Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۸ | 17/11/2019 | کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

لۆزان؛ کەمتر لە دوو هەفتە

20/06/2015 | 11:55:40
+A
-A
رەحمان پیرۆتی

پەروەندەی ناوکی ئێران، زیاتر لە ١٢ ساڵ لە تەمەنی تێدەپەڕێ و تا ئێستا رێککەوتننامەکانی سەعدئاباد (٢٠٠٣)، بروکسێل (٢٠٠٤)، پاریس (٢٠٠٤) و خولەکانی دانوستاندنی نیۆیۆرک، ژێنێڤی ٤، ژێنێڤی ٥ و ژێنێڤی ٦ی وەپشت سەر ناوە. ئاکامی ئەو پرۆسە درێژماوە، رێککەتننامەی لۆزان بوو کە چوارچێوەی رێککەوتننامەی کۆتایی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ی دەستەبەر کرد و مەودایەکی زەمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر دیاری کرد. رێککەتننامەی لۆزان، تا ٣٠ ژوئەنی ٢٠١٥، واتا کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە، مۆڵەتی بۆ دیاری کراوە تا بڕیاری سیاسی بۆ چارەسەری پرسەکان بدرێ و لەسەر وردەکارییەکانی پێوەندیدار بەو پرسە کۆدەنگی ساز بێ.
رەهەندە جۆراوجۆرەکانی رێککەوتننامەی لۆزان، چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ گەمارۆکانی سەر ئێران، پرۆتۆکۆلی هاوپێچکراو و چاودێری کردنی بنکە ناوکی و پێگە نیزامی¬یەکانی ئێران جێی باس و تێڕوانینی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی¬یەکان بووە، و پەراوێزی سیاسی و تەبلیغاتی گەرموگوڕی بۆ دروستبووە.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی،بە شێوەی لاوەکی پشتیوانی لە رێکەوتنی لۆزان کردووە و بەو پێیە کە ئاگاداری ورد و درشتی وتووێژەکانە؛ کەواتە کەم¬کرانەوەی رئاکتۆرەکان، راگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆمی سەروو ٢٠ لەسەد، داخرانی کارخانەی ئەراک و راگیرانی ناوەندی فۆردوو، بە بڕیاری ناوبراو بووە. خامنەیی ئێستا لەلایان لایەنگرانی بناژۆخوازی تۆمەتبار دەکرێ کە لەژێر گوشاری دەوڵەت و لە رەوشێکی دوور لە “نەرمی¬نواندنی قارەمانانە” ناچار بە قبووڵ¬کردنی وتووێژ، دیالۆگ لەگەڵ ئەمریکا و رێککەوتنی لۆزان بووە.
ئەو بابەتە، چەندین جار لە مەجلیسی شووڕای ئیسلامیش تاوتوێ کراوە. لە نوێترین هەنگاو، لە رۆژانی رابردوو مەجلیس گەڵاڵەی “پابەندکردنی دەوڵەت بە پاراستنی دەسکەوت و مافە ناوکی¬یەکان”، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشنیار و پێداچوونەوەی بۆ کرابوو، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرد. ئەو پەسەندکراوە، ئاکامی دانوستاندنە ناوکی¬یەکان، کاتێک بە فەرمی دەناسێ کە “تەواوی گەمارۆکان وەکوو بەشێک لە رێککەوتننامە لە رۆژی رێککەوتن بە تەواوێتی هەڵبگیرێن”. هەروەها بە گوێڕەی ئەو پەسەندکراوەیە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئیزنی چاودێری کردنی بنکە ناوکی¬یەکانی هەیە بەڵام “مافی دەستڕاگەیشتن بە پێگە نیزامی، ئەمنییەتی و ناناوکی¬یەکان، بەڵگەنامە و زانایانی ئەتۆمی” نییە.
پەسەندکرانی ئەو گەڵاڵەیە، بە مانای لەمپەر خستنە سەر رێگای دانوستاندنەکان و بەتایبەتی قبووڵ¬کردنی پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی دەژمێردرێ. زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە: بەبێ قبووڵ کردنی پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی، رێککەوتننامەی ناوکی لۆزان کردەیی نییە. پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی، لە ساڵی ١٩٩٧، بۆ بە‌هێزکردنی بڕگەکانی بەڵێننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکە ناوکی¬یەکان-ئێن پی تی- پەسەند کرا. پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی، دەرفەتی چاودێری کردن و پشکینی گشت بنکە ناوکی و پێگە نیزامی¬یەکانی ئێران بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی دەرەخسێنێ. بە قبووڵ-کردنی پرۆتۆکۆل، پشکێنەرانی بنکە ناوکی و نیزامی¬یەکان لەناکاو دەبێ و ئەگەری نهێنی¬کاری بۆ ئێران زۆر بەرتەسک دەکا. ئێران لە کۆتایی دەورانی سەرۆکایەتی محەممەد خاتەمی، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە ئەو پرۆتۆکۆلەی قبووڵ کرد؛ بەڵام پاش دوو ساڵ، مەجلیس کردەیی¬ کرانی ئەو پرۆتۆکۆلەی هەڵپەسارد.
