لە گەورەدێ قوریچیا سەر بە شاری دێولان، یەکەمین فستیڤاڵی کەلەپووری و تایبەت بە گەمە و یارییە کوردییەکان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە لە ژێرچاوەدێری ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری دێولان و، بە بەشداری چەندین گرووپ و تیمی جیاجیا لە گوندەکانی شاری دێولان فیستیڤاڵی گەمە کوردییەکان لە قوریچیا بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردستان و کورد ، بەشێک لەو فستیڤاڵە کە تایبەت کرابوو بە گەمە و یارییە کوردییەکان وەکوو بەشێک لە کەپوور، چەندین گرووپ لە مێرمنداڵان و لاوانی خەڵکی ناوچەی لەیلاخ لە گەمە و وەرزش گەلێک وەک( گەشتیلان، شاڵ دەورمێخی، زۆردەس، تەناف کێشان، دەستماڵ ڕەفاندن) کەوتنە کێبەرکێی کردن و، لە کۆتاییدا گرووپە سەرکەوتووەکان خەڵات کران.
لە درێژەی ئەو فستیڤاڵەش چەندین بڕگەی دیکەش لەسەر کەلەپووری ناوچەی لەیلاخ نواندران و، لە یەکێک لە ژوورەکانی ئەو فستیڤاڵە کۆمەڵێک لە بەرهەمی کوردەواری وەکوو کەرەسە و کەلوپەلی قەدیمی و بەشیک لە کەلوپەکی کۆن و تایبەت بە ژیانی گوند نشێنی و جووتیاری پێشاندران.
شیاوی باسە لە دەسپێکی ئەو فستیڤاڵە کۆمەڵێک لە لاوانی تکواندۆکارو منداڵانی ژیمناستیککار، لێهاتوویی خۆیانیان بە بەشداربووان نیشان دا.
لە بڕگەی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بە خواردنی کوردەواری پێشوازی لە خەڵکی بەشدار بوو کراو، دواتر هونەرمەند سەعدوڵڵا نەسیری کە بوو ئەو فستیڤاڵە بانگهێشت کرا بوو، لە کەشێکی هونەری و حیماسیدا چەندین گۆرانی و مەقامی لە مووسیقی ناوچەی لەیلاخ و هەروەها یەک دوو ئاوازی لە بەرەهەمەکانی خۆی لە ژێر ناوی(ئەی شەماڵ ــ دایە نەورۆزانە ـ عەفرین)ی پێشکەش کرد.
جێیئاماژەیە ئەو فستیڤاڵە بە ساز ودەهۆڵ کە جێگای تایبەتیان لە مووسیقی فۆلکلۆریکی ناوچەی لەیلاخ هەیە ، هەروەها هەڵپەرکێی کچان و کوڕانی قوریچیا ڕازایەوە.
شیاوی باسە کە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵەگەلی هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ناساندن و زیندووڕاگرتنی بەشێک لە کەلتوور و کەلەپووری کوردەواری بۆ نەوێ نوێ، کاریگەریی هەیە و بە هاوکاری کەسانی خەمخۆر هەر ساڵە چەندین نموونەی هاوشێوە، لە شار و گوندەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێ.