٣ ده‌سبه‌سه‌ركراوی كورد له زیندانی میاندواو كه به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی لە هەمبەر دادستانی میانداو و ئیداره‌ی ئیتلاعات له پێدانی مه‌ره‌خه‌سی مانیان له خواردن گرتبوو، ڕۆژی ڕابردوو كۆتاییان پێ هێنا.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٩ خاكه‌لێوه، ٣ به‌ندكراوی سیاسی به ناوه‌كانی میلاد عه‌بدی، ههڵكهت عه‌بدوڵاهی و سه‌عید سیاهی به‌هۆی دژایه‌تی كردنی دادستانی میانداو و ئیداره‌ی ئیتلاعات له پێدانی مه‌ره‌خه‌سی مانیان له خواردن گرتبوو و پاش گواستنه‌وه‌یان بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی زیندان ڕۆژی ڕابردوو به پێدانی واده و، به‌ڵێنی كاربه‌ده‌ستانی زیندان كۆتاییان به مانگرتن هێنا و بۆ به‌ندی گشتیی ئه‌و زیندانه گه‌ڕێندرانه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نیزیك و ئاگادار له‌و پێوه‌ندییه‌دا گوتی، له ماوه‌ی 2 حه‌وتووی ڕابردوودا له‌وانه‌یه مه‌ره‌خه‌سیان پێ بدرێ.
له كۆتایی پاییزی ساڵی ١٣٩٤ ههڵكهت عه‌بدوڵاهی، میلاد عه‌بدی و سه‌عید سیاهی له‌گه‌ڵ سلێمان كەیری، مسته‌فا ته‌هازاده و كه‌ماڵ ئه‌حمه‌دنژاد له ئاوایی گامێشلۆلیی سه‌ربه ئاڵەشین به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی یه‌كێك له حیزبه به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و به تۆمه‌تی كوشتنی پاسدار هاشم زه‌یناڵی ده‌سبه‌سه‌ر و دانپێدانی زۆره‌ملێ و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌سبه‌سه‌ركرابوون.
ڕۆژی ٢٨ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٩٥ ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌و به‌ندكراوه‌ی دادگایی كرد و حوكمی ئێعدامی بۆ كه‌ماڵ ئه‌حمه‌د نژاد و حوكمی ١٥ ساڵی بۆ هه‌ركام له‌و به‌ندكراوانه بڕییه‌وه.