نۆسرەت محەممەدی خێزانی حەسەن ئەحمەدیان پێشمەرگەی دێرین حیزب و هەروەها خوشکی یەکێک لە شەهیدە سەرفەرازەکانی حیزبی دێموکرات بە ناوی محەممەد محەممەدی لە ناوچەی سەقز، لە تەمەنی ٨٥ ساڵەی کۆچیدوایی کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لە سەقزەوە بە دەستمان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە خاتوو نۆسرەت محەممەدی بە هۆی نەخۆشییەوە لە گوندی هەوی سەربەناوچەی تیلەکۆی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جێیوەبیرهێنانەوەیە خوالێخۆشبوو خێرانی کاک حەسەن ئەحمەدیانە، کە لە ساڵانی ٥٨تا ٦٤ی هەتاوی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە.
حەسەن ئەحمەدیان کاتێک کە بە مەبەستی سەردانی ماڵ و خێرانی دەگەڕێتەوە گوندی هەوی، لە لایەن سیخوڕ و بەکرێگیراوانەوە ڕاپۆڕتی لەسەر دەدرێ و دوای چەند کاتژمێر دەرگیری لە گەڵ چەکدارانی رێژیم بە برینداری دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٨ساڵ لە بەندیخانە ڕاگیراو، پاش چەندمانگ لە ئازادبوونی کوچی دوایی دەکا.
هەروەها شەهید محەممەد محەممەدی برای خاتوو نۆسرەت ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونی جاددەی سەقز بۆ سنە کە لە نێوان هێزی داگیرکەر و خەباتکارانی دێموکرات رووی دا، ئازایانە بەرگری لە خاکی وڵات کرد و، بە سەر بڵیندیەوە گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە خەڵکی ناوچەی تیلەکۆی سەقز، بەتایبەتی بنەماڵەی خاتوو نۆسرەت محەممەدی خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.