Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
کوردستان

دوای سێ رۆژ، مانگرتنی خەڵکی شارە سنوورەییەکانی کوردستان بەردەوامە

17/04/2018 | 12:33:09
+A
-A

لە سێیەمین رۆژی مانگرتنی خەڵکی شارەکانی بانە و جوانڕۆ،  ئەمرۆ سێ‌شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٩٧ی هەتاوی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و کاسبکارانی شارەکانی سەقز و مەریوانیش پەیوەست بەو مانگرتنە بوون و، لە هەمبەر دۆخی نالەباری ئابووری و داخستنی سنوورە لاوەکییەکان،   دووکان و بازاڕیان داخست.

ئەمرۆ سێ‌شەممە بەشێک لە کاسبکاران و دووکاندارانی شاری سەقز بە داخستنی  بازاڕی شار، بەرانبەر بە داخرانی سنوورەکان و فشاری  ناوندە پێوەندیدارەکان بەسەر چینی کۆڵبەر و کاسبکار ، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی کوردستان، کاسبکار و دووکاندارانی شارەکانی جوانڕۆ لە سێیەمین رۆژی مانگرتنیان ، ئەمڕۆ ٢٨ی خاکەلێوە لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە کۆبوونەوە.

هەروەها لە شارەکانی  بانە و سەقز و مەریوانیش خەڵکی ناڕازی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و،  بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ  لە سەرشەقام  ” بە نیشانەی ئاستی هەژاری ودەسکورتی” و،  نووسینی دروشمی پێوەندی‌دار ، بەرانبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان و داخرانی سنوورەکان وەکوو تاقە ڕێگایەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لە شاری مەریوان و سەقزیش خەڵکی کەسبکار و زەحمەتکێشی ئەو دوو شارە،  دەستیان داوەتە مانگرتن و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردوە.
جێی وەبیرهێنانەوەی لە دەسپێکی ساڵی نوێی هەتاوی، ئەمە دوویەمین جارە کە دووکانداران و کاسبکارانی شارە سنوورییەکانی کوردستان بەرانبەر بە داخستنی سنوورە کۆڵبەر و لاوەکییەکان، مانیان‌ گرتووە.