ڕێورەسمی دووهەمین خولی “خەڵاتی ماف بۆ جیهانی دوور لە مین” بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتیی فەرهەنگی و هونەری و ژمارەیەک لە خەڵکی ئاسایی لە ساڵۆنی ژمارە ٢ی پەردیسی سینما بەهمەنی سنە بەرێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە، بۆ دووهەمین جار ڕێوڕەسمی “خەڵاتی ماف بۆ جیهانی دوور لە مین” دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و تێیدا، خەڵاتەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بۆ ئەمساڵ دابەش کران.
ئەو ڕێوڕەسمە، لە سێ بەشی کورتە فیلم، وێنە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە زیان و لێکەوتەکانی مین بەڕێوەچوو.
دوکتور ئەسعەد ئەردەڵان یەکێک لە کەسایەتییە حقووقییەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بوو کە سەبارەت بە مەترسییەکانی مین و ڕۆڵی دامەزراوە مەدەنییەکان لە ئامووزشی مەترسییەکانی مین و ڕێژەی لێکەوتەکانی چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێورەسمەدا، “یەڵدا عەباسی” هونەرمەندی ناسراوی کورد خەڵکی شاری خۆراسان لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە وەکوو باڵوێزی دامەرزاوەی ماف دەسنیشان کرا.
هەروەها خەڵاتی دامەزراوەی ماف لە بواری لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی مین بە دوکتور نەجمەدین قورەیشی پێشکەش کرا و کورتە فیلمی “زنگ ورزش” لە دەرهێنەری جەبار ساڵحی خەڵاتی وەرگرت؛ هەروەها خەڵاتی ماف لە بواری وێنەگرییەوە پێشکەش بە وێنەگران “ئارش خامووش، بەهمەن شەهبازی، شەهین عەباسی و زەهرا زاهدی” کرا.
چەند ڕۆژنامەنووسی دیکەش بە ناوەکانی خاتوو جودەکی لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی، هوشیار بابایی لە دەنگی کوردستان دیاریی ئەو ڕیوڕەسمەیان پێدرا.
شایانی باسە ئەو فیستیڤاڵەی بۆ زانیاری گەیاندن لە بواری مەترسییەکانی مین و کەم کردنەوەی ڕێژەی قوربانیانی تەقینەوەی مین بوو کە تا بتوانن ڕێژەی زیانەکانی کەمتر بکرێنەوە.