سارم خان سادقوەزیری کەسایەتێکی ئازادیخواز و، پارێزەری دێرینی خەڵکی چەوساوەی کوردستان دوای تەمەنێک تێکۆشان لە پێناوی مرۆڤایەتی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد، لە تەمەنی ٩٧ساڵەیی لە وڵاتی سوئیس ماڵاوایی لە ژیان کرد.
سارم خان سادقوەزیری کەسایەتێو ئازادیخوازێکی دەروەستە و سیاسەتمەدارێکی ڕاستگۆ و قازی و پارێزەرێکی خاوەن ئەخلاق و کەرامەتی کوردانە بوو، کە بە هۆی کۆڵنەدانی لە پێناو ئازادی وسەربەستیی گەلەکەی سیمایەکی هەرە ناسراوە لە کۆڕوکۆمەڵی سیاسییەکانی ئێران و کوردستان و زیاتر لە نیو سەدە وەکوو کەسێکی ئاشتیخواز و مافویست خزمەتی بە گەلانی ئێران و بەتایبەتی بە گەلی کورد کرد.
ئەو تێکۆشەرە بە پێی ژیاننەمەیەک کە بڵاو کراوەتەوە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک دەبێ و تا پۆلی ٥ی سەرەتایی لە قوتابخانەی شاپووری سنە دەخوێنێ و دواتر بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە شاری تەورێز و لەوێدا دیپلۆمی زانستی وەردەگرێ.
پاش ماوەیەک بە هۆی هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتی ئێران واتە ساڵی ١٣٢٠ ناتوانێ درێژە بە خویندن بداو بۆ ماوەیەک لە دەبیرستانەکانی شاری سنە مامۆستایەتی دەکا.
دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دادپەروەری لە زانستگەی قەزایی تاران، لە دادگاکانی ئەو شارە چەندین بەرپرسایەتی باڵای دادوەری لە ئەستۆ دەگرێ هەتا لە کۆدێتای ٢٨ی گەلاوێژ بۆ ماوەیەک دەسبەسەر دەکرێ.
سارم سادقوەزیری هاوکات کە بازڕەسی گشتیی وڵات بووە و لە تەنێشت کاری قەزایی لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیش غافڵ نەبووەو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵگەی دادوەران و کارمەندانی دادگوستەری دەبێ کە زیاتر لە ٤٠٠ قازی لەویدا ئەندامبوون.
هەروەها بەرپرس و سەرنووسەری رۆژنامەی ئەو ڕێکخراوە دادوەرییە دەبێ.
ساڵی ١٣٢٥ بە هاوکاری چەندین کەس لە کوردانی نیشتەجێی تاران، دامەزراوەیەک بەناوی کوردستانیانی تاران دادەمەزرێنێ کە بەهۆی کەشی سیاسی ئەوکاتی ئێران، زۆری نەخایاند و هەڵوەشایەوە.
ساڵی ١٣٢٩ ی هەتاوی بۆ بە ئەندامی ڕێکخراوی مافناسانی دێموکرات، دوای کۆدێتای ٢٨ی گەلاوێژ لە یەکەمین زیندانیانی سیاسیی ئێرانو کوردستانە کە ماوەیەک بۆ زیندانی “قەڵای فەلەکوولئەفلاکی” “خۆڕماوا” دوور دەخرێتەوە و دوای گەڕاندنەوەشی بۆ تاران سەرلەنوێ بەتاوانی هەوڵدان بۆ رووخاندنی رێژیمی پاشایەتی بە حوکمی دادسەرای ئەڕتەش ٩مانگ لە گرتووخانەی ئەڕتەش دەسبەسەر دەکرێ و دواتر بۆ زیندانی تاکەکەسیی لە “عێشرەت ئاباد” گواستراوەتەوە .
پاش ١٤ مانگ ڕاگرتنی لە گرتووخانەو ژووری تاکەکەسیی حوکمی سێدارەی بۆ دەبڕنەوەو پاش ماوەیەک حوکمەکەی بە زیندانی تاهەتایی دەشکێ و دواتر بەهۆی هەوڵی دۆستانی لە نێو دادسەرای ئەڕتەش پاش چوارساڵ ئازاد دەبێ.
ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٦ ی هەتاوی لە ڕێکخستن و تێکۆشان بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەوری بەرچاوی هەبووەو بۆ ئەومەبەستەش رۆژنامەی “برووسکە” دەردەکا.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، وەکوو کەسایەتییەکی بەرچاو و مافناسێکی دڵسۆز و تێکۆشەرێکی ڕاستگۆ بۆ یەکگرتن و یەکریزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ماندوویینەناسانە هەوڵی داو لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لەسەروبەندی شەڕو ئاڵۆزییەکانی کوردستان لەگەڵ وەزیری وڵات سەردانی شاری سنە دەکا و بە داهێنانی خۆی و لێزانی سیاسی و حقوقی، شەڕی شاری سنە ڕادەگرێ و پیشنیاری شوڕای شار و ڕادەست کردن و دابەشکردنی دەسەڵاتی خۆجێی گەڵاڵە دەکا.
سارم خان سادقوەزیری بۆ هەفدەیەمین خولی مەجلیسی شوڕای میللی بە پاڵپشتی حیزبی دێموکڕات وەکوو نوێنەری خەڵکی شاری مەهاباد زۆرترین دەنگی هێناوە کە دواتر ڕەد کرایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزنەرخاندنی کۆی تێکۆشان و خەمخۆرییەکانی سارم خان سادقوەزیری، گەرمترین سەرەخۆشی خۆی پیشکەش بە سەرجەم ئازادیخوازان و مافناسانی دەروەستی کورد و بەتایبەتی بنەماڵەی گەورەی سادقوەزیری دەکا و لە خەمی لە دەستدانی ئەو بەرێزە خۆی بە شەریک و، بەشدار دەزانێ.
یاد وناوی سارم سادقوەزیری لە یادی تێکۆشەران و خەباتکارانی کورد بۆ هەمیشە دەمێنیتەوە.