یەکێک لە بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام باسی لە بوونی ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن لە ئاستی ئێراندا کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “مێهر”ی ئیلام، جێگری وەزارەتی تەعاون و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، کە لە ئاستی ئێراندا ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن هەیە.
ئەحمەد میدری لە کاتی سەردانی بۆ شاری دێهلۆڕان ڕایگەیاند: یەکێک لە گرینگترین بەرنامەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی منداڵانی بەجێماو لە خوێندنە و زیاتر لە ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن لە ئێراندا بوونیان هەیە کە لەو ڕێژەیە ٢٠ هەزار منداڵ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەژین
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا بەڵێنیدا کە بە هاوکاری بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمداد منداڵانی بەجێماو لە خوێندن بۆ قوتابخانەکانی خوێندە بگەڕێننەوە.
هەروەها هەواڵدەریی “ئیلنا”ش بڵاویکردووەتەوە کە لەو ڕێژەیە سەدی ٤٩ی لە کوڕان و سەدی ٥١شی لە کچەکانیش پێکهاتووە کە لە ئاستئ تەمەنیی نێوان ١٠ هەتا ١٢ ساڵ دان کە زیاترە لە گوندەکان دەژین.
بەپێی بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدان، قەراربووهەتا کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٤، دیاردەی نەخوێندەواری لە ئێران بنبڕ بکرێ، بەڵام ڕێکخراوی توێژینەوەی گشتی وڵات لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە سەرەڕای ڕەوتی کەمکردنەوەی نەخوێندەواری ئێران، ٧٥ ساڵی دیکە پێویستە کە نەخوێندەواری بنبڕ بکرێ.