ململانێ لەسەر قبووڵ¬کرانی رێککەتننامەی لۆزان و پرۆتۆکۆلی هاوپێچکراو، ریزبەندیی سیاسیی لایەنەکانی جیددی¬تر کردووە. بناژۆخوازان ئەو کارە، بە مانای جاسووسی فەرمی لە بنکە و بارەگاکانی ئێران لێکدەدەنەوە و پێیان وایە ئەو هەنگاوە خزمەت بە دوژمنانی نیزام دەکا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە رێفۆرمخوازن و لایەنگرانی دەوڵەت، قبووڵ¬کرانی ئەو پرۆتۆکۆلە بە پێویست دەزانن و هەڵگیرانی گەمارۆکان، دەبەستنەوە بە قبووڵ¬کردنی پێش-مەرجەکانی رۆژئاوا و یەک لەوان پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی.
هەڵگیران یان لانیکەم سووک¬بوونی گەمارۆکان، گرینگترین بابەت بۆ کۆماری ئیسلامییە. حەسەن رووحانی، هەفتەی رابردوو لە رێوڕەسمی “خەڵاتی ساڵانەی ژینگە” بە هێرش¬کردنە سەر حکومەتی پێشوو، بە ئاماژە بەوە کە “هەندێ کەس نەیاندەزانی گەمارۆ چییە و چ کاریگەری¬یەکیان دەبێ”، جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردەوە کە گەمارۆکان دەبی هەڵگیرێن تا بە راکێشانی سەرمایە، کێشەکانی وڵات چارەسەر بن. روحانی ئەو بابەتەی ورووژاندووە کە کێشەکانی وڵات، لە “ئاوی خواردنەوە”ڕا بگرە تا “پرسە ئابووری¬یەکان” بەستراونەتەوە بە هەڵگیرانی گەمارۆکان. لە لێدوانێکی هاوشێوەدا هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیی نیزام، بە توندی هێرشی کردۆتە سەر دژبەرانی رێککەوتن، و سازان لەگەڵ دنیای دەرەوەی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نالەبارەی باڵی بەسەر ئێران¬دا کێشاوە بە پێویست زانیوە و گوتوویەتی ” گەمارۆکان پشتی خەڵکیان شکاندووە”.
جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانی¬دا ئاماژەی بەوە داوە کە “زانیاری تەواومان لە هەندێ چالاکی¬ نیزامی¬ پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی هەیە و دڵنیاین کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی بەکارهێنانی وزەی ناوکی¬ بە مەبەستی نیزامی داوە” و پێویستە “نیگەرانییەکان سەبارەت بە رەهەندی نیزامی بەرنامەی ناوکی ئێران بڕەوێتەوە.”بەو پێیە کۆماری ئیسلامی، بۆ هەڵگیرانی گەمارۆکان، ناچارە وڵامدەری نیگەرانییەکانی وڵاتانی دەرەوە بێ، پرۆتۆکۆلی ئێلحاقی پەسەند بکا و دەرفەتی پشکنین لە بنکە و بارەگا نیزامی¬یەکان بۆ چاوەدێرانی نێودەوڵەتی بڕەخسێنێ.
کەمتر لە دوو هەفتە تا کۆتایی هاتنی کاتی دیاریکراوی وتووێژە ناوکی¬یەکان لەبەردەست ماوە، بەڵام نیشانەیەکی بەهێز لە چارەسەربوونی لەمپەرەکانی بەردەم رێککەوتن لەو ماوەیەدا بەدی ناکرێ. ئەگەری شکست¬هێنانی وتووێژەکان زۆر کەمە و پێدەچێ جارێکی دیکەش ماوەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام تەنانەت بە ئاکام گەیشتنی دانوستاندنەکانیش، بە مانای سەرکەوتن بۆ کۆماری ئیسلامی نییە؛ بەو هۆیە کە هەڵەبوونی ستراتێژی¬یەکەی دەسەلمێنێ، چالاکی¬یەکانیان تەواو بەرتەسک دەکا، ریزی لایەنگرانی بناژۆخوازی حکومەت تووشی داڕمان دەکا و بەکردەوە کۆماری ئیسلامی لە دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی لانیکەم بۆ ماوەی نزیک بە دە ساڵ دوور دەخاتەوە.