دایە خەزێم جەوانمەردی ژنێکی خەمخۆر و دێموکراتدۆست و یەکێک لە گەنجینە بەنرخەکانی ئەدەبی فۆلکلۆریکی ناوچەی موکریان، رۆژی ١٨ی خاکەلێوەی ٩٧ی هەتاوی بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە گوندی سڵامەت، لە ناوچەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خەزێم جەوانمەردی خەڵکی گوندی سڵامەت سەر بە ناوچەی گەورکایەتی بۆکان خێزانی ڕەحمان یووسفی، بە خۆی و بنەماڵەکەیەوە شوێنی متمانەی تێکۆشەرانی دێموکرات بوون لە ناوچەی بۆکان و لە ساڵانی خەباتی چەکداریی لە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە بە هەموو توانایەکەوە خزمەتی بە کادرو پیشمەرگەکانی دێموکرات کردوە و، بە سەدان گۆرەوی و پۆزەوانەی بە دەست وپەنجە ڕەنگینەکانی خۆی بۆ پێشمەرگەکانی دێموکرات چنیوە.
ئەو ژنە ئازا و روحسووکە، بۆ خەباتکارانی دێموکرات دایکێکی دڵسۆز و یارێکی وەفادار بوو.
هەروەها دایە خەزێم بە لێهاتوویی خۆیەوە بەشێکی بەنرخی لە ئەدەبی زارەکیی ناوچەی موکریانی لە بەر کردبوو. یەکێك بوو لە سەرچاوەکانی کتێبی “ئەدەبی زارەکیی موکریان” کە سەلاح پایانیانی گرد و کۆی کردووتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆی زەحمەتەکانی ئەو دایکە دڵسۆزە بەرز دەنرخێنێ و، وێڕای سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم خەڵکی ناوچە بۆکان بە تایبەتی بنەماڵەی دایە خەزێم جەوانمەردی و بنەماڵەی یووسفی هیوای سڵامەتی و سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ و گیانی دایە خەزێم جەوانمەردیش شادبێ.