیشتن. «خوێندکارانی هێلی ئیمام» بە تێکدانی سیما ناسراوەکان بەکردەوە، دەستیان بەسەر سیاسەتی دەرەوە داگرت. ڕووحانییە لایەنگرەکانی خومەینیش ناڕەزایەتییان لەگەڵ ئەو کردەوەیەی خوێندکاران نیشان نەدا.

وێدەچێ کە چەپگەراکانی وەک حیزبی توودە و فداییانی خەڵق لە قووڵایی ڕووداوی بارمتەگیرییەکە حاڵی نەبوون و لە پەیوەستبوون بە کاروانی دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و لە هێرش بۆ میللیگەراکان خۆشحاڵ بوون. موجاهیدینی خەڵقیش وەک ئەوان بە کردەوەی خوێندکارەکانیان هەڵدەگوت. بەڵام کاتێک لایەنگرانی ئا. خومەینی زۆربەی موجاهیدینیان لە ڕیزی خۆیان دەرکردن _کە لەنێو نزیک ٥٠٠ کەسە هێرشبەرەکان دا بوون._ لە گۆڕوتینی پشتیوانییەکەیان کەم کرده‌وە.

چەپگەراکان نەیاندەزانی بە ناساندنی «خوێندکارانی هێلی ئیمام» وەک دژی ئیمپریالیسم، بە جۆرێک زەبر لەخۆیان دەدەن. ئەوان کە پێشتر بەو هۆ گرینگەوە دەیانتوانی بۆ بەسیجکردنی بەشێک لە خەڵک کەلک وەرگرن، ئەویشیان بە خوێندکارانی هێرشبەر دا. لەهەمان کاتدا، ململانێی نێوان بازرگان و ڕکه‌بەرە ڕاستڕۆیەکان کەلێنکی گەورەیان لە نێوان توێژەکانی یەکەمی شۆڕش دروست کرد.(٥)

لە بەشێک لە بەڵگە نەهێنییەکانی وەزاره‌تی دارایی ئەمریکا کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا، ئاشکرا کرا، کە لە پاکانە حسێبی «وامەکانی سێندیکایی»دا، نزیکەی ٣٠٠ میلیۆن دوڵار فێڵیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە. (٦)

دوایی ڕێککەوتننامەی ئەلجەزایر کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە لایەن بێهزاد نەبەوی بەو حوکمەی ئا. خومەینی كە «هەوڵ بدەن ماجەرایەکە چارەسەر کرێ»(٧)  لەگەڵ ژمارەیەک لە بارمتەگرەکان (خوێندکارانی هێلی ئیمام) کردبووی، پێی ڕاگەیاندبوون، هەرچی زووتر بارمتەکان دەبێ ئازاد بکرێن و ئێمە لەسەریان ڕێککەوتووین. ئەوانیش بێ ناڕەزایەتیی ئەستۆکەچی بڕیار بوون!

کێشە و ململانێیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو ماوە دوور و درێژه‌دا، دژایەتیی توند و شەڕێکی چەند لایەنەی سیاسیی، ئابووری، فەرهەنگێی، سارد و گەرم و هێرشبەری نیزامیش کە پتر بەشێوی تێڕۆڕ لەلایەن کۆماری ئیسلامی لە قوناخی جیاوازدا، لە نزیک ٤٠ ساڵی ڕابردوو لە ئارادا بووە. دەسەڵاتدارەکانی ڕێژیم بەگشتی  لەو کێشە و ململانێیه‌دا، دەست پێشخەر بوون.

ئەمریکاش بەشێوەی گونجاوی خۆی لە ماوەیەدا، دژکردەوەی لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان داوە. سەبارەت بە بارمتەکانیش لەم دواییانه‌دا، بە پێی ڕاپۆرتی دویچەوێلەی ئاڵمانی لە چوارچێوەی بوودجەی ٢٠١٦ ئەمریکا دا، ڕاگەیاندرا کە دوای ٣٦ ساڵ _کۆنگره‌ی وڵاتە یەکگرتوەکان لە پەسندکردنی یاسایەکدا_ سەرکەتوو بوو. بانکی فەڕانسەوی پاریباس کە بەهۆی پێشلکاریی گەمارۆکانی سەر ئێران، سوودان و لیبی نزیکەی ٩ میلیارد دۆڵار جەریمە کراوە؛ لەو پووڵە بۆ هەر بارمتەیەکی لە تاران کە ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگیران، ڕادەی ٤ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆڵار _کە بۆ هەر ڕۆژێک ١٠ هەزار دۆڵارە_ دەدرێ. (٨)

 

سەرچاوەکان

١ و ٢) گووگل، ویکیپیدیا.

٣) کتاب پول خون، اری بن مناشە، ترجمەێ دکتر مسعود انصاری، ص ٩٤.

٤و٥) گووگل، ویکیپیدیا.

٦ و ٧) اشتباە ٣٠٠ میلیون دلاری در ماجرای گروگانگیری، کامبیز فتاحی، بی بی سی فارسی.

٨) دویچە ولەی فارسی

( لە ژمارەی ٧٢٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